بۆرژوازی لە سێ مەشهەددا، دوا مەشهد کاتیەتی ئێوە بڕۆن!
بۆرژوازی لە سێ مەشهەددا، دوا مەشهد کاتیەتی
ئێوە بڕۆن!
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
لەو ماوەی دواییدا لەسێ مەشهەدی جیاوازدا، بورژوازی و نوێنەرانی سیاسیمان لە هەڵسوکەوت ومامەڵەیان بەهەلومەرجی ئێستای کوردستان و ژیان وگوزەرانی کرێکاران وبرسییەکان وبێکارانی مەملەکەتدا، بینی. یەکەم مەشهەد، دەرکەوتنی نێیچیروان بارزانی بوو لەلایەن پارتیەوە، کە ئێستا تاڕاددەیەکی زۆر ئیختیاری کاروباری سیاسی سەرمایەو نوێ نوێنەرایەتی بۆرژوازی لە دەستدایە. بارزانی لەو دەرکەوتنەیدا بۆ کپکردنەوەی توڕەیی وبێزاری کرێکاران وبرسییەکان وجەماوەری زەحمەتکێش لەبەرامبەر ئەو شێوە ژیانە پەست و ڕەزیلانەیەی کە بەسەر چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش سەپاندویانە، پەنای بۆ پیشەی هەمیشەیی و قەدیمی بۆرژوازی، بۆ میللەتبازی بردو هەمووانی بەیەکەوە خستە ناوتورەکەی میللەتەوە تا بەڵکو هەموان لەژێر دەسەڵاتی ئەم کەمایەتییە سەرمایەدارە، تا هەتاهەتایە چەوساندنەوە وەک تەنها شانسی خۆیان لە ژیان قبوڵ بکەن، باری قەرزو قۆڵی نجومی سەرمایەکانیان بەچاوپۆشین ودەست شۆرین لەهەرجۆرە ژیانێکی محتەڕەمانەی شایەنی مرۆڤ بەکۆڵەوە بگرن و ئەو شێوە ژیانە پەست و نزمە کە سەرمایەو بورژوازی خەت و نیشانەی بۆ کێشاوە، بە حوسن و ڕەزای خۆیان تەحەمول بکەن و لەچاوەڕوانی ئەوەدابن، بەڵکو وا ڕووبدا کە کرێ وموچە ناچیزەکەیان مانگێک یان ساڵێک لە کاتی خۆیدا وەربگرن، بەڵکو یەک پێچ مەمرەو مەژیەکی باشتریان هەبێ. لە مەشهەدی دووەمدا مەلا بەختیارمان بینی نوێنەرو قسەلوسی حیزبی دووەمی سەرمایە و بورژوازی لە کوردستان کە لە نووسینێکیدا لە ئاماژە بەناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و برسییەکانی ئەمریکا بە کوشتنی جۆرج فلۆیدو بە هەڵاواردن و جیاکاریەکی ڕەگەزی کە سەرمایەو دەوڵەتەکەی، بەسەر چینی کرێکارو کۆمەڵگەدا سەپاندویەتی، پەنای بردۆتە بەر مارکس و دەڵێ مارکس قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێ هەندێک ڕۆژ لە مێژوودا هەیە (کە ڕوداوی بیست ساڵ لەیەک ڕۆژدا دەتەقێتەوە و جاری واش هەیە لە یەک ڕۆژدا ڕوداوی بیست ساڵ دەقێتەوە). دواتر لیستێک فاکتەر ڕیز دەکاو سەرەنجام بەوە دەگا ئەگەر لەکاتی خۆیدا فریا نەکەون و یەکڕیز نەبن ڕەنگە کە کوردستان بەهەمان شێوەی ئەمریکا بگەیێنێتە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بیگەیەنێتە ئەوساتانە لەمێژوودا کە ڕوداوی بیست ساڵ لەیەک ڕۆژدا بتەقێتەوە. لەمەشهەدی سێهەمدا شاسوار عبدالواحدمان بینی، ئەو سوارچاک (شوالیە) گەنجەی سەرمایە کەبە نیازە بە کۆمەکی هاوڵاتیانی بێکارو بێ ئایندەی کۆمەڵگەو جەماوەری برسی، ئەویش لە دنیاو بازاڕی سیاسەتی سەرمایەو چینەکەی خۆی، چینی سەرمایەدار، جێگەیەکی قایمتر پەیدا بکا، چونکە سیاسەت وحزب هەبوون و لە قودرەت ودەسەڵاتدا بوون، تەنها ڕێگاو باشترین ڕێگایە بۆ دڵ تەئمینی سەرمایە و کەسب و کاری مفت لە بازاڕی کارێکی هەرزان و بێ حیساب کە بۆرژوازی بە زۆرو قەهری دەسەڵات و قودرەت بەسەر چینی کرێکارو جەماوەری برسیدا سەپاندویەتی. لەودیوی ئەو سێ مەشهەدەی نوێنەرانی سیاسی سەرمایە و بۆرژوازی، مەشهەدێکی تر بە بەرینایی کوردستان لەئارادایە، مەشهەدی ناڕەزایەتی وخواستی ئاڵوگۆڕ، کە بە بەرینایی هەموو گەڕەک وکۆڵان و شاری ئەو وڵاتە گەواهی لەسەر پوچی و پەستی ئەوشێوە ژیانە دەدا کەدەسەڵاتی ئەوکەمایەتییە سەرمایەداره، کردویەتیە بەشی کرێکاران ولەشکری هەر ڕۆژ ڕوو لەسەری بێکاران و لاوانێک کە لەسەرەی بوون بە کرێکاری کرێگرتەدا، دەستەکانیان لە دەرۆزەی کاردا درێژ کردوە. مەشهەدی کوردستانێکی بێ کارەبا، بێ سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆی گونجاو، بێ سیستەمی تەندروستی و خوێندن و پەروەردەی هاوچەرخ، بێ سیستەمی بیمەی بێکاری و بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستی، بێ موچە وبێ کرێ و بێ مەسکەنی گونجاو. بە کورتی بازاڕێکی مشەو هەرزان و بێ حیساب وکتابی کاری هەرزان و ژێر دەسەڵاتی ڕەهای سەرمایە. پەردەی کۆتایی مەشهەدەکە کەبە پانتایی هەموو کوردستانە، لە گەڕەک کۆڵانەوە تادەگا بەکارگەو کارخانە، لەفەرمانگەو شوێنی کارو ژیانەوە تادەگا بەزانکۆو قوتابخانە، مەشهەدی کۆمەڵگایەکە کە بەڕادەی پێویست لەو هەلومەرجە پەست و حقیرە و لەو شێوە ژیانە ڕەزیلانەیە بێزارو وەتەنگ هاتوەو ئیتر چینی کرێکارو جەماوەری برسی لاوانی خوازیاری ژیانێکی باشتر ڕێگایەکی تریان لەبەردەم دا نییە، جگە لە یەکلاکردنەوەی تەکلیف لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەو بۆرژوازی و داماڵینی خاوەندارێتی لە کەمایەتیەکی سەرمایەدار کە بەرهەم هێنەرانیان لەهەموو خاوەندارییەک داماڵیوە و دەستیان بەسەر کۆمەڵگەو هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەعادەت و ئازادی واقیعیدا گرتوە. ئەگەر خەڵک خۆشبەخت ناژین، ئەگەر مرۆڤ لەکوردستانێکی ئازادو یەکساندا ناژی، حیکمەتەکەی لە دەسەڵاتی سەرمایەو کۆیلایەتی کاری بەکرێ دایە، حیکمەتەکەی لەوەدایە زۆرینەی کۆمەڵگە لە هەموو شتێک دادەماڵن، جگە لە هێزی کاریان و زۆرینە دەگۆڕن بە کۆیلەی کاری بەکرێ کە بۆ زیندومانەوەی دەبێ بۆ سەرمایەو لەخزمەتی سەرمایەدا سعادەت و وزەو ئازادی خۆی بکاتە قوربانی. بێگومان ئەمە لەهەنگاوی یەکەمدا گرێی خواردوە بەم مەسەلەی سیاسەت و دەرهێنانی قودرەتی سیاسی لە دەستی بورژوازی. ئەگەر پەردە لەسەر ئەو مەشهەدە هەڵبگیرێ، ئەگەر چینی کرێکار، عونسورو تەنها هێزی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕو بەشوێن ئەودا سەرجەم هێزی برسییەکان و لاوان و ژنان و جەماوەری خوازیاری ژیانێکی باشتر لە دەوری پەرچەمی ڕادیکاڵیزم و یەکسانیخوازی کرێکاری لەجوڵانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئیرادەی جەماوەری کە داوای بەدەستەوەگرتنی ئیختیاری کۆمەڵگە دەکا، لە دەیان سەنگەرو شێوەدا، یەکگرتوبێت، ئەوکاتە بە پانتایی تەواوی کوردستان، بەقوڵایی هەر گەڕەک و کۆڵان وکارگەو فەرمانگەو شارو ناوچەیەک، مەشهەدێکی مەزن وبێوێنەی مێژوویی دەبینین، مەشهەدی سەرەتای لەدایک بوونی کوردستانێکی ئازادو خۆشگوزەران، مەشهەدی سەرەتای هەڵکردنی نەسیمی کوردستانێکی ئازاد لە دەسەڵاتی سەرمایە. ئەوکات بێگومان ئەوان لەسەر ڕۆیشتنن و دەبێ بڕۆن.
11.6.2020