لە بزوتنەوەی دژی راسیستییەوە بۆ بزوتنەوەی دژی سیستەم…

0

لە بزوتنەوەی دژی راسیستییەوە بۆ بزوتنەوەی دژی سیستەم…

عەبدوڵا مەحمود

کوشتنی جۆرج فلۆیدی رەش پێست بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پۆلیسی رێگەپێدراوی راسیستی دەوڵەتی ئەمریکا، بووە مایەی شەپۆلێکی بەرین لە راسانی جەماوەری بەدژی راسیزمدا. ئەم راسانە جەماوەرییە سەرەتا لە ئەمریکاو پاشان وڵاتانی ئەوروپای گرتەوەو زۆرێک لە سومبل و پەیکەرو رەمزەکانی ئەم نیزامەی کە لەسەر پایەی ئاپارتایدی نەژادی و شانازی بە میژووی رابردووی بینانرابوون، رمێنران.

 کوشتنی جۆرج فلۆید بەو دڵرەقیی و ئاگاییەوە، لە نێو دنیا فراوانی تۆرێک لە میدیای کۆنترۆڵ نەکراودا کە بوونەتە چاو گوێی فراوان لە ئاستی گشتیدا، جاریکی تر هەڵاواردنی نەژادی و ئەو ستەمەی بەهۆی نەژاد و رەنگی پیست و ئیتنیکەوە، لە بەشێکی فراوانی ئینسانی ئەم سەردەمە دەکرێت، نیشاندایەوە.

ئەگەر میژووی سەرمایەداری ئەمریکا، وەکو میژووی سەرمایەداری لە تەواوی هەسارەی زەویدا، لەسەر بنەمای ململانێی چینایەتی دامەزراوە، ئەوا هەڵاوارنی رەگەزی و نەژادی ئینیکی و بەشیکی جیانەکراوەیە لە میژووی هەمان ململانێی چینایەتی. بەجیا لە بانگەشەی یەکسانی هاوڵاتیانی مۆدیرنیزمە لەبەرامبەر یاسادا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، هیچ لەوە رۆشنتر نییە کە دنیای ئەمڕۆ سیخناغە لە هەڵاواردن و جیاکاری و دەستەبەندی هاوڵاتیان لەژیر ناوی جیاجیا و فۆرمی جیاوازدا. میژووی ئەمریکای ناوەند و لانکەی دیموکراسی!! لە پەیوەند بەجیاکاری نەژادی، تەنها وابەستە بە رابردوو نییە، بەڵکو میژووی هاوچەرخی ئەمریکا و دنیای ئەم سەردەمە، گەواهی دەری ئەو راستیەن کە هەڵاواردنی نەژادی لەزەمینەی ژیانی رۆژنەی خەڵکی ئەمریکادا، لە مەیدانی کار و ژیان و گوزەرانی واقعیدا، بۆتە تایبەتمەندییەکی ئەم نیزامە و دەوڵەتەکەی.

ساڵانە سەدان و هەزاران دەستدریژی پۆلیس و رەفتاری راسیستی لەبەرامبەر بە رەش پیستەکان ئەنجام دەدرێت. رەش پیستەکان لەلایەن راسیستانی سپی پیست یان پۆلیسی… راسیستەوە دەکوژرێن، بەسوک و کەمتر لە هاوڵاتی سپی پیستی ئەمریکا تەماشا دەکرێن… نارەزایەتی جەماوەری لە ئەمریکادا، وابەستە بەمیژووی هەڵاواردن و جیاکاری نەژادییە، وە راسانێکی قوڵی پەنگ خواردووی فراوانە کە دەمێکە شەپۆل دەدەت و کوشتنی جۆرج فلۆیدا، بووە کڵپەی ئەو ئاگرەی کە دەیەوێت بەر بێتە جەستەی راسیزمی دەوڵەتی و نادەوڵەتی ئەو وڵات و سیستەمە هەڵاواردن ئامێزە.

ئەو هەڵاورادنە و جیاکارییە، وڵاتانی ئەوروپا لێی بێبەری نیین، بۆیە بزوتنەوەی دژی راسیستی کە وەکو پشتیوانی بۆ گرنگی گیانی ڕەش پیستەکان، ئەوروپای گرتۆتەوە، هاوکات نارەزایەتی بزوتنەوەی دژی راسیستی و هەڵاوردنە لەناوخۆی وڵاتانی ئەوروپادا.

دیارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، تەنها پەیوەست نییە، بە کوشتنی جۆرج فلۆیدا یان تەنها بە بەهەڵاوارنی نەژادی، بەڵکو ریشەی لە سیاسەتی قازانج پەرستانەی کوللی نیزمی سەرمایەداریدایە. ریشەی لە بەرینبوونەوەی قڵشتی چینایەتی، بێکاری، هێرش بۆسەر دەستکەوتەکانی پیشووی چینی کریکار و خزمەتگوازرییەکان، لە بیبەها مامەمەڵەکردنی ئینسان و پیوانە ئینسانیەکان لە پێناو سود قازانج پەرستی سەرمایە.

لەو نێوەدا، ماهیەتی دیموکراسی بۆرژوازی و رۆڵی پۆلیس و سوپا، لەهەرکات زیاتر خۆی نمایش دەکات. داباراندی سوپا بۆسەر گیانی ناڕازیانی بێ چەک، دەست ئاوەڵاکردنی پۆلیس بۆ نواندنی توندوتیژی دژی توڕەیی رەوای جەماوەری… جارێکی تر ئەو راستییە دەخاتەوە ڕوو، کە رۆڵی سوپا و پۆلیس و دەزگاکانی تری بۆرژوازی بۆ پاریزگاری لە نیشتیمان!! و سەربەخۆیی و سەروەری نییە. بۆ پاراستنی شکۆی هاوڵاتیان و ماف و ئازادییەکانیان و خزمەتگوازرییەکانیان نییە. بۆپارێزگاری لە خۆپیشاندەران و داخوازییەکانیان نییە. بەڵکو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی قازانج ویستی سەرمایەدارییە… بۆیە ئامادەن بۆ پاراستنی ئەم نیزامە، دەست لەهیچ جۆرە توندوتیژییەک لەبەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و خاوەن داخوازی رەوادا، نەپارێزن.

رووی خامۆشی کۆمەڵەکان و وڵاتەکان، تەنها دیوی دەرەوەی نیزام و کۆمەڵگایەک دەخاتە روو، کە لەناو خۆیدا هەڵگری خەمی گەورەو ستەم و نابەرابەری و هەڵاواردن و چەوساندنەوەی هەزار سەری رەوایی پێدراوی  شاراوەیە… کە ئەم دۆخە هەمیشە لەبەردەم سیڵاوی تورەیی ناوخۆیدایە. ئەوەی ئیستا لە ئەمریکا روودەدات، تەنها نموونەیەکیەتی و لەهەر کۆمەڵگەو وڵاتیکیشدا، دەشی بەهۆکاری جیا جیا و بە فۆرمی جیاوازەوە نارەزایەتی جەماوەری خۆی نمایش بکات، و هۆکارێک یان چەند هۆکارێک ببنە فتیلەی گردانی تورەییەکان، بەڵام ناوەرۆکی هەموویان، بوونی نیزامی قازانج پەرستی سەرمایەداری و موسبەتەکانی ئەو نیزامەن لە بێکاری، گرانی، بیخانەو لانەیی، جەنگ، سەرکوت، هەڵاواردن، بێمافی…تاد.

ناوەراستی یونی ٢٠٢٠      

Leave A Reply

Your email address will not be published.