کوردستان پێویستی بە کۆمۆنیزمە
کوردستان پێویستی بە کۆمۆنیزمە
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا ژیانی سادەی مرۆڤ، لەژێر دەسەڵاتی سەرمایە و بۆرژوازی لە کوردستان نەکەوتۆتە وەها تەنگانەیەکی قوڵ و سەرتاپاگیرەوە. نەبوونی هەرشتێک، نەبوونی ژیانێکی سەلامەت، پارێزراونەبوونی گیانی مرۆڤ، نەبوونی سیستەمێکی تەندروستی و نەبوون و دابین نەبوونی هیچ جۆرە بیمەیەکی تەندروستی و وێرانی سەرتاپاگیری خەستەخانەو بواری تەندروستی، نەبوونی سیستەمێکی خوێندن و پەروەردەو فێرکردن و بێدەرەتانی قوڵ و هەمەلایەنەی ژیانی فەرهەنگی و زانستی، وێرانی و داڕوخاوی بواری خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا، کێشەی کارو نان و ژیانی سادە، نەبوونی ئازادی و نەبوونی هیچ ئاسایشێکی سادەی ئابوری وسیاسی، سەرجەم ئەمانە سیمای هەموو ڕۆژەی ئەو ڕەزالەتەیە کە لە کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەو بۆرژوازی و حیزبە سیاسەکانی، لە ناسیۆنالیستیە کەیەوە تائیسلامیەکەی، لە وردە ئۆپۆزیسیۆنیەوە تا گەورەو حاکمەکەی، ناویان لێناوە ژیان.
کۆمەڵگایەکی بە حاڵی خۆی وێڵکراوی ژێردەسەڵاتی کۆمەڵە حیزبێکی بۆرژوا کە بە زۆری چەک و میلیشیا خەریکی پاسەوانی کردنن لەوحەوشە بێ دەگاو پەنجەرەیەی کاری هەرزان و کەڵەکەی سەرمایە. دەسەڵاتی کەمایەتیەکی میلیاردێری سەرمایەدار کە ئامادە نییە و ناتوانێ لانی کەمەکانی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە وەڵام بداتەوە و تەنانەت ئامادەیە جوڵانەوەی کرێکارو برسییەکان بۆ ئەولانی کەمانە بە قەهرو سەرکوت وەڵام بداتەوە و تەنانەت قوتی دەمیان، کرێ و موچەی کاری لێشاوێک لە کرێکارو مامۆستاو دکتۆرو پەرستار کە بە هۆیەوە کۆمەڵگە بە پێوە ڕاوەستاوە، بە بارمتە بگرێ، بەڵام لە بەرامبەر ملهوڕی سوپای دەوڵەتانی هاوچینەکانیان بۆسەر دورترین شوێن و ناوچەی ژیانی هاوڵاتیانێک کە بەناویانەوە ڕۆژ تائێوارە زۆر بڵێی دە کەن، بە شەرتی تێک نەچوونی بازاڕی کارو که سابەتیان، متەقیان لێنایەو بێدەست و پل و هیچ لە دەست نەهاتوون.
کەمتر لەمێژوودا واڕێککەوتوە کە کۆمەڵگایەک بەو شێوەیە هەرجۆرە دڵتەئمینی و ئاسایشێکی سیاسی و ئابوری لێ زەوت کرابێ.
بۆرژوازی کورد بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ توانی دەسەڵاتی بێ پشتیوانەی مافی حاکمیەتی خۆی، وەک پاسەوانی نەوت و گرێبەستە خەیاڵییەکان و دابینکردنی بازاڕێکی بێحیساب و کتاب بۆ کەڵەکەی سەرمایە، لەهەلومەرجی شێواوی گواستنەوە و لە دڵی بێ نەزمی و فەوزاو یەکلانەبوونەوەی مەسەلەی قودرەت دەوڵەت و بەقیمەتی سەپاندنی یەکێک لەناهەموارترین هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، بەسەر چینی کرێکارو کۆمەڵگە، درێژە پێ بدا.
بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی وەک قەوارەیەکی سیاسی میلیشیایی بێمافی حاکمیەت، کەتەنیا ئەرکی پاراستنی سەرمایە و کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازاڕی بێ حیساب وکتابی کاری هەرزان، تێپەڕاندنی دەیان گرێبەستی خەیاڵی سەرمایەگوزاری بووە، سەردەمی تەواوبووە و هیچ شەرعیەتێکی نەماوەو ئیتر خۆری سەردەمی زێڕینی ئەوقەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دیفاکتۆی بۆرژوزی کورد لەم فۆرمەی ئێستایدا بێکەڵک و بەسەرچووە. لەشکرکێشی و بۆردومانی ڕۆژانەی سوپای دەوڵەتەکەی ئۆردۆگان وگەڕانەوەی سوپای عێراق و هەڵواسران و ڕاوەستانی تەواوی ژیانی ئابوری و ئیداری وبێ ئەرک بوونی تەواوی بورژوازی کورد، بەڵگەی فارغ الواجبی و مەرەخس بوونی ئە م دەورو و دوکانەیە.
ئیتر چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان، ئیختیاراتی ئەوکۆمەڵگەیە لەپەیوەند بە چارەنوس و ئایندەی سیاسی خۆیەوە، مەسەلەی ئازادی و ئاسایش و لێڵ و نادیارە و بۆرژوازی کورد وەڵامێکی تری پێ نییە جگە لە کێشدانی ئەو هەلومەرجە تا ئەوپەڕی خۆی و درێژەدان بە پاسەوانی کردن لە قودرەتی خۆی و خۆ ئامادەکردن بۆ یەک کاسەکردنەوە یەکی زیاتری دەسەڵات لەگەڵ بۆرژازی لە عێراق.
ئەم سیناریۆیە، ئەم دورنمایە، درەنگ یا زوو خەریکە ڕوودەدا. هەلومەرج و پێداویستییەکانی ئەم هاوکاسەبوون و ئەم تێکەڵبوون و ئەنتەگرەبوونە سیاسی و ئابووریە لە قاڵبی بازاڕو دەوڵەتێکی یەکپارچەترو بەهێزتری بۆرژوازی کامەن و لە دڵی چ ڕەوەند گەلێکدا ئەم مەسەلەیە یەکلادەبێتەوە، هەرئێستا دەکرێ ببینرێ.
بەڵام ئایا کۆمەڵگەی کوردستان، چینی کرێکارو جەماوەری برسی و بێبەش ئامادەن چارەنوسی خۆیان بەم سیناریۆ یانەی بورژوازی بسپێرن و ژیان وئایندەی خۆیان، ئازادی وخۆشبەختیان بە گەزی بەرژەوەندیەکان و سیاسەتی ئەم کەمایەتییە سەرمایەدارەی کوردایەتی و حیزبە سیاسیەکانی بپێون؟
کۆمەڵگەی کورستان، چینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگە ڕێگایەکی تر، ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی و پەرچەمێکی تری ڕادیکاڵی سیاسیان بۆ بەرگری لەخۆ، بۆجەنگان لەپێناو دەرهێنانی تەواوی ئیختیاری ژیان و گوزەران و ئازادی وخۆشبەختیان لەدەستی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی و بە دەستەوەگرتنی ئیختیاری چارەنووسی خۆیان لەبەردەستە، ئەم کۆمەڵگەیە کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ و یەکسانیخوازی کرێکاریی هەیە کە هەرلەسەرەتاوە تائێستا، ئاڵای (نا) ی بە دەسەڵاتی بورژوازی، بە دەسەڵاتی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە، بە کوردایەتی و ناوەڕۆکە کۆنەپەرەست ودژی ئازادییەکەی، بە چارەنووسێک کە بورژوازی دەیەویست بیکاتە بەشی کرێکاران و بێبەشان بەرزکردەوە. چینی کرێکارو بێبەشان و کۆمەڵگەی کوردستان هێزێکی سیاسی، کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵی هەیە کەسەرباری هەموو تەنگانەکان، سەرباری هەموو گوشارەکان و قەهرو سەرکوتەکان، و سەرباری درۆهەڵبەستنی بێ ئەوپەڕ کە لەدژی بەکارهات، خۆی ڕادەست نەکرد، سازشی نەکردو نەچەمایەوەو بۆ یەک ڕۆژ لە (نا)ی خۆی بە دەسەڵاتی ئەم کەمایەتییە سەرمایەدارە، بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەسەرجەم حیزبەکانیەوە لە ناسیوناڵیستیەوە بۆ ئیسلامیەکەی بە پەرلەمان و میلیشیایەوە، نەهاتە خوارەوە.
کۆمەڵگەو چینی کرێکار لە کوردستان کۆمۆنیزمێکی هەیە کە هەر لەسەرەتاوە بەرلەوەی بورژوازی کورد لە دڵی سەرگەردانییەکی سیاسی و حقوقی کە بەسەر کورستاندا سەپێنرا، بکرێتە کوێخا، لە ڕێگەی شێوازی شورایی وجوڵانەوەی شوراکانەوە و لە ڕێگەی پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەرییە ڕادیکاڵەکان و پێکهێنانی حیزبی سیاسی و ڕیزی سیاسی و چینایەتی سەربەخۆوە ، هاتە مەیدانی جەنگی سەپاندنی ئازادی وخۆشگوزەرانی و گێڕانەوەی ئیختیاری چارەنووسی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگە وبەڕێوەبردنی، بۆدەستی کرێکاران و کۆمەڵگە خۆی.
ئەم کۆمۆنیزمە پێوستیی و گرنگترین سەرمایەی سیاسی کۆمەڵگەیە بۆ ڕزگاری، بۆ خۆشبەختی. مەسەلەی ئازادی و خۆشبەختی و یەکسانی مەسەلەی سوێند خواردن و پایبەندییەکی عیرفانی وسۆفیانەو ئەخلاقی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسی و واقیعیە و جێبەجێ بوونی لە دنیای واقیعدا لە گرەوی قورەت و هێزی کۆمۆنیزمدایە وەک جوڵانەوەیەکی واقیعی کۆمەڵایەتی و ڕیشەداری چینێکی کۆمەڵایەتی کە کێشەی لەگەڵ ڕیشەی چەوسانەوەدا هەیە و دەبێ بەناچاری بۆ ڕزگاری خۆی هەموو کۆمەڵگە ڕزگار بکاو بۆئەوەی ئەو کارە بکا دەبێ دەست بەرێ بۆ ڕیشە، ڕیشەی چەوسانەوە، بۆ ڕیشەی ماددی نەبوونی ئازادی، بۆ ڕیشەی نەبوونی یەکسانی و خۆشبەختی.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و جوڵانەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری تەنیا ڕووی کێوێکی گەورەی کۆمەڵایەتییە لە قوڵایی کۆمەڵگەدا کە خەون بەئازادی وخۆشبەختیەوە دەبینێ و لەهەر دەرفەتێکدا کە لەبەردەمیدا بکرێتەوە ناچارە کۆمۆنیزمی خۆی لە جەنگیدا بۆ ئازادی وخۆشبەختی و بۆ سەرکەوتن لەو جەنگەدا هەڵبژێرێ.
٧٠٧ْ٠٢٠٢٠