دەسەڵاتی هەرێم بەرپرسی سەرەکی هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانە
دەسەڵاتی هەرێم بەرپرسی سەرەکی هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانە
هەتاو عەبدولاهی
دوای روخانی دەسەلاتی دیکتاتۆری سەدام و نەمانی حوکمرانییەک کە بۆ خەڵکی باشور تەژی بوو لە کوشتن و بڕین و قوربانیدان، کە دەتوانین ئاماژە بە کارەسات و جینۆسایدەکانی هەڵەبجەی خوێناوی و ئەنفال لە سەرووی هەموویان و کۆمەڵکوژی خەڵکی بێ تاوانی کورد لەو ناوچە بکەین، خەڵک پییان وا بوو بە نەمانی دەسەلاتی سەدام و ڕووخانی ئەو ڕژیمە دڕەندەیە ئیتر ڕووی ئاسایش و ئارامی بە خۆیانەوە دەبینن. خەڵکی باشوری کوردستان سەرەرای بوونی دەسەڵاتێکی خوێنڕێژ و دیکتاتۆر و زوڵم و زۆرێک کە لە سەریان بوو هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی خەباتدا بوون و مێژوویەکی پڕشنگداریان لە خەبات و کۆڵنەدان بۆ خۆیان تۆمار کردووە. ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی باشور لە هەر چین و توێژێک بۆ نەمانی زوڵم و زۆر و دیکتاتۆری هەوڵیاندا و ڕۆڵی کاریگەریان لە شۆرش سەرکەوتنەکاندا هەبوو. بەداخەوە دوای رووخانی سەدامیش خەڵکی ئەو ناوچە بەهۆی بوونی دوو حیزبی دیکتاتۆر و بەرژەوەندیخواز کە هەمیشە بەرژەوەندی حیزبی بۆیان لە سەرووی بەرژەوەندی خەڵک بووە کەوتنە ململانێی شەرە حیزبی و بارودۆخێکی تاڵتریان لە لایەن ئەو حیزبانەی کە خۆیان دەنگیان پێ دابوون و متمانەیان پیان کرد ئەزموون کرد. دوو حیزبی ناسیۆنال دینی و عەشیرەیی کە ساڵەهایە هەوڵ بۆ دواکەوتوویی خەڵک دەدەن و ئایین و ئیسلامیان کردووە بە ئەبزاری مەبەستە دزێوەکانی خۆیان و لە رێگای پڕوپاگەندەی ئایینی و عەشیرەیی خەڵک بەرەو داڕمان دەبەن و هەوڵ بۆ کەم کردنەوە وشیاری خەڵک دەدەن. بە دەیان ڕۆلەی خەڵکی کوردستان لە شەڕی ناوخۆیی دەسەڵاتدا کە کارنامەیەکی ڕەشە لەمێژووی تەژی لە تاوانی یەکیەتی و پارتی گیانیان بەخت کرد. تاوانێک کە پاساوی بێ بنەمای بۆ دەهێننەوە و تا ئێستا کە بە کردەوە قەرەبووی ئەو تاوانە لەلایەن ئەو دوو حیزبە گەندەڵە نەکراوەتەوە. دوو دەسەلاتی سەرەکی هەرێمی کوردستان هەردەم بۆ بەرژەوەندی حیزبیان و بۆ پڕ کردنی گیرفانی دەسەلات بە دەستان، دەستیان لەگەڵ دەستی دوژمنانی ئازادی خەڵک تێکەڵ کردووە و هیچ بەهایەکی مرۆڤی و کەرامەتی ئینسانی خەڵکیان بۆ گرینگ نەبووە. ساڵەهایە دەسەلاتی گەندەڵی هەرێمی کوردستان کە دوو حیزبی سەرەکی بەرێوەی دەبەن هەر دەنگێکی ئازادیخوازیان کە هاواری مافخوازانەی دەربڕیبێ لە گەروودا کپ کردووە و بە زیندان و ئەشکەنجە و تۆقاندن و تێرۆر وەلامی داخوازیی ڕەوای خەڵکیان داتەوە، کە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری سەردەشت عوسمانەکان و چالاکانی سیاسی بە تایبەتی بەرەی جەپ و ئازادیخواز بکەین. هەژاری، مادەی سڕکەر، بێکاری، بی هیوایی و نەبوونی ئەمنیەتی کاری و گیانی و خوڵقاندنی فەزایەکی ترس و خەفەقان و تەژی لە دواکەوتوویی دیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵک بووە. دەسەلات بەدەستانی هەرێم ڕۆژ بە رۆژ لە پارەی نەوتی ئەو وڵاتە گیرفانیان پڕ دەکەن و خەڵکی بێ دەرەتانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخیان نالەباتر دەبێ. حیزبەکانی هەرێم لەژێر ناوی کوردایەتی و دەستەواژە گەلی تر خۆڵ لە چاوی خەڵک دەکەن و لە ژێرەوە مژولی خیانەت بەو خەڵکەن و هەر جارە تاوانێک دەخوڵقێنن کە دەتوانین ئاماژە بە خیانەتی کەرکوک و شەنگال بکەین کە چۆن پارتی و یەکیەتی ئەو ناوچانەیان ژێر بە ژێر فرۆشت و تەسلیمی هێزە توند ئاژۆکانی وەک حەشدی شەعبی و داعش کرد و دواتریش سینگی ڕۆڵەی خەڵکیان دەکردە قەڵغانی گوللە و شانتاژیان دەگیڕا. ساڵەهای ساڵە هەرێمی کوردستان بۆتە مۆڵگەی هێزە دیکتاتۆر و تێرۆریستەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی تورکیە و لە ژیر ناوی پەیوەندی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ پارە و بەرژەوەندی ڕیگەیان داوە ئێران و تورکیە دەست تێوەردان لە کاروباری ئەو ناوچانە بکەن. هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە درۆیینەکەی بەردەوام شیعاری یەکگرتوویی و یەکپارچەیی کوردستان دەڵێتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی خۆی هێرش دەکاتە سەر هێزە سیاسیەکانی کورد و ساڵها لەو ناوچە هێرشی سەربازی کردە سەر پارتی کریکارانی کوردستان و تاوانی خوڵقاند. پارتی دیموکرات لە ژێر ناوی ڕیفراندۆم و بۆ گرتنی کارتی گارانتی بۆ مانەوەی هەمیشەیی مەسعود بارزانی لە دەسەڵات و بی لەبەر چاوگرتنی داخوازی و ئەمنیەتی خەڵک شانۆی رێفراندۆمی بەرێوە برد و جارێکی تر خەلک باجی کاڵفامی دەسەڵاتیان دا. ئاڵای کوردستان، سەربەخۆیی، کوردایەتی بۆتە ئەبزاری دەستی دەسەڵاتداران و خۆڵ لەچاوی خەڵک دەکەن و خەریکن نانی لێ دەخۆن. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەردەم داد و ستەد و پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد کردوە و هەردەم ملکەچی بڕیارەکانی ئەو دەسەلاتە دیکتاتۆرانە بە تایبەتی ئێران و تورکیە بووە و لە هیچ خۆشخزمەتییەک بەرامبەریان درێغی نەکردووە. لە تازەترین خیانەتەکانی ئەو دەسەلاتە دەتوانین ئاماژە بە هێرشی ئەو دواییانەی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر سەیرانگای کونەماسی و بەزاندنی سنوورەکانی هەرێم بکەین کە خەڵکی سڤیل تێدا بوونە قوربانی و بە داخەوە چەند کەسێک گیانیان لە دەستدا. حکومەتێک کە لەبەرامبەر دەنگی ناڕازی سەردەشت عوسمانەکان گوللە و تێرۆر بەکاردێنی چۆنە لە بەرامبەر ئەو هێرشکارییە بێدەنگە؟ ئەگەر چاوساغی تورکیە نەبێ و ئەو تاوانە بە پلانی لە پێشدا داڕێژراو ئەنجام نەدرابێ. وەک هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران کە بە پلان و بەرنامەی لە پێشدا داڕێژراو ئەنجام دراو دەیان کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست دا. بێگومان هێرشی ئەو جارەی تورکیەش وەک هێرشەکانی تر یەکەم جار و دواجار نییە و تا ئەو دەسەلاتە لەسەر کار بێ خەڵک دەبێ چاوەڕوانی خیانەتی گەورەتر و کارەساتی دڵتەزین تر بن. هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان پێویستە لەو کاتە دا بڕیارێکی جیدی بدەن و لە ژێر چەترێکی گشتگیردا بزوتنەوەیەک دژ بە مانەوەی ئەو هێزە دەرەکیانە لە هەرێم بدەن و نەهێڵن چی دیکە ئێران و تورکیە هێڕش بکەنە سەر ماڵ و ژیانیان و کارەسات بخوڵقینن. خەڵکی کوردستان دەبێ بە وشیاریەوە خەونی لە مێژینەی ئەردۆغان و ئێران بۆ پەرەدان بە داگیرکاری و دەسەڵاتیان لە گۆڕ نێن و هەر دەسەڵاتێکیش چاوساغیان بوو دەبێ بیڕوخێنن و لە ناوی بەرن.