قوربانی دوێنێ و جەللادی ئەمڕۆ

0

قوربانی دوێنێ و جەللادی ئەمڕۆ 

جمال نوری

نیشتمان .. لەئێستادا وەک ژنێکی ئەنفال بێ کەس و بێ خاوەن و بێ لانە و حاڵ بە پێی خاوسی لەدەرگای شاعیران، ئەدات.

لەناو ئەدەبی گەلاندا، توێژی ڕوشنبیریان لە نووسەرو شاعیریان لە هونەرمەندو چیرۆکنووس و، ڕۆماننوس و فلمسازیان لەڕێگای هەستە باڵاکانیانەوە نیشتمانیان لەئامێز گرتوە و بۆتە فاکتەرێکی گرنگی ئیبداعیان.

(دەکرێت مرۆڤێک لە نیشتیمانەکەی دەرکرێت، بەڵام هەرگیز ناکرێت نیشتمان لەناو مرۆڤ دەربکرێت) ئێریش کێستنەر.”

مرۆڤ خەسڵەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ دەوروروبەرو ژینگەی سروشتی و دەوروبەری، پێ بەپێی ئەزموونکردنی پەیوەست دەبێت بەو شوناسە گشتگیرەی کەتیایدا دەژی، گەر بەهۆکار گەلێک تاکی کورد لەناو نیشتمانەکەشیدا نەژی یان دەربکرێ، دەتوانێ لە شوێنێکی تردا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ خودی مرۆڤ، مایەی مەترسییە نیشتمان دەربکرێت لەناو خودی هەستەکانی مرۆڤ بوونی. ئەم دەقەی قادر سەرچناری، کت و مت خۆی لەو دێڕەی سەرەوەی “ئێریش کێستنەر” دا دەبینێتەوە. نیشتمانەکەی لەناو ناخی، لەهەستە باڵاکانی دا بەزۆر شێوێنراوە و دەرکراوە شاعیر داوای ئەوە دەکات “بیدەنەوە “

مرۆڤ خاوەنی ئەندێشەیەکە لەهەر سەردەم و کاتێکدا بێت دەیەوێ بگەڕێتەوەو بۆ ئەو شوێنەی خۆی کە بەزۆر دووریان خستۆتەوە. یان لەناویدایە و قۆرخکراوە و شێوێنراوە، واتە ئەو شوێنەی تاکەکانی ئامادەگی قوربانیدان بوون بۆی، لەپێناویدا کارەسات و ژیانی تراژیدیا و مەرگەساتیان قبوڵ بووە بەو مەرجەی نیشتمان و پیرۆزیەکانی لەناخیدا دەر نەهێنرێت. لەناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا بەهۆی قورخکاری لایەنەکان و پەڕاوێزخستنی تواناو وزەی تاکەکانی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی کارەساتبار کردۆتەوە، کەتاکی کوردی لەسایەی ئەو بێ سەرو بەرەییە لەسایەی سامانێکی زۆرو زەوەند، کەچی خەڵکەکەی بەجورێک فەرامۆش کراوە بەو خەڵکەشەوە کە بەدرێژایی تەمەنی قوربانیداوەو زامەکانی ساڕێژ نەکراوە، لەئێستاشدا برسی کراوە، بەڵام بۆ دەسەڵاتداران ژیانێکی شاهانە، لەم کاتەدا تاکی خەڵکی کورد لەهوشیاریەوەیە کەچیدی ئامادە نییە وەک پێشووی قوربانی بدات، بەڵکو بەد گومانی و بڕوانەبوون و بێ شوناسی لەدڵ و هەستە باڵاکانیدا چێنراوە، کەبە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو وڵاتێکی وێران و کۆمەڵگەیەکی بێ مافی دروستکردوە کەخاوەن تاکێکی بریندارو بێکارو بێ ماف و بێ ژیان وبێ چارەنوسە لەسایەی دەسەڵاتدارێتی چەند لایەن و لەناو لایەنەکانیش چەند بنەماڵە و لەناو بنەماڵەشدا چەند خێزانێک.

ئەوەی لەم قەسیدەیەی عبدولقادر سەرچناریدا، بەناوی پاکێتیمان بدەنەوە، تاکە داوایەکی هەیە ئەویش ئەوەیە نیشتمانی پێشوویی بدەنەوە ئەو نیشتمانەی بۆی تێکۆشان، بۆی گریان، بۆی بوونە قوربانی، بوونە کارەکتەرێکی زیندوو بۆ ڕۆڵبینی ڕۆڵی کەسایەتیەکی تراژیدیی، کارەساتبار، لەپێناو نیشتمانێکدا بوو لێوان لێو بوو لەپاکێتی و لە جوانی و لە بەرائەت، ئەمێستا ئەم نیشتمانە ئەو نیشتمانە نییە، ئاسمان و ڕێسمانی نێوانە، شاعیر داوای گەڕانەوەی نیشتمانی ئەوەڵی دەکا، بیدەنەوە، کە خەڵکەکەی بوونە ئیسماعیل و لەپێناو بەدیهێنانی خەونی ئیبراهیمەکانی ناوخۆخۆیان نەکردە قوربانی، بەڵکو لەپێناو بەدیهێنانی خەونی بەدینەهاتووی سەربەخۆییدا، یان ئازادی و ژیانێکی پڕ لەکەرامەت بۆ نەوەکانیان خۆیان کردە قوربانی، واتە ئەودەمە قوربانیدانێکی ئیسماعیلیان لەلا پەسەند بوو، ببنە قوربانی، گەر ئیسماعیل خوداوەند هاتبێ بەدەنگیەوە و بەرانێکی بەخستنە بری ڕەوانەکردبێ تا بەرانەکە ئیدی بکرێتە قوربانی لەجیاتی مروڤ، ئەی بۆ ئیسماعیلەکانی کورد بۆ خەڵکە سڤیل و قوربانیدەرەکەی، لەجیاتی پاداشت بکرێن کەچی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ نیشتمانەکەیان لێ قۆرخ کرد و، سامانی سەرزەوی و ژێرزەویان بەتاڵان بۆ خۆیان برد.، بەڵام دواجار خەڵکە ڕەش ڕووتەکەی کورد کە هەمیشە قوربانی بوون ،ئەمجارەیان، نابنە قوربانی تاوەکو جەلادەکانی ناخۆی خۆیان ژیانێکی مەمرەو مەژیان بەسەردا بسەپێنن، بەڵێ جەلادەکانی ناوخۆ بەپێچەوانەی ئیبراهیمی باوکە، وە داواکەیان بۆ ئیسماعیلەکانی کورد هەمیشە بۆ ئەوان ببنە قوربانی، تاوەکو زیاتر تەمەنی گەندەڵیان درێژتر بکەنەوە ژیانێکی شاهانە بەرنەسەر هەرچی ، پیرۆزییەکانی نیشتمانە بۆخۆیان قۆرخ بکەن.

میللەتێکش برسی و بێ پشت پەنا بهێڵنەوەو ڕۆژانەش گیانی مرۆڤی کورد ببێت خوراکی قرشەکانی دەریا

بۆیە شاعیر بە ئیبراهیمەکانی ناوخۆی نیشتمان دەڵێ /پاکتیمان بدەنەوە //خوێنی ڕژاوی شەهیدان/

/قریشکەی ژنە ئەنفال کراوەکان//پاکیزەیی کچە شەنگالیەکانمان بەنەوە//بماندەنەوە//لاشەی کوژراوی شەری ناوخۆ//ئەو رۆژانەمان بەنەوە//دیموکراسی لە زێراب هەڵنەکێشرابوو//ئازادی ئەتک نەکرابوو/

/قەڵەم سەر شۆڕ//دەنگەکان نەخنکێنراو بوون/

/کەرتی ئیختیالات و//پۆلی تیرۆر//دەزگای سیخوڕیتان دانەمەزراندبوو.//ئەمەکەی ئازادیە//ئەمە کەی شۆڕشە//کەی دیموکراسیە/

/کەی راپەڕینە//سۆزانیەکان، ئەپرسن چۆن//شەرەفی رژاویان کۆ کەنەوە./

قوربانیمان بۆدا، هەر مرڤێکی کوردی خاوەن هەستی باڵای مرۆڤ بوون و کورد بوون وەک بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی ئینسانی، نیشتمانی و نەتەوەیی خاوەن هەستی مروڤایەتی بووبێ یا بەحەق نووسەر و شاعیرو هونەرمەند بووبێ، بەهەر ڕێگایە، بەهەرنرخێک بووبێت تێکۆشاوە، وەک ئیسماعیل ئامادە بووە لەپێناوی بەدیهێنانی خەونەکەی ئیبراهیمی باوکی ملی خۆی بخاتە بەردەم سەربڕینی خۆی، بەڵام کاتێک شاعیر قایەر سەرچناری دەبینێ هەر ئیسماعیلێکی کورد بۆ خاتری بەدیهێنانی خەونە لەمێژینەکەی هەر گیانی بەخت دەکات و ملی لە فیشەک دەسوێ و لەبەر بینینی تراژیدیا تووشی فۆبیای ترس بووە و، بەڵام ئەمێستا لەبری ئەوەی پاداشت بکرێت وەک چۆن ئیسماعیل پاداشتەکەی خستنەبری مەڕێک بوو بۆ کڕینەوەی گیانی، بەڵام ئەمێستا ئیبراهیمەکانی دەستڕۆیشتوی کورد نەک ئامادەنین پاداشتی خەڵکەکەی خۆیان بدەنەوە، بەڵکو بەهەموو شێوەیەک بژێوی ژیان و فرمێسکی مناڵیان و قریشکەی دایکی جگەرسووتاوی ئەنفالیان گۆڕیوەتەوە بە پترۆ دوڵارو بانک و مێزی قومار، خۆیان و بنەماڵەو خێزان و جەماعەتەکانیان ژیان بۆ خۆیان ئەکڕنەوە، و مەرگیش بۆ خەڵکە ستەمدیدەکە دەنێرن.

شاعیر ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێ ئیدی لەمە بهدوا خەڵکی ئازار چەشتوو، خەڵکی ماندوو، کەسانی خاوەن ویژدانی زیندووی مرۆڤی کورد، ناهێلێت بکرێتە ئیسماعیل و قوربانی بەخۆی بدات بۆ درێژکردنەوەی ژیانی ئیبراهیمەکانی ناوخۆی خاوەن دەسەڵات، شاعیر داوای گەڕانەوەی ئەو پاکێتی یە دەکاتەوە، کە میللەتێک، گەلێک، خەڵکی شۆڕشگێڕی پێ دەناسرایەوە، ئەویش پاکێتی و هەماهەنگی نێوان تاکەکانی ئەم گەلە سەر بڵند بوو .،

وەک لێرەدا ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت ،

/شەهیدەکان ئەپرسن//شکۆیان جۆن بۆ دەگێرنەوە/

/پێشمەرگەکان ئەپرسن//گەنجێتیان چۆن پێ دەدەنەوە//دار//بەرد//شاخ//کێو//گوند/

/شار ,ئەپرسن کوا, بۆ// بیرەوەریە جوانەکانمان بۆبهێننەوە.//بماندەنەوە//هەژارەکان دەمیان بە نان ناگات//ئێوە خستتانە قوڕگی شێرەوە,//نیشتمانتان کرد بە دۆزەخ//ئێوە پزیسکی ئەو ئاگرەن/

/ئاسمانتان کرد بەخوێن//ئێوە جەلادی قوربانیەکانن/

/بە سەوزتانەوە//بە سورتانەوە//بە زەردتانەوە//بەشینتانەوە//بە مۆرتانەوە//بە رەنگە نەشازەکانی ترتانەوە//تاوانبارن//تاوانبارن//تاوانبار.//بەقاقاتاڵەکانتان//ئەنفالمان بیردێننەوە/./بە رقە شیرینەکانتان//ژەهرەبامان بیردێننەوە.//بماندەنەوە//شیرازەی پچڕاوی خێزانەکانمان بەنەوە.//مافە درۆینەکانی مرۆڤمان بەنەوە./

/کەسمان نەما عارەقەی شەرمەزاری لێ نەچۆڕێ/

/بماندەنەوە//ئەوەی بردوتانە//ئەوەی دزیوتانە/

/ئەوەی داگیرتان کردووە//بماندەنەوە/

/ئالای شەکاوەی سەر تەلاری بازرگانی بۆ ئێوە/

/بڵندگۆی میدیا بێزار کەرەکان بۆ ئیوە/

/قەڵەمە چاو شۆڕەکان بۆ ئێوە//تفەنگە ژەنگاویەکان بۆ ئێوە//شانازی هەموو نوشوستیەکان بۆ ئێمە/

/شانازی هەموو سەرکەوتنەکان بۆ ئێوە/

/بە زیندوویی لە دۆزەخدا//لەگەڵ قامجیەکانتانا ژیاین//با لەبەهەشتی ئەو دیوو مردندا لێک جیا بین/

/بماندەنەوە//ئەو خەیاڵەمان بدەنەوە/

کەساڵەهای ساڵ/ بە فرمێسک و خوێن//چیرۆکی ئازادیمان پێ ئەنووسیەوە//قفڵی ئەو زیندانەمان بەنەوە//کە راپەڕین کلیلەکەی پێ فرێداین//هەرچی جوانە//هەرچی باشە/هەرچی شیرینە بۆ ئێوە//تەنها خەیاڵی ئەو زەقنەبوتەمان بەنەوە//کەساڵەهای ساڵ/

/دەمانویست بیکەین بەهەنگوین//بۆ قورگیپەڵاسی/

/ئەوهەموو ساڵانەی//بەفیرۆچوون، لە دەستمان دان../.

عەبدول قادر سەرچناری، ئەو ڕاستیییە بەڵگە نەویستە باش تێگەیشتوە، کەئەوەی ئامادەی قوربانیانی خۆی خێزانەکەشی بووە لەپێناو هزی و سەربەخۆی کوردستاندا بووە، نەک بۆ چەند کەسانێک خێر  بێری ئەم نیشتمانە بۆ خۆیان بەرن بەهەدەریشی بدەن.

لەکۆتایدا شاعیر تەنها داوای گەڕانەوەی پاکێتی خەڵکەکە دەکاتەوە لێیان، چون ،ئەو خەڵکەی دوێنێ بەو پاکێتیوە جوان بوون، سەربەرز ملیان نەوی نەدەکرد.

وەک ئە ژنە فەرەنسی یەی لە کاتی داگیرکردنی ئەڵمانیا لەلایەن فەرەنساوە لەسەردەمی ناپلێون بۆناپار ت دا ،گالیسکەیەک خێزانێک ئەرستۆکرات و دەوڵەمەندی ئەڵمانی تیایە لا فەرەنساوە دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا، لەسەر سنووری وڵاتەکەی توشی سەربازو ئەفسەری فەرەنسی دەبن کەخاکەکەیانی داگیر کردوە، ئەفسەرە فەرەسیەکە ڕێگانادا گالیسکەکە بڕوات تاوەکو لەگەڵ ئەو ژنە سۆزانیە ئاڵمانە ڕانەبوێرێ ڕێگایان نادات، خێزان ئەرستوکراتە ئەڵمانکەش دەڵێ ئێ قەیچێکە ئەم ژنە خۆی هەر سۆزانیە دێت لەگەڵتا ڕابوێرە و داوایی ڕێگامان بدە بڕوێن، ژنە سۆزانیەکە دەڵێ من ڕاستە سۆزانیم لەشی خۆم دەفرۆشم بەڵام ئاماد نیم لەگەڵ یەکێکدا جنسی بدەمێ کە خاکەکەمی داگیر کردوە، بۆیە هەرچیەک دەکات ئەفسەرەکە ژنە سۆزانیەکە ڕێگای نادا، دوای ئەفسەرەکە تێگەیشتوە دواجار ڕێز لە ژنە سۆزانیەکە دەگرێ تەنها ئەو بپەڕێتەوە و ڕێگا بەو خێزان ئۆرستۆقراتە نادات و پیان دەڵێ ئەزانن ئێوە قەحبەن!! نەک ئەو ژنە سۆزانییە؟

شاعیر لەو ڕاستیەش گەیشتوە کە مرۆڤە بێ نیشتمان و بێدەوڵەتەکان بەرەو حاڵەتێکی غەریبی وغوربەت بوونێکی ئەبەدی دەبات، کە مەحاڵە مرۆڤه بێ نیشتمان و بێدەوڵەتەکان بتوانن ئۆقرە بگرن. بەڵام ئەوەی پێچەوانەوە بۆتەوە لای شاعیر ئەو نیشتمانەی قوربانی بۆ دراو ڕووبارێک خوێنی لێ دەڕژێ ئەمێستا کراوەتە قوربانی عەرشی بنەماڵە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.