ئەرێ كەس وەك من بێزاری تیا سەوزدەبێت؟
ئەرێ كەس وەك من بێزاری
تیا سەوزدەبێت؟
چاوم لەسەر دیوارەكە لاناچێت
چركە چركی میلی كاتژمێرەكە
هەراسانی كردوم
لەم هەموو دڵە ڕاوكێیەی خۆم تێناگەم
نازانم بۆ ئەوەندە بەناو خۆمدا هاتوچۆدەكەم
عەینەكەكەی چاوم دەكەوێتە خوارەو
ڕەنگی تێڤێكە دەگۆڕێت
لەپیرێكی سەرخۆش دەچم
لەبری ئەوەی قاوە بخۆمەوە
بەبێ چەتر دەڕۆمە بەرباران
چاوم لەسەر دیوارەكە لاناچێت
چركە چركی دڵم بەم هەموو خاوییەی خۆیەوە خەریكە تیاما دێتە دەرەوەو
پڕبەم سنگە شكاوەم بەسەرما دەقیژێنێت
دەڵێت عەینەكەكەت بكەرەوە چاوت و
قەسیدەیەكی نیو قۆڵ بكە بەری
ئەو مناڵە سواڵكەرەی سەرما تەنگی پێهەڵچنیوەو خەریكە سێبەرەكەی
خۆی لێ دەبێتە خواو بەدویا ڕادەكات
………….
چاوم لەسەر دەرگاكەی دەرەوە لاناچێت
دەستم بۆناخرێتە ژێر چەناگەی ئەم هەموو
بێزارییەی خۆم و
ڕەشەبایەكی نەعلەتیم بۆدەستەمۆ ناكرێت
لەپیرێكی بەد بەخت دەچم
لەبەری ئەوەی شیعرەكانم خەتم كەم
دەیان سوتێنم
هەراسانیان كردوم ئەوپۆست چیانەی
نامەی هاوڕێكانی گۆڕستانم بۆناهێنن
ڕقم لەم چركە چركەیە
خەریكە سەرم لەلاشەم دەبێتەوەو
بەگۆڕستانەكاندا ڕادەكات
ژنەكەی دراوسێمان
گاڵتەم پێدەكات بزمار بەسەرمادا دەكوتێ
ئەم ڕەنگانە بێزاریان كردوم
یەك ئاوێنەم لەژورەكەمدا نەهێشتەوە
هەمویم شكاند
…………
ڕقم لەخۆمە حەزدەكەم
لەدواوە خۆم بەر خەنجەربدەم و
بەدیار خوێنەكەی خۆمەوە فیشكە فیشكی
جگەرەم بێت
ژنەكەی درواسێمان گاڵتەم پێدەكات
پێم دەڵێت ئەرێ بۆكەسێك لەم بۆڵە بۆڵەی
تۆ تێناگات
ئەرێ بۆجارێك وەك بەشەر
سڵاوێك ناكەیت
ئەم ڕەنگانە هەراسانیان كردوم
خەریكە لەتەنیایی خۆمدا سەوزدەبم
……………
چركە چركی ئەوكاتژمێرە
خەریكە سەرم دەخوات
لەخۆمەوە بەملاو لادا دەكەوم
لەو شێتە دەچم كەتازە خەریكە فێری
گریانی بەكوڵ دەبێت
ئەم بێزارییە بێزاری كردوم
ڕقم لەمامۆستای وانەی مات ماتیكە
ئەرێ ئەم هەموو ژمارانە بەچ خوایەك
دەخرێتە ڕستەوە
…………..
عەینەكەكەم بۆنادۆزرێتەوە
ئەم هەموو ڕەنگانە چییە بەبێ ستیان
بێرەدا دەڕۆن
ژنەكەی دراوسێمان لچم لێ هەڵدەقورچێنێت
من بەشەرمێكی سورباوەوە
ڕوودەكەم بەودیواو پێی دەڵێم
دایكم لەبەردەرگا چاوەڕوانم دەكات
چركە چركی ئەو كاتژمێرە بێزاری كردوم
لەپیرێكی بەد بەخت دەچم
هەناو جار سێبەرەكەی خۆم بەر خەنجەر دەدەم
ژنەكەی دراوسێمان
گاڵتەم پێدەكات
………….
حەکیم میرزا