بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد

0
بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد
 
لەم ماڵە چۆڵەوە ترسنۆكی خۆم ڕادەگەێنم
مەشلولی خۆم بۆ دەروێشێكی
بێ ویژدان باس دەكەم
بەیانیان لەدەرگای ماڵی قەشەیەكی
نورانی دەدەم
ئینجیلە تۆراوەكان
دەبەمەوە بەر ماڵی مەغریبێكی حەزین
 
لێرەوە یاخی بوونی خۆم ڕادەگەێنم
بەدایكم، دەڵێم ئیتر لەكاتی نوێژ كردندا.
ڕوو نەكاتە قیبلە
پەنجەی شایەتومانی نەجوڵێنێت
 
لێرەوە تەنیایی. خۆم ڕادەگەێنم
بێزاری خۆم بەقەڵەمێكی مۆر دەنوسمەوە
غەریبی خۆم وەك گەڵای دار بەڕویەكی تەنیا هەڵدەپاچم
لێرەوە یاخی بوونی خۆم ڕادەگەیەنم
شێتی خۆم بۆ ڕوبارێكی سەر هەڵگرتو دەگێڕمەوە
 
كەسێكم نەدی ئاو بژەنێت
باران ژیركاتەوە
خوایەك لە بەفر دروستكات
عیسایەك لەدار داتاشێت
 
ئەوەی منی كوشت تۆنەبویت
ئەو بەیانیە بوو كەبەلاما دەڕۆشت و
ئاوڕێكی لێ نەدەدامەوەو
ئەو مناڵە سواڵكەرە بوو
كە بەبێ لێدانی دەرگا دەهاتە ژورێ و
شەڕی شكانی ئاوێنە و
ئەتككردنی ئینجانەكانی پێدەفرۆشتم
ئەوەی خۆمی لەخۆم جیادەكردەوە
تۆ نەبوویت
كوژرانی ئەو چۆلەكانە بوون كە لەپرسەی
نامە ئەرخەوانیەكانی خوادا دایان دەگیرساندن
وەك كراسی بەری ژنە شەهیدێك هەڵیان دەگێڕانەوەو
چەند جارێكیش ئەمدیوە و دیویان پێدەكردن
 
ئەوەی منی ترساند تۆ نەبوویت
ئەو ئێوارەیە بوو
كە بانگیان تیا نەدەدراو
پاساری خەونە كاڵەكانم باڵە فڕەیان تیا نەدەكرد
نازانم نا ئەم لاشە مردووەم چۆن چۆنی بنێژم
ئەم ڕۆحە شەكەتەم لەچ تابوتێكا زیندانیكەم
ئەم سێبەرە شكاوە چۆن لەخۆم بتۆرێنم
 
ئەوەی منی كوشت تۆ نەبوویت
ناڵە ناڵی ئەو دەروێشە چاو شینەبوو
كە شەوانە شەڕی لەگەڵ ئیبلیسدا دەكرد و
بەیانیانیش ڕۆحی بەشمشێرەكەیدا هەڵدەواسی
منێك من چۆن چۆنی بەلای كوژرانی خۆما بڕۆم و
خۆمم پێ هەڵنەگیرێتەوەو
دەستە تەزیوەكانم
لەگیرفانی شەرواڵە شڕەكەمدا بۆ حەشار نەدرێت…
حەکیم میرزا
Leave A Reply

Your email address will not be published.