دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عوسمان زیندانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی…

0

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عوسمان زیندانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی…

بۆپێشەوە: سەندیکای کرێکارانی بیناسازی چەند ساڵێکە دامەزراوە، دەتوانن جارێکی تر بە کورتی گرنگی ئەم رێکخراوە بخەنە روو؟

عوسمان زیندانی: سەنديكای كريكارانی بيناسازی لەمێژووی كۆنی شاری سليمانیدا هەبووە لەسەردەستی چەند وەستاوكرێكاریك دامەزراوە، بەڵام له دوای ڕاپەرينەوە بە فەرمی مۆڵەتی وەرگرتوەوەو کار دەکات. كرنكی ئەم سەندیکایە بۆ رێکخستنی بەشێکی زۆری ناو چینی کرێکارانە، کە کرێکارانی بیناسازی زۆرترین ژمارەی کرێکار پێکدەهێنن، ئەم ڕشتەیەی ناو چینی کرێکار گرفت و کێشەیان زۆر توش دەبێت بەحوکمی سروشتی قورسی زۆری کارکردنە کەیان بەتایبەتی ئەو بەشانە کە کرێکاری ڕۆژانەن پێویستی زۆریان بە رێکخستن هەیە.. کرێکار پێویستی بە رێکخستن و هوشیار کردنەوە و ئاراستەکردن هەیە، گرنگە سەندیکای تایبەت بەخۆیان هەبێت…

بۆپێشەوە: دەتوانن بە کورتی ئاماژە بەو کارانە بدەن کە رێکخراوەکەتان، لە خزمەت کرێکاران بەگشتی و کرێکارانیی بیناسازی بەتایبەتی ئەنجامی داوە؟

عوسمان زیندانی: یەکەمین کارێک کردبێتمان، هەڵبژاردنی لیژنەی سەندیکاییەکانە بۆ کرێکارانی رۆژانە لە سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید و لەکارگەکانی چیمەنتۆی سەرچنار و تاسلوجەو بازیان و دروستکردن و دانانی نوێنەری کرێکاران بە ئیمزای کرێکاران خۆیان لە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا سانەویەکانی ناو پرۆژەو کارگەکان… هاوکات سەردانی مەیدانی لیژنەکان و ناوەنەکانی کارو لێپرسینەوە لەهەلومەرجی کرێکاران و دیکۆمێنت کردنی روداوەکانی کارو سکاڵاتۆمار کردن لەسەر خاوەن کار لە رووداوەکانی کاردا و بڵاوکردنەوەی رووداوەکان بەمەبەستی هوشیارکردنەوە لەمەترسیەکانی شوێنی کارو سازدانی چەندین ۆرک شۆپ بۆ هوشیاری کرێکاران و ئەنجامدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتن و ئیمزا کۆکرنەوە لە پێناو ماف و داخوازییەکانی کرێکاراندا کە لە زۆریاندا سەرکەوتوبووین لە گێرانەوەی حەقدەستی کرێکار لەخاوەنکار بەملیۆنەها دینار لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا…

بۆپێشەوە: سەرباری کاری ئیوە، بەڵام هێشتا دۆخی کرێکارانی بیناسازی زۆر خراپە، بەتایبەت قوربانیانی ئەم بەشە بەهۆی نائەمنی شوێنی کار و نەبوونی پیداویستی کارەوە، بەردەوامە، لاتان وایە دەبێ چ بکرێت، تا کرێکارانی بیناسازی لەهەلومەرجێکی باشتردا بێت؟

عوسمان زیندانی: راستە سەرباری هەوڵ و چالاکیەکانی ئێمە بەڵام رەوشی کرێکاران خراپە لە رووی بیكاری و سەلامەتی شوێنی کارەوە، بەهۆی گرنگی پێنەدانی حکومەت بە ژیانی کرێکاران و پانەندنەبوونی خاوەنکار  بە رێنمایی و یاساکانەوە، چونکە ئەم حكومەتە حکومەتی سەرمایەداران و گروپی دەست رۆشتوی دەسەڵاتی هەرێمە، نەک حكومەتی خەڵک و کرێکاران. وە دەبێت کرێکاران زیاتر خۆیان رێکبخەن و هوشیارانەو بەیەک دەست و بەیەک گوتاری کرێکاریی و سەربەخۆیانە بێنە مەیدان بۆ مافەکانیان و کەڵک لەهەموو شێوازەکانی خەباتی سەندیکایی و دیموکراتی و مەدەنی و سیاسی وەربگرن و بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بزانن دەنگ بەکێ دەدەن و بەدەست و دەنگی خۆیان حکومەتێک دروست نەکەن کە دزی مافەکانیان بێت و گرنگی بەهوشیاری خۆیان بدەن بەتایبەت لەرووی یاسای کارو کاری سەندیکایی و خانەنشینی کرێکارانە و چونکە یاسا رێگەو چەکێکە بۆ داکۆکیکردن لە کرێکار و مافەکانی…

بۆپێشەوە: هاوکات لەگەڵ ئێوە، ریکخراوی کرێکارانی بیناسازی هەیە، پەیوەندیتان لەگەڵیان چۆنە؟ وەئایا جیاوازیتان چییە؟ بیرتان لەوە نەکردۆتەوە ببنە یەک رێکخراوەی کرێکارانی بیناسازی؟

عوسمان زیندانی: دەربارەی رێکخراوی بیناسازی پەیوەندییەکی ئاساییمان لەنێواندایە و ناوە ناوە کارو چالاکی هاوبەش دەکەین و ئێمە بڕوامان بەفرە رێکخراوەیی هەیە، بۆکرێکاران دەکرێت چەندین رێکخراوەی تریش هەبێت و کاری هاوبەش بکەن و دووربکەونەوە لە ململانیی یەکتر و لەسەنگەردابن بۆ رووبەرووبوونەوەی خاوەنکارو حکومەت تا مافەکانیان بپارێزن.

 بۆپێشەوە: ئەگەر پەیامێکتان هەیە بفەرموون…

عوسمان زیندانی: دوا پەیامم ئەوەیە تا نیزامی سەرمایەداری مابێت، چەوساندنەوەی کرێکاران دەبێت. بۆیە دەبێت کرێکاران یەکبگرن وەکو مارکس دەڵێت: خەباتی سیاسی هاوشانی خەباتی سەندیکایی و پیشەیی بکەن، تا رزگاریان دەبێت بەیەکجاری لە چەوساندنەوەو بێمافی.

سوپاس بۆ ئێوە، من بۆخۆم لەباری دەروونیەوە زۆر ئارام و ئاسودە دەبم کاتێک کارێک بۆ کرێکار دەکەم و سەرکەوتوودەبم وەکو کارێکی سەرشانم ویژدانی خۆمی دەزانم.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.