سی ساڵ ڕاو و ڕووت و وڵاتێکی وێران..

0
سی ساڵ ڕاو و ڕووت و وڵاتێکی وێران..
جمال نوری
 
گەر لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدانی هەر گەل و چین و ڕێکخراوێکی سیاسی ئازادیخوازو چەوساوەی دنیا هەڵدەینەوە، کە تێکۆشان و قوربانیدانیان لەپێناو ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی ڕوشن بووە بۆ ئێستاو ئایندەی نەوەکانیان، ئەوانەشی لەڕێگای ئازادی و ڕزگاری خەباتی نیشتمانی و چینایەتی گیانی خۆیان کردۆتە قوربانی، دێڕێک نابینینەوە تیایدا، ئەو تێکۆشانەیان بووبێتە شەرعیەتی بەناو شۆڕشگێڕی!
لەکوردستانی عێراق، ئەوانەی ئەمڕۆکە بونەتە حاکمی بێ سەرو بەری سیاسی و سەربازی نائیداری، نەک وڵاتەکەیان نەکردە شامی شەریف، بەڵکو ژێرخان ۆ سەرخانی وڵاتەکەیان تاڵان کرد، مێژووی تاڵانچێتی دەستەو تاقمی دوو بنەماڵە لە دزینی شۆڤل و پاشان فرۆشتنی بەنداوی بێخمە و دواتر داگیرکردنی هاوینەهەوارەکان و بینایەی پەیمانگای مامۆستایان و نەخۆشخانەی عەقاری و بینیایەی کولێژەکانی زانکۆی سلێمانی و خستنە سەر پشتی مەرزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تەراتێنی هێزەکانی میت و ئیتڵاعات و چاندنی تۆویی سیخوریکردن بەسەر کەسانی ئازادیخواز و ڕادیکاڵ و چەپ و نیشتمانیی و دواتر اغتیال کردنیان، ئەمانە گشتی بەرهەمی ئەو سی ساڵەی دەسکەوتی هەردوو حزب و هاوئاوازەکانیان و ئەحزابی دینی و پاشکۆی نێوانیانە.
ڕێکەوتنی ستراتیژی یا بەکوێلەکردنی تاک..
ئەو دوو حزبە پارتی و یەکێتی هەرچی نەشێ بۆ خۆیان برد، ئەوەی لەفەرهەنگی هیچ ڕێکخراوێکی بەربەریدا نەنووسرابوو ئەمانە نووسیان و دواتر لە مەیدانی ئاژەڵانا کە بەپەرلەمانەکەیان دەگووت بە هەزاران کەسیان کردە خۆراکی شەڕی خۆبەخۆی خۆیان و بەمەش هەزاران خێزانیان سەرگەردان و برسی و کوێلە کرد کاتێکیش ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا دەڕوخێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ ئەجێندایەکی سیاسی و ستراتیژی نین بۆ حوکمڕانی و خزمەتی خەڵکی، تەنهاو تەنها بیریان، هۆشیان لای سەفەقەی پارەو دولارو پاوەن و ئیرۆ بوو، لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و گەڕانەوەی گوندنشینان و دەرخستنی هێزی کاری بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دامەزراندنی کارگەو کارخانەو بوژانەوەی کاری دەستی، هەرچی کارگەش بوو کەل و پەلەکانیان بەتاڵان بردو و کردیان بە ئەودیوی سنورەکان، تەنها دابەشکردنی چەک و چۆڵ نەبێ لەسەر ڕەقەم دابەشیان کرد بە سەر خەڵکانێک کە هیچ هیواو بژێویەکیان بۆ نەهێشتبونەوە، مەگەر چەکداری کردن نەبێ بۆ حزب و سەرانی بنەماڵە ڕۆڵی کوێلەیەک ببینن، ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان دوو حزبی پارتی و یەکێتی جگە لە قۆرغکردنی دەسەڵاتی سەرزەوی و ژێر زەویە بۆ خۆیان و لەنێوان ئەوانیشدا بۆ دوو بنەماڵە، پاشان دانانی بە سەدان هەزار کەس لە کوێلەکانی خۆیان بەفەرمانبەری فەرمی، لەشکرێکیان لە بندیوارو سەر دیوار و فەزایی دامەزراند کەئێستا زیاد لەملێون و چوارسەد هەزار فەرمانبەر مووچەی هەیە، کەخۆشیان نازانن بەچ شێوەیەک و بەچ ڕێگایەک چارەسەری ئەو گەندەڵی و بەڕەڵاییە بکەن. تەماشاکەن بە دزینی پارەی نەوت، بە گومرگ و داهاتی سنورییەکان و ناوخۆو باج و خەراج و دزینی پاشکەوتی موچە و تاڵانکردنی بانکەکانی ناوخۆ و فرۆشتنی خاک و ئینسانی کورد و تەسلیمکردنەوەی بە داگیرکەرانی ناوچەکە و فرۆشتنەوەی چەکە قورسەکانی هاوپەیمانان و دەڵاڵی کردن بۆ سوپای داگیرکەرانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دەسکەوتی سی ساڵەی دوو حزبی سەردەمی عەولەمەی هەرێمە، ئەمێستاش، برسیکردنی خەڵکی و دابەشنەکردنی موچەی فەرمانبەرانی سێکتەرەکانی ناو کۆمەڵگەی حوکمی و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس و بێباکی سەرانی دەستڕۆیشتوی حاکمیەتی بنەماڵە، دڕندایەتی و حساب نەکردنیان بۆ خەڵکی و چینی زەحمەتکێش گەیشتۆتە ترۆپک، خۆپیشاندنەکانی مرورو ناوخۆ و چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو حزبە گەندەڵەکانی کوردستانەوە، هێندەی نەماوە ئەمجارە لافاوی رق و توڕەیی خەڵکی چەوساوە بیان کات بە عیبرەتی مێژوو.
Leave A Reply

Your email address will not be published.