ڕینوا محەمەد: دەبێت چەپ و کۆمۆنیستەکان بەپلاتفۆڕمی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراوەوە بێنەمەیدان و جێگا بەهێزە ناسیۆنالیستەکان چۆڵکەن…

0
ڕینوا محەمەد: دەبێت چەپ و کۆمۆنیستەکان بەپلاتفۆڕمی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراوەوە بێنەمەیدان و جێگا بەهێزە ناسیۆنالیستەکان چۆڵکەن…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ڕێنوا محەمەد کادر و هەڵسوڕاوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کورردستان، سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کورستان و بێ موچەیی…
 
 
بۆپێشەوە: نەک هەر موچەی فەرمانبەران کەمە و دوا دەخریت، بەڵکو دوبارە هەڕەشەی کەم کردنەوەو بڕینیشی هەیە، هۆکاری ئەمە چییە؟
ڕێنوا مەحەمەد: سەرەتا دەمەوێت سوپاسی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بکەم، بۆئەم چاوپێکەوتنەم و ڕێزم هەیە بۆخوێنەرانی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە. ئێمە دەبێت سەرنج لەوێوە بدەین موچە ڕاستە بژێوی بەشێکی ژیانی کۆمەڵگەی لەسەرە، وکاریش دەکاتە سەر بوژاندنەوەی بازاڕ. دەبێت ئەو ڕاستیەش لەبیر نەکەین کەژیانی هاوڵاتیانی کوردستان لەهەژاری نزیک دەبێتەوە بەهۆی ئەو سیاسەتی برسیکردنەی کەدەسەڵات گرتویەتییە بەر لە بەرامبەر بەهاوڵاتیانی. هەرلەبەتایبەتیکردنی تەواوی سێکتەرە گشتیەکانی کەڕۆژانە وەک هەوا پێویستیەکی ژیانە بۆئینسان لەخزمەتگوزاری تەندروستی و ئاو و کارەبا و خوێندن و پاکردنەوەی کوچەوکۆڵانەکان، کەئەمەش بارگرانییەکی قورستری خستۆتە سەرژیانی هاووڵاتیان کەهۆکاری دەستبەسەراگرتنی مووچەونەدانی ئەم لایەنەیە. دەسەڵات بەمەبەست دەیەوێت هەموو خۆپیشاندانەکانیش قەتیس کاتەوە بەس لەموچەدا، تائێستا کە ناوەراستی مانگی حەوتە تەنها موچەی مانگی یەکی ٢٠٢٠ یان وەرگرتووە. پێم وایە دەسەڵاتدارانی هەرێم چەند سودمەندە لەڕووی مادیەوە لەنەدانی موچە، دەهێندە مەبەستی خۆدزینەوە وسودمەندە لەوخزمەتگوزاریانەی باسم کردوە. سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بەس بەمووچەوە چەندین کێشەی تر کە بووەتە زیاتر بڵاوبونەوەی هەژاری و بێکاری دانەمەزراندنی دەیان و سەدان لەدەرچووانی قوتابیانی کەڵەکەبووی چەندساڵی ڕابردووی کۆلێژ و پەیمانگاکان وهتد… بۆیە گەر سەرنجی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بدەین ئێستاخۆی قەتیس نابینێتەوە بەس لەداخوازی موچەدا، چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە بەپێچەوانەی ڕابرددووەوە بەشداری لەگردبونەوە و خۆپیشاندانەکاندا دەکەن کەپێشتر ئەمە نەدەبینرا.
بۆپێشەوە: دەسەڵات لە جێگای ئەوەی وەڵام بەداخوازی ڕەوای خۆپیشاندەران بداتەوە، پەنا دەباتە بەر چاوسورکردنەوە، تۆمەت بەخشینەوە، هەڕەشە، زیندانی کردن و سەرکوتکردن… ئەم دەسەڵاتە تا کەی دەتوانێت بەو ڕێکارە نەشیاوە پارێزگاری لە دەسەڵاتی بکات؟
ڕێنوا محەمەد: حەتمەن دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و داسەپاو و خاوەن چەندین دەزگای داپڵۆسێنەر و جاسوسی ڕەگوڕیشە داکوتراو پەنادەباتە بەر سەرکوت بەهەموو شێوازەکانیەوە، بێ دەست پاراستن تائاستی تیرۆر و کوشتنیش. هەنگاوی عەمەلی بۆبەرگرتن بەم سەرکوتانەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانە لەهاتنەمەیدانیان بەوشیاریەکی ڕێکخراوەیی و سیاسیانەوە کەبتوانێت هەنگاوەکانی بباتەپێشەوە، هەرهەنگاوێک لەم ئاستەدا بەچوونەپێشی چەندین هەنگاو پاشەکشەیە بەو سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنە دەبێت. کاریگەری خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ٢٠١٨ ی کەرتی تەندروستی توانی دەستەبەری گێڕانەوەی موچەی تەواوی کارمەندان بکات و کاریگەری زۆری دانا. بەهۆی ڕێکخراوبوونیان و هاتنەمەیدانیان بەئاسۆیەکی ڕۆشنتر و جیاوازتر لە خۆپیشاندانەکانی تر، کەلەڕووی ڕێژەیی نفوزەوە زۆر کەمتر لە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران، وەترسی دەسەڵاتیش لەمان زیاتربوو. ئێمەش وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان پاڵپشتیەکی تەواومان لەم خۆپیشاندانە دەکرد لەڕووی سیاسی و عەمەلی. بەشداریکردنی تەواوی کادرانی حزب تائاستی ڕابەرایەتی بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم خۆپیشاندانە و کردنی بەنموونەی خۆپیشاندانەکان. بەداخەوە چونکە سەندیکاکان دروستکارو پاشکۆی دەسەڵاتن نوێنەرایەتی کرێکاران وکارمەندان ناکەن، هەربۆیەش ڕێگا نادرێت سەندیکای هەڵبژێردراوی ڕاستەوخۆی خۆیان هەڵبژێرن بۆلەت لەتکردنی ڕیزەکانیان. ئەوە چەندین ساڵە ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی دروستبووە و کرێکاران خۆیان نوێنەرانیان هەڵبژاردووە، بەڵام دەسەڵات تائێستا مۆڵەتیان ناداتێ و بەڕەسمی نایانناسێت۰
بۆپێشەوە: خۆپیشاندانی جەماوەری ئەگەر ڕێکخراو نەبێت و هەڵگری ئاسۆیەکی ڕۆشنی سەربەخۆ نەبێت، بە ئاکامی پێویستی خۆی ناگات، بۆچی تا ئێستا ئەو خۆپیشاندانانە ڕێکخراو و ئاسۆیان ڕۆشن نییە؟
ڕێنوا محەمەد: حەتمەن هەر دەسەڵاتێک لەسایەی نیزامی سەرمایەداریدا هەرئەوکارە دەکات بۆبەرگری لەسیستەمەکەی، ئەگەرنا بەترساندن وتۆقاندن وکوشتن و بڕین نەبێت چۆن دەتوانێت درێژەبەژیانی خۆی بدات. ئەوە ڕۆشنە هەرکارێک بێ ڕێکخرابوون ناتوانین ئەنجامی لێ هەڵگۆزین لەهەربوارێکدا جا گەر بێینە سەر داخوازی ماف و ئازادییەکان، دەبێت کۆمەڵگە ڕێکخراو بێت بەپشتبەستن بەحزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێر، گەر نا بێ ئەمە هیچ ئیمکانی سەرکەوتنی نییە، جا چ ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی ئەرێنی لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە، و ئەوچینەی لێ بکەی کە لەمەیداندایە. مێژووی ڕابردووی هەمووئەم ململانێیانە سەلمێنەری ئەوڕاستیەیە. هیچ شۆڕش و خۆپیشاندانێک بەئاکام و ئامانجی خۆی ناگات بێ خاوەنی ڕاستەقینەی چینەکەی خۆی. حەتمەن حەتمەن چینی کرێکاریش مێژوویەکی دووردرێژی هەیە لەخەبات وململانێ و بەرەنگاری، بۆبەرگری لەماف و ژیانی تائێستاشی لەگەڵدا بێت، کرێکارانی کوردستان بەشداری چالاکانەیان لەخۆپیشاندانەکان نەکردووە، بۆیەش هەروا ناکام ماوەتەوە. دەتوانین ئەوەش بیگێڕینەوە بۆ دوو هۆکار: ١- لەغیابی حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێری کرێکاریدا بەداخەوە کە مەوجودە بەس پێگە جەماوەرییەکەی لاوازە، ئەمیش بەهۆی چەندین هۆکارەوەیە کەنامەوێت بچمەسەر وردەکاریەکانی. ٢- نەبوونی ئاستی وشیاری چینایەتی کرێکارە بە بەرژەوەندی چینەکەی. ڕاستە کرێکاران خۆیان لەمعانات و ئێش و ئازار و نەبوونی و برسێتیدا دەژین و بەواقعی ئەو ژیانە لەمس دەکەن. ئیمکان نییە هیچ کەس بتوانێ… تەعبیر لەژیانیان بکات، جگە لە خۆیان نەبێت، چونکە ڕۆژانە بەرەوڕووی چەندین کارەسات و سەختی ژیان دەبنەوە. هەلومەرجەکانیش لەبارنەبووە لەهیچ ڕوویەکەوە بۆچینی کرێکار هەر لە دروستنەبوونی ڕێکخراوێکی کرێکاری تۆکمەوە، کەچەندین بەربەست هەبووە. بەپلە یەک ناسیۆنالیزم و دین وسەختی کار و کولەمەرگی ژیان ئەرکی سەرشانی کۆمۆنیستەکان یەکەمین جار دەبێت لەخۆیانەوە دەست پێبکەن خۆیان ڕێکخراوکەن. باشە ئازیزانم تۆ وەرە سەیرکە لەم کوردستانەدا چەندین گروپ و بزووتنەوە و ڕێکخراو وکەسایەتی و تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش هەیە، تائێستاشی لەگەڵ بێت نەخۆیان ئامادەکردووە بۆهەر هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەو نەخۆشیان ڕێکخراو کردووە. تەنانەت هەمیشە هەوڵی پەرت پەرتکردنیشیان داوە، ئیتر تۆ چۆن دەتوانیت بانگەوازی ڕێکخراوبونی کرێکاران بکەیت، لەکاتێکدا نێوماڵی خۆت ئاوا پەرتەوازەیە و هەریەک لەئاوازێک دەخوێنێت. ئاخر ئاستی وشیاریەکەی ئەوەیە دەڵێت؛ کرێکاران بێ حزب دەبێت شۆڕش بکات وسۆشیالیزم دامەزرێنێت لەکاتێکیشدا خۆی بەمارکسیزم دەزانێت!! ئایا مارکس بەڕاستی باوەڕی بەحزبی کۆمۆنیستی نەبووە ڕابەرایەتی شۆڕش بکات وسۆشیالیزم دامەزرێنێت؟
بۆپێشەوە: بەبێ هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و بەشداری چالاکانەیان، لە ڕێگای مانگرتن و کار ڕاگرتن، چوونە پشتی خۆپیشاندەرانی شەقام، ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە، نادیار دەمێنێتەوە، پێویستە چ بکرێت، بۆئەوەی چینی کرێکار وەکو شادەماری ئاڵوگۆڕ بەخش، بێنە مەیدانی ئەم بەرامبەرکێیەوە؟
ڕێنوا محەمەد: حزبی کۆمنیستی کرێکاری کوردستان چەندین جار بانگەوازی بۆیەکڕیزی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیست و چەپەکان کردووە، بەهەرجیاوازی و خلافێکی سیاسیشەوە. بەداخەوە نەک هەرنەهاتوون، بەڵکو هەمیشە لەبۆسەدابوون بۆشکاندنی ئەم حزبە و خۆشحاڵیش بوون بەزیاتر تێکشکاندنی هەرئەوەی کەبینیمان چەند هاوڕێیەک کەبەماوەی جیاجیا چۆن جیابونەوە لەم حزبە، ئەم بەناو کۆمۆنیستانە کەوتنە هەلهەلە کێشان. بەڕاستی ئەوەی من دەیبینم لەمەیدانەکەدا نەک بڵێم خۆم کادرێکی ئەو حزبەم کارێکی زۆرقورس لەسەرشانیەتی دەبێت ئەنجامی بدات، بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان بکات پەیوەست بن بەم حزبەوە، هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە مەوجودە و داینەمۆکەی دەبێت ئێمەبین.
بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ڕۆڵی نەوەی نوێ، لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا؟ تا چەندە لاتان وایە بەشداری نەوەی نوێ لە پێناو بەرژەوەندی بێبەشان و موچەخۆران و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندایە؟
ڕێنوا محەمەد: دەبێت چەپ و کۆمۆنیستەکان بەپلاتفۆڕمی شۆڕشگێڕانەوە و ڕێکخراوەوە بێنەمەیدان و جێگا بەهێزە ناسیۆنالیستەکان چۆڵ کەن، کەچانسیان زۆربێ ئاکامە لەم ناڕەزایەتی و تووڕەیییەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان کە ئێستا بەناوئۆپۆزسیۆنێکی نەوەی نوێ دیسانەوە دەیەوێت سیناریۆکەی بزووتنەوەی گۆڕانی دەستەخوشکی دووبارەکاتەوە، بۆسواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دیارە، کۆمەڵگەی کوردستانیش خاوەن تەجرەبەن لەم سیناریۆیانە، بۆیە هەوڵەکانی نەوەی نوێش بێ ئاکام ماونەتەوە بەگەیشتن بۆشەریکە بەشی دەسەڵاتی دز و جەردە و مافیایی ناسیۆنالیزمی کوردایەتی بەڕابەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەپێویستی نییە جێگەیەکیش بداتە ئەم هێزە بێ کاریگەرە. دەمەوێت ئەوەبڵێم لەمس کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن جەماوەری توڕە و شۆڕشگێڕەوە بەسە بۆ وشیاربوونەوەیان، وخۆجیاکردنەوەی ڕیزەکانیان لەهێزە هەلپەرست ونەتەوەیییەکانەوە، بیانگەنێتەوە ئەوبڕوایەی هەرچی بەهێزو تێکۆشان و ڕێکخرابوونی خۆیان نەکرێت، مەحاڵە هیچ هێزێکی بەرژەوەندخواز و هەلپەرستی نەوەی نوێ و دووبارەبوونەوەی سیاسەتە چەواشەکارانەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆیان بەئەنجام بگەیەنێت. ئەوەش مەحاڵە کۆمەڵگە جارێکی تر بڕوا بەو بەلاڕێدابردنە بێنێت، فریادرەسێک بێت و ڕزکارکەری بێت و ژیانی بۆدابین بکات، بێئەوەی خۆی هیچ دەورونەخشێکی هەبێت لەم ئاڵوگۆڕانەدا. ئەم بۆچوون ولێکدانەوانە، و بێئومێدبوونی کۆمەڵگە لەم هەلومەرجە جێگەی ئومێدی ئێمەو خۆشحاڵیمانە بە وشیاربونەوەی زیاتری سیاسیانەی کۆمەڵگە.
زۆرسوپاس بۆبڵاوکراوەی بۆپێشەوە بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە، تابتوانم بەبۆچوونی خۆم لێکدانەوەیەکی هەرچۆن بێت بکەم.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.