بۆرژوازی لەڕیاکاریدا کوا ٤٠٠ میلیارەکە، کوا سەرجەم سەروەتی کۆمەڵایەتی؟

0

بۆرژوازی لەڕیاکاریدا

کوا ٤٠٠ میلیارەکە، کوا سەرجەم سەروەتی کۆمەڵایەتی؟

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

چارەنوسی ئەو٤٠٠ مییلیاردەی کە حاکمانی بۆژوای عێراق دایانەدەستی حاکمانی بۆرژوا لەهەرێم کە لە نێو درۆ و دەلەسەی بۆرژوازی لەکوردستان لول کرا و ئێستا کرێکاران و خەڵکی برسی و زەحمەتکێش دەستیان چۆتە دەمیان و سەرسوڕماو دەپرسن پارەیەک کە قەراربوو، ئەگەر بۆ مانگێکیش بێ لە دانی کرێ و موچە ودابینکردنی پێداویستیەکانی بژێوی ژیانی خەڵکێکی برسی هیچ لەسەرسفرەکانیان نییە خەرج بکرێ، بۆ کوێ چوو؟

هەڵبەتە جەنابانی سەرمایەدار لەکوردستان و نوێنەرانی وردودرشتیان، یەک لەدوای یەک کەوتونەتە تەڵقینی چینی کرێکارو برسییەکان وکۆمەڵگەو بۆ شەرعەنەکردن و پاککردنەوەی ئەوگوناهە بە حەقی کۆمەڵگە بازاڕیکی گەرمی درۆ و دەلەسەیان بەڕیخستووە کە ئەوسەری دیارنییە.

لە مەلابەشیر حەدادەوە کە ماوەیەکە مینبەری فەتوای کوشتنی بە جێهێشتووەو لە ڕیزی چینەکەی خۆیدا، چینی بۆرژوای کوردستان و لەسیاسەتی چینەکەی خۆیدا بە پلەوپایەی پەرلەمانتاری ئیماندار گەیشتووە، فەتوای داوە کە شەرعەن جایزە ئەو پارەیە لە دانەوەی قەرزە خەیاڵییەکانی سەرمایەکانیان خەرج بکرێ، تا دەگا بەنوێنەرە گەنجترەکانیان لە خانەوەدەکانی تاڵەبانی و بارزانی کە وتویانە هەر خۆی پارەکە ئەوەندە نییەو دوایی وتیان مەسەلەکە لای وەزارەتی داراییە و ئەوان دەبێ ڕوونکردنەوە بدەن، تا بەڵکو کۆمەڵگەیەک کە ڕۆژانە بە هەزاران زمان، گاڵتە بەبێ لیاقەتی وناپێویستی وبێ کەڵکی خودی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارەو دەسەڵاتەکەی دەکەن، ئەگەر بۆ خۆخەڵەتاندنیش بێ ڕوونکرنەوەیەک لە بورژوازی وەربگرن.

چارەنوسی ئەو٤٠٠ میلیارە کە تەنیا گۆشەیەکی بچوک و کەسرێکی زۆر کەمی تەواوی سەروەتی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێ کە لە فۆرمی سەرمایەدا، بۆرژوازی دەستی بەسەرداگرتوە، ڕاستی تاڵ و دراماتیکی ژیان لەسایەی سەرمایە و دەسەڵاتی بۆرژوازی دەسەلمێنێ. ڕاستییەکی تاڵ کە هەم مایەی گاڵتەو هەم مایەی ئازارو نەفرەتە. چونکە شێوەی ژیانێک کەسەرمایە و بۆرژوازی سەپاندویەتی بەسەر کرێکاران وبرسییەکان وکۆمەڵگەدا، هەر دوو ڕووی هەیە، هەم تراژیدیک و هەم کۆمیک، بە کورتیەکەی کۆمیدیا-تراژیدیای ژیان لەم سێگۆشەی میناتۆریەی جیهان، کە کراوە بە بەهەشتی باج و بەهەشتی کاری هەرزان و بێ حیساب کیتابی سەرمایەو، ناوی کوردستانەو حاکمانیشی ئەم کەمایەتیە بۆرژوا و سەرمایەدارەیە کە بوون و دەسەڵاتی بەتەواوی ناکۆکە نەک هەر تەنیا بە سەعادەت وخۆشبەختی و ئازادی واقعی، بەڵکو تەنانەت ناکۆکە بە لانی کەمی هەرە سادەکانی ژیان.

داوای ڕوونکردنەوە لەبارەی چارنووسی ئەو کەسرەی سەروەتی کۆمەڵایەتی هەروەک چاوەڕوان دەکرا بە لاقەیدی و چاو و ڕوقایمیەکی بێشەرمانە و بە ڕیاکاریەکی بێ ئەوپەڕ، لەلایەن بۆرژوازیەوە وەڵامی وەرگرتەوە و ئیتر دەورانی پێویستی کۆتایی پێهێنانی ئەم تراژیدیا-کۆمیدیایەی ژیان لە سایەی دەسەڵاتی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارەیە وەک پێویستیەکی لەچارنەهاتوی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی دەبێ دەست پێبکا، چونکە ئیتر دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەو بورژوازی لە کوردستان هەم بۆخۆی ڕۆچۆتە ناوبنبەست و قەیرانێکی سەرتاپاگیرەوە و هەم سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی لە سادەترین شێوە مومکینەکانی خۆیدا، لە تەندروستی و سەلامەتییەوە بیگرە تادەگا بە خوێندن و پەروەردە، لە ئاو و کارەباوە بیگرە تا دەگا بەخودی نان و زادی مانەوەی ئاسایی، ڕووبەڕوی بێدەرەتانیەکی گەورە کردۆتەوە. کرێکاران وبرسییەکانی کۆمەڵگە حەقیانە نەیانەوێ تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ئەو ژیانە بژین، حەقیانە کە بۆ یەک ڕۆژیش بێکارەبایی و بێئاوی و بێ مەسکەنی و بێ داو  و دەرمانی وبێدەرەتانی قبوڵ نەکەن و حەقیانەکە لە هیچ کەسرێکی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە خۆش نەبن و ئەو کەمایەتییە بۆرژواو سەرمایەدارە لە دادگای ڕاپەڕین و سەرەنجام و لەدوا لێکدانەوە لەشۆڕشێکی گەورەی کرێکاران وبرسییەکاندا، بێهێنە پای ئەوەی کە هەر قروشێکی سەروەتی کۆمەڵایەتی کە لەشیۆەی سەرمایەدا لە خاوەندارێتی ئەواندا بووە، چارەنووسەکەی ڕوون بکەنەوەو بۆکۆمەڵگەی بگێڕنەوە. دەعوا لەسەر ٤٠٠ میلیار، لەسەر ئەو کەسرە کەمەی سەروەت، بەشێکە لەدەعوایەکی گەورەتری چینایەتی لەسەر کۆمەڵگە، لەسەر موڵکایەتی و داماڵینی موڵکایەتی لەوکەمایەتیە سەرمایەدارەی کە بە داماڵینی زۆرینە لە هەموو خاوەندارێتیەک، لە هەموو ئیمکاناتێکی ماددی، ئەوانیان گۆڕیوە بە کۆیلەی کرێگرتە، بە کەسانێک کە جگە لە هێزی کاریان هیچ دەرەتانێکی تریان بۆ زیندومانەوە نییە. بەکورتی بەشێکە لەدەعوای چینایەتی و لەپەرچەمی چینایەتی کرێکاران بۆ دەستبردن بۆ ڕیشەی چەوسانەوە. سەرەنجام دەعوایە لەسەر داماڵینی دەسەڵات لە کەمایەتییەکی سەرمایەدار کە لەباری مێژوویی وکۆمەڵایەتیەوە، بوون و دەسەڵاتەکەی لەهەرشێوەیەکدا، ڕێگڕو کۆسپی سەر ڕێگای سەعادەت وئازادی واقیعیە.

ئەمە ئیتر تەنها ئارەزویەکی شیرین و لەدڵەوەی ئێمە کۆمۆنیستە کرێکاریەکان وکرێکارانی کۆمۆنیست و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی نییە، بەڵکو پێویستیەکی بنەڕەتی و لەچارنەهاتوی دەستبەجێ یە بۆ ئاڵۆگۆڕ بە قازانجی ئاڵوگۆڕ، بەقازانجی کرانەوەی دەرفەت و دەرەتانی ڕزگاری لەو بێدەرەتانییە سەرتاپاگیرەی ئێستا.

ڕۆژانی داهاتو لە مێژووی کوردستان، ڕۆژانێکی سەخت و تەنانەت دەتوانێ مێژووکردبێت، چونکە دەواری دەسەڵاتی سەرمایە وبۆرژوازی لەهەر کات شەق وشڕتڕو بەناچاری و بە پلەی یەکەم بەهۆی خودی واقیعیەتی ناکۆکی سەرمایە و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی سەرمایە و بورژوازی لەگەڵ پێداویستیه سادەکانی ژیانێکی تەنانەت سادەش، دەکەوێتە بەردەم لافاوی خواستێکی فراوانی کۆمەڵایەتی بۆئاڵوکۆڕ کە لە هەر گۆشەیەکەوە، لە کوردستان دەیەوێ ڕێگای خۆی بکاتەوەو یەکەم هەنگاو لەو ڕێگایەدا داماڵینی شەرعیەتە لەوکەمایەتییە سەرمایەدارەو داماڵیینیەتی لە قورەت.

٢٠/٦/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.