بەشێكی تر لەقەسیدەی ئاهێکی سەرد
بەشێكی تر لەقەسیدەی
ئاهێکی سەرد
لێرەوە یاخی بونی خۆم ڕادەگەێنم
بەدایكم. دەڵێم ئیتر لەكاتی نوێژ كردندا
ڕونەكاتە قیبلە
پەنجەی شایەتومانی نەجوڵێنێت
لێرەوە تەنیایی. خۆم ڕادەگەێنم
بێزاری خۆم بەقەڵەمێكی مۆردەنوسمەوە
غەریبی خۆم وەك گەڵای دار بەڕویەكی تەنیا هەڵدەپاچم
لێرەوە یاخی بوونی خۆم ڕادەگەێنم
شێتی خۆم بۆ ڕوبارێكی سەر هەڵگرتو دەگێڕمەوە
كەسێكم نەدی ئاو بژەنێت
باران ژیر كاتە وە
خوایەك لە بەفر دروستكات
عیسایەك لەدار داتاشێت
ئەوەی منی كوشت تۆنەبویت
ئەو بەیانیە بوو كەبەلاما دەڕۆشت و
ئاوڕێكی لێ نەدەدامەوە و
ئەو مناڵە سواڵكەرە بوو
كە بەبێ لێدانی دەرگا دەهاتە ژورێ و
شەڕی شكانی ئاوێنە و
ئەتك كردنی ئینجانە كانی پێدەفرۆشتم
ئەوەی خۆمی لەخۆم جیادەكردەوە
تۆ نەبوویت
كوژرانی ئەو چۆلەكانە بوون كەلەپرسەی
نامە ئەرخەوانیەكانی خوادا دایان دەگیرساندن
وەك كراسی بەری ژنە شەهیدێك هەڵیان دەگێڕانەوەو
چەند جارێكیش ئەم دیوە و دیویان پێدەكردن
ئەوەی منی ترساند تۆ نەبوویت
ئەو ئێوارەیە بوو
كە بانگیان تیا نەدەدراو
پاساری خەونە كاڵەكانم باڵە فڕەیان تیا نەدەكرد
نازانم نا ئەم لاشە مردووەم چۆن چۆنی بنێژم
ئەم ڕۆحە شەكەتەم لەچ تابوتێكا زیندانیكەم
ئەم سێبەرە شكاوە چۆن لەخۆم بتۆرێنم
ئەوەی منی كوشت تۆ نەبوویت
ناڵە ناڵی ئەو دەروێشە چاو شینە بوو
كە شەوانە شەڕی لەگەڵ ئیبلیسدا دەكرد و
بەیانیانیش ڕۆحی بەشمشێرەكەیدا هەڵدەواسی
منێك من چۆن چۆنی بەلای كوژرانی خۆما بڕۆم و
خۆمم پێ هەڵنەگیرێت وە و
دەستە تەزیوەكانم
لەگیرفانی شەرواڵە شڕەكەمدا بۆحەشار نەدرێت
ئەوەی منی، گریان تۆ نەبوویت
ئەم قەدەرە شوشەییەی خۆم بوو
كە زوو زوو هاڕەدەكات و
دەم تاسێنێت
منێك من
چۆن چۆنی ئەم هەناسە شكاوانەم
لەیەك بەمەوە
لەكوێ لەم وەرزی ونبونەمدا بەفرێك دادەكات
ئاخر ئەم بایە چۆن چۆنی دەبێتە گۆرانی
ئەم بارانە چۆن دەبێتە ژمارەی هیچ
حەکیم میرزا