پەتای کۆڕۆنا و جەنگی جیهانی سێیەم…!
پەتای کۆڕۆنا و جەنگی جیهانی سێیەم…!
نووسینی: کەریم کەریم
لەوکاتەوەی کە مرۆڤ بوونی هەیە لەم گۆی زەوییەدا ئەوا هەمیشە رووبەڕوی جۆرەها کێشە و گرفت و ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی بووەتەوە لەنێوان ئەقلیەتێکی زۆر کەم کەهەموو کاتێک دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە گرتووە کەچینی بۆرژوازی نوێنەرایەتی دەکات و ئەویتریان کەزۆربەی زۆری کۆمەڵگە پێک دەهێنێت کەخاوەنی هیچ دەسەڵاتێک و سەرمایەک نین کە تەنها هێزی کاری خۆیان نەبێت کەبیفرۆشن لەچینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و گشت توێژەکانی تری کۆمەڵگە پێک دەهێنن. ئاشکرا و ڕوونە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی رووبەڕووی دوو جەنگی جیهانی خوێناوی بووەتەوە کەئەویش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم. تەنها لەم دوو جەنگە جیهانییەدا بەملیۆن ئینسان بوونە سووتەمەنی و قوربانی. سەرەڕای بریندار بوون و کەم ئەندام بوونی بەهەزارەها ئینسانی تر کەبوونە خۆرکی ئەم دوو جەنگە جیهانییە خوێناوییە. هەر لەم دوو جەنگە جیهانییەدا چەندین ئامێری سەربازی دژ بەیەکتری بەکارهێنرا لەچەشنی فڕۆکەی سەربازی و تانک و مووشەک و کەشتی دەریایی و جۆرەها چەکی قورس و سووک و …هتد. جگە لەوەش بەفیڕۆدانی سەرەوت و سامانێکی لەڕادەبەدەر بەبێ ئەوەی هیچ سوود و قازانجێکی بۆ گشت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەبێت تەنها ماڵوێرانی و کاوڵکاری و سەرگەردانی نەبێت. هەر لەگەڵ تەواوبوونی ئەم دوو جەنگە جیهانییەدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەهیچ کات و زەرفییەتێکدا خۆشی و ئارامی بەخۆیەوە نەدیووە، بەڵکو بەردەوام رووبەڕووی چەندین جەنگی خوێناوی تر بوونەتەوە کە دەست پێشخەر و خوڵقێنەری هەموو جەنگەکان لەلایەن چینی بۆرژوازییەوە بووە کەنوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەکات. بەڵام دیارترین و پڕ مەترسیترین جەنگ کە بەجەنگی سارد ناودەبرێت لەنێوان هەر دوو بلۆکی شەرقی و غەریبی ڕوویدا کەچەندین ساڵی خایاند تا لەئەنجامدا لەساڵی ١٩٨٩دا کۆتایی بەجەنگی سارد هات و بەبێ ئەوەی هیچ چەک و ئامێرێکی سەربازی لەم جەنگدا بەکارهێنرا بێت. ئەم جەنگە لەقازانج و بەرژوەندی بلۆکی غەرب کۆتایی پێهات. جیهان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی روبەڕووی تاکە قووتبی و یەکلاییکردووە کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نوێنەرایەتی ئەم تاک قووتبەی جیهانی دەکەن تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت. هەر لەگەڵ تەواو بوونی جەنگی سارد دا سیستەمی سەرمایەداری جیهانی تەپڵی سەرکەوتنی خۆی لێدا بەسەر سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم دا. لەگەڵ ئەوەشدا بانگەوازکردن لەژێر ناوی نەزمی نوێی جیهانی بۆ نەمان و ڕووخاندنی گشت سەرکردە و سیستەمە فاشیزم و دیکتاتۆرەکان و بەدیهێنان و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و سیستەمی پەرلەمانتاری وەک ئەڵتەرناتیڤێک لەشوێن ئەوانەدا بۆ گشت گەلانی جیهان کە بەدیاری بۆیان هێناون بەتایبەتیش بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. هەر وەکو بینیمان دەست پێکردنی جەنگی ئەفغانستان و جەنگی کەندا و لەناوچوونی ڕژێمی فاشیزمی بەعس و خودی سەدام حوسێن و ڕاپەڕینی گەلانی عەرەب لەژێر ناوی بەهاری عەرەبی لەوڵاتانی تونس و لیبیا و میسر کەتیایدا کۆتایی بەدەسەڵاتی سیاسی و دیکتاتۆری بەم ڕژێمانە هات. لەم نێوەدا دیسانەوە بەملیۆنان ئینسان بوونە سووتەمەنی و قوربانی دان. جا لێرەدا زۆر بەپێویستی دەزانم وەک ڕێز و وەفادارییەک تێبینی و ئیشارەت بکەم بەنامیلکەیەکی هاوڕێی تێکۆشەر و شۆڕشگێر و بیرمەند و دامەزێنەری ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری هاوڕێی کۆچکردوو مەنسووری حیکمەت لەژێر ناونیشانی لەجیاوازییەکانی ئێمەدا زۆر بەڕوونی و سادەیی باسی لەڕووداوەکان و پێشهاتەکانی دوای جەنگی ساردی و تاکە قووتبی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی کردووە و ڕێگا چارەی ڕاست و دروستی بۆ ئێمەی بەجێ هێشتووە کەچۆن کۆمەڵگەی بەشەرییەت لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و ناعەداڵەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بووەستینەوە و درێژە بەتێکۆشان و خەباتکردن بدەین بۆ ڕووخاندنی چینی بۆرژوای کەنوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەکات لەپێناو بەدیهێنانی دونیایەکی باشتر بۆ سەرجەم کۆمەڵگەی بەشەرییەت.
چینی بۆرژوازی جیهانی بۆ مانەوە و بەهێزکردنی زیاتر لەدەسەڵات بەسەر تەواوی جیهاندا، هێرش و پەلامارەکانی خۆیان بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگەی بەشەرییەت زیاتر بەچڕ و پڕی دەستی پێکرد، بەڵام بەشێوازێکی زۆر سەرسووڕهێنەر بۆئەوەی هەرچی سەرمایەی زیاترە بۆ خۆیان کەڵەکە بکەن و هەیمەنە و باڵادەستی خۆیان بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا بگرن ئەویش لەڕێگای داهێنان و دروستکردن و بڵاوبوونەوەی پەتایەکی زۆر کوشندەی دژی تەواوی بەشەرییەت بەناوی پەتای کۆڕۆنای کۆڤید – ۱۹دا. جەنگی جیهانی سێیەم بەجەنگی پەتای کۆڕۆنا دەستی پێکردووە کەهەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم گۆی زەوییەی داپۆشیووە لەماڵەکان، کۆڵانەکان، شارەکان، وڵاتەکان، کیشوەرەکان و تەواوی جیهان بەبێ ئەوەی یەک فشەک بتەقێنێت. هیچ شوێنێک لەم جیهانە پان و بەرینە نەماوە کەپەتای کۆڕۆنای تیایدا نەبێت و بگرە ئاسمانیشی داپۆشیووە و داگیرکردەوە. تۆ بزانە و تەماشا بکە کەچۆن سیستەمی بەربەرییەت و وەحشگەری سەرمایەداری جیهانی کەوتوونەتە گیانی خەڵک و هەموو خەڵکیان خستۆتە ناو ماڵەکانی خۆیان و لەکار و کاسبی و لەهەموو چاڵاکییەکانی ژیان بێبەش و مەحرومی کردوون. سەرەڕای ئەوەش مەترسی تووشبوونی ئینسانەکان بەپەتای کۆڕۆنا لەهەر کات و ساتێکدا و لەدەستدانی ژیانیان. شتێکی حاشا هەڵنەگرە ڕۆژانە بەهەزارەها ئینسان تووشبوون بەپەتای کۆڕۆنا و بەهەزارەها ئینسانی تر دەبنە قوربانی و لەدەستدانی ژیانیان. ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانین و پڕ لەمەترسییە کەسیستەمی وەحشیگەری و زاڵمانەی سەرمایەداری کەهەرچی لەتوانایدا هەیە هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کەمرۆڤایەتی بەماندوبوون و قوربانی دان بەدەستی هێناوە ئەوا دەیانەوێ زۆر بەئاسانی بەچەکی پەتای کۆڕۆنا سەرکوت و زەوتی بکەن. بەئێمەیان وت، ئەوە ئێمەین دەتوانین هەموو شتێکتان لێ زەوت بکەین و ڕەوانەی ماڵەکانی خۆتان بکەین و لەهەموو خۆشی و ماف و ئازادی و کار و ژیانتان بێبەش و محروم بکەین. قابیلی قەبووڵ نییە کەجارێکی تر خەڵک بەئازادی و ئارزووی دڵی خۆیان بێنە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان لەدژی ئێمە بۆ داواکردنی داخوازی و داواکارییەکانتان. چینی بۆرژوازی جیهانی کەنوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەکات هەر بەڕشتنی خوێن و بە لەناوبردنی ئینسانەکان لەڕێگای هەموو جۆرە جەنگەکان تینوێتی نەشکا و نەوەستا، بەڵکو هەر دوێنێ بوو ئاڵای جەنگی نەژاد پەرستی و ڕەگەز پەرستی و ڕاسیستی هەڵکرد لەتەک جەنگی پەتای کۆڕۆنا بەرامبەر بەئینسانە ڕەش پێستەکان بەتایبەتیش لە وڵاتی ئەمریکا. هەر وەکو بینیمان کەچۆن جۆرج فڵۆید بەدەستی یەکێک لەچەتەکانی دەزگای سەرکوتکەری پۆڵیسی ئەمریکا دەخنکرێت و دەکوژرێت. بەڵام پێش ئەوەی جۆرج فڵۆید کۆتایی بەژیانی بهێنرێت و گیان لەدەست بدات هاوار دەکات و ودەڵێ: تکایە، ناتوانم هەناسە بدەم. هەر لەگەڵ مەرگی جۆرج فڵۆید کە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە و وەحشیگەرانە کۆتایی بەژیانی ئەو پیاوە هێنا ئەوا هاووڵاتیانی ئەمریکا و جیهان بەهەموو چین و توێژەکانەوە هاتنە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان لەدژی زۆڵم و زۆرداری سیستەمی سەرمایەداری بەمەبەستی ئیدانە و ڕیسوا و شەرمەزاریکردنی دەسەڵاتی زاڵمانەی چینی بۆرژوازی کەچەندین ڕۆژی خایاند. تاوەکو دەهات ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر هەنگاوی دەنا و پەیکەری لینین لەخۆپیشاندانەکان دەبینراو و بەرز دەکرایەوە. حکومەتی بۆرژوازی ئەمریکا ترسێکی زۆر هەبوو کەئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بەرە و شۆڕشێکی کرێکاری و سوشیالیستی هەنگاو بنێ. بەڵام تا لەدواجاردا حوکمەتی وڵاتی ئەمریکا داوای لێبووردن لەخەڵکەکەی کرد و دانی بەتاوانەکەی دەزگای سەرکوتکەری پۆڵیسی وڵاتەکەی هێنا. تا ئەو جێگایەی کەزەروور و پێیویستە ئاماژە و قسەی لەسەر بکرێت ئەویش زەرفییەت و ژیان و گوزەرانکردنی هاووڵاتیانە لەوڵاتی عێراق و کوردستاندا. بەدڵنیاییەوە جەنگی پەتای کۆڕۆنا لەدەرەوەی بازنەی ئەم وڵات و هەرێمەدا نییە. بەپێچەوانەوە هاووڵاتیانی عێراقی و کوردستانی روبەڕووی گەورەترین مەترسی و لەناچوونی ئینسانەکان دەبێتەوە کەڕۆژانە بەسەدان و هەزارەها ئینسان تووشبوون بەپەتای کۆڕۆنا و گیان لەدەستدانی بەسەدەها لەئازیزەکانیان. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانین و تێبینی کردنە لەهەرێمی کوردستاندا هاووڵاتیانی کوردستان روبەڕووی گەورەترین و مەترسیترین کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە لەژێر دەسەڵاتی هەر دوو باندی مافیایی و هەر دوو حزبی بنەماڵەیی پارتی و یەکێتی دا. هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەیان ڕەوانەی ماڵەکانی خۆیان کردووە و کەرەنتیکراون بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ژیان و چارەنووسی خەڵک کەچۆن ژیان وگوزەران دەکەن کە لەهەموو وەسائیلەکانی ژیاندا بێبەش و محرووم کراون. لەم نێوەدا جگە لەجەنگی پەتای کۆڕۆنا، دەسەڵاتی بەربەرییەت و وەحشیگەری ناسیونالیستی و مەزهەبی لەکوردستاندا ماوەی نزیکەی ۳۰ ساڵە هێرش و پەڵامارەکانی خۆیان زیاتر چڕ و پڕ و فراوان کردۆتەوە بۆ سەر تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان لەچەشنی هێرش و پەلامارەکانیان بۆ چینی کرێکاران، زەحمەتکێشان، کاسبکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و گشت چین و توێژەکانی تری خەڵکی کوردستان بەتایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان کە هەر دوو مانگێک ئەگەر جارێک مووچەیەک بدەن کەئەویش زۆر بەزەحمەت و بەنیوەیی مووچەکانیان وەربگرن. سەرەڕای ئەوەش بەبێ ئەوەی هیچ گرنگی و حیسابێک بۆ خەڵکی کەرەنتینکراوی کوردستان بکەن لەبواری خزمەت گوزاری و تەندروستیدا کە بەگوێرەی پێویست نییە. سەرباری جەنگی پەتای کۆڕۆنا و ژیانکردن لەژێر دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵی هەر دوو حزبی بنەماڵەیی پارتی و یەکێتی دا گۆڕەپانی کوردستان بووەتە لەشکر کێشی سەربازەکانی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا لە ژێر ناوی لەناوبردنی چەکدارانی پەکەکە کەتاوەکو نووسینی ئەم بابەتە لەشکرکێشی و ملهوری تورکیا درێژەی هەیە. لەو نێوەدا چەندین گوند و ناحیە و قەزا لەناو خاکی باشووری کوردستاندا داگیرکراوە. سەرەڕای ئەوەی خەڵکێکی زۆری سڤیڵی ناوچە سنوورییەکان روبەڕووی کوشتن و ماڵوێرانی و سەرگەردانی بوونەتەوە. جگە لەوەش لەهەمان کاتدا دەوڵەتی ئاخوندی بەناو جمهوری ئیسلامی ئێران تۆپباران و مووشەک بارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەمەبەستی لێدان و چۆڵکردنی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران کە لەشوێنە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیرن. دیسانەوە خەڵکێکی زۆر لەگوند و دێهاتەکانی سەر سنوورەکان بوونەتە قوربانی و لەدەستدانی ژیان و گوزەرانیان لەناوچەکانی خۆیاندا.
بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی جێگای سەرنج و پێزانین و تێڕوانینە کەسیستەمی تەندروستی جیهانی بەپێی پێویست نەیتوانیوە بەرەنگاری جەنگی پەتای کۆڕۆنا ببێتەوە و ڕێگا چارەیەکی ڕاست و دروست بدۆزێتەوە بۆ بنبڕکردن و نەمانی پەتای کۆڕۆنا بەتەواوەتی. ئەمە لەلایەک، بەڵام لەلایەکی ترەوە چینی بۆرژواژی جیهانی کەخاوەنی سەدەها ترلیۆن دلاوەر و کۆمپانیای زەبەلاح و چەندەها جۆری بەرهەمێنانن ئەوانیش نەیانتانیوە لەبەردەم جەنگی پەتای کۆڕۆنا بوستنەوە و لەتەک خەم و ئێش و ئازارەکانی ئینسانەکاندا بن بەتوشبوون و مەرگی… بەهەزارەها ئینسان بەپەتای کۆڕۆنا. بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێ ئەو ڕاستییەش بووترێت و شتێکی حاشا هەڵنەگرە کەچینی بۆرژوازی و سیستەمی خوێنمژ و زاڵمانەی سەرمایەداری جیهانی خۆی لەخۆیدا لەبوحران و قەیرانێکی زۆر سەخت و دژوار و قووڵی ئابووریدایە و لەئێستادا ناتوانێ درێژە بەسیستەمی بەربەرییەت و وەحشیگەری خۆیان بدەن باشترین بەڵگەش هەر وەکو چۆن بینمان لەکەناڵە ڕاگەیاندنەکانی جیهان کە سەرۆکی ئەمریکا (دۆنالد جۆرج ترامپ) بەسەردانێکی چەند ڕۆژی خۆی گەیاندە دەولەتانی کەنداوی عەرەبی بەمەبەستی سواڵکردن و باج وەرگرتنی ملیارەها دۆلار لەسەرۆک و شانیشنی دەولەتانی کەنداوی عەرەبی کەچی لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی و ناتوانێ خۆی لەو ئەزمە چارهەڵنەگرە دەرباز بکات کە توشی هاتووە.
تاکە ڕێگایەک کەئێستا ماوەتەوە لەبەردەم گشت کۆمەڵگای بەشەرییەت بۆ ڕزگاربوون لەهەموو کێشە و گرفتێکی ژیانی ڕۆژانەیاندا بەتایبەتیش جەنگی پەتای کۆڕۆنا تەنها هاتنە مەیدانی دەست بەجێی گشت ئینسانەکانە بەهەموو چین و توێژەکانەوە، لەهەموو شوێنە جیاجیاکاندا بەهاوکاری و هاوپشتی و یەکڕیزی و ڕێکخراوەیی لەدەوری یەکتر کۆببنەوە بۆ روبەڕووبوونەوە لەدژی سیستەمی بەربەرییەت و وەحشیگەری سەرمایەداری لەتەواوی جیهاندا چونکە پەتای کۆڕۆنا، پەتایەکی سەرتاسەری و جیهانی و نێونەتەوەییە کەیەخەو بەرۆکی تاک بەتاکی کۆمەڵگای بەشەرییەتی گرتووە و شوێنێک نەماوە کەژیانێکی ئارام و ئاسایی تیایدا بژیت. جەنگی پەتای کۆڕۆنا، جەنگێکی پڕ لەمەترسی و لەناچوون و مەرگی بەهەزارەها و میلیۆنان لەئازیزەکانی ئێمەی بەدواوەیە. ئەگەر ئەم جەنگە بەراورد بکرێت لەگەڵ جەنگەکانی ترا کەڕوویداوە هەر وەکو لەپێشەکییەکەدا باس کراوە زۆر کاریگەر تر و کوشندە ترە کەدەرئەنجام و کارەساتی زۆر گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. هەر بۆیە جەنگی پەتای کۆڕۆنا بەجەنگی جیهانی سێیەم ناوی دەبەم، چونکە ئەم جەنگە ئەگەر کاریگەر و مەترسییەکانی بۆ تەواوی بەشەرییەت لەجەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و جەنگەکانی تر زیاتر نەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە و هەموو کون و قوژبن و کەلەبەرێکی ئەم جیهانەی داگرتۆتەوە و داپۆشیووە. ئەگەر کار و ژیانی ئینسانەکان بەم شکڵ و شێوەیە بڕوات لەوانەیە پەتای کۆڕۆنا ماوە و کاتێکی زۆری دەوێ بۆ نەمان و بنبڕکردنی و هیچ کەسێک نازانێ تاکەی ئەم پەتایە کۆتایی دێت. جا لەبەرئەوە هەر لەئێستادا جیهان زۆر پێویستی بەگۆڕانە و دەبێ ئەم جیهانە لەڕەگ و ڕیشەوە بگۆدرێت بەبیری سوشیالیستی شۆڕشگێری نێونەتەوەیی چونکە ئاشکرا و ڕوونە و وادەرکەوتووە بۆڕزگاربوونی تەواوی کۆمەڵگەی بەشەرییەت لەجەنگەکان (جەنگی پەتای کۆڕۆنا) و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان لەبواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییدا تەنها و تەنها هەڵکردنی ئاڵای سووری سۆشیالیزمە. تەنها بەدیل و ئەلتەرناتیڤی سۆشیالیزمە کەدەتوانێ هەڵاواردن و زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و نابەرابەری لەنێوان ئینسانەکاندا کۆتایی پێبهێنرێت. تەنها سۆشیالیزمە کەدەتوانێ جارێکی تر ئیرادە و هەیبەت و شکۆی ئینسانەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خوودی تاک بەتاکی کۆمەڵگە و چرای ڕووناکی و خۆشی و ئاسوودەیی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو هەموو ماڵەکان و گشت شوێنەکانی تری کار و ژیانی ئینسانەکان، نەک پەتای نەگریس و کوشندەی کۆڕۆنا.. جا پێویستە هەموو چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان و حزب و ڕێکخراوەکانی سۆشیالیستی و کۆمۆنیست و کرێکارییەکان هاوپشتی و یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەنێو خۆیاندا بەهێز و پتەو بکەن شان بەشانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و گشت توێژەکانی تری کۆمەڵگە بۆ ڕابەرایەتی و پێشڕەوایەتی کردنیان لەتەواوی شوێنی کار و ژیان و شوێنە جیا جیاکانی کۆمەڵگەدا بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێکی سۆشیالیستی شۆڕشگیری نێونەتەوەیی بۆ ڕووخاندن و ژێرە و ژوورکردنی چینی بۆرژوازی و سیستەمی بەربەرییەت و وەحشیگەری سەرمایەداری جیهانی و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سوشیالیستی کەتیایدا گشت ئینسانەکان لەگەڵ یەکتریدا بەیەکەوە بژین لەژیانێکی پڕ لەڕاستەقینەی خۆشگوزەرانی و ئینسان دۆستی و بێ چین و چەوساندنەوە و کۆتاییهێنان بەخاوەندارێتی تایبەت و دامەزراندنی دونیایەکی باشتر لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و دادپەوەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کۆمەڵگای بەشەری.