یەکێتی و لامەرکەزیەت!

0

یەکێتی و لامەرکەزیەت!

ماوەیەکە پرسی لامەرکەزی لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی، هێنراوەتە گۆڕ و چ بزوتنەوەی گۆڕان و چ ژمارەیەک لە نووسەر و کەسایەتی سیاسیش پشتیوانی لەم مەسەلەیە دەکەن و پارتیش لاری لەم مەسەلەیە نییە.

هێنانەگۆڕی پرسی لامەرکەزی، وەکو فۆرم و ئەلگۆیەکی بەڕێوەبردنی ئیداری و مالی و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ئاستی لەخوارەوەی کۆمەڵگە و سوککردنی کاری هاوڵاتیان و بەخشینی دەسەڵات بە ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە قەزاو ناحیەکان، و تێکشکاندنی مەودای مەرکەزیەتی دەسەڵات لە ناوەند، بێگومان بەسودی جەماوەر و هاوڵاتیانە و لەوەش زیاتر گوێزانەوەی بۆ ئاستی خوارتر تەنانەت بۆ دابەشکردنی شارەکان بەسەر چەند کانتۆن، یان کۆمۆن و سپاردنی دەسەڵاتەکانی بەو کانتۆن و کۆمۆنانە، و زیاتر لەوەش پشت بەستن بە کۆبونەوەی گشتی هاوڵاتیانی ئەو گەرەکانە، لە کۆمۆمۆن و کانتۆنەکاندا، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئازادانەو راستەوخۆی خۆیان دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و جۆری بەرێوەبردنی گەرەکەکان و وەڵام بە گرفت و کێشەکانیان بداتەوەو راستەوخۆ خەڵک رۆڵی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان هەبێت.

ئەوەی کە یەکێتی نیشتیمانی ئەو پرسەی هێناوەتە گۆڕ، پەیوەندی بەوەوە نییە، کە بیەوێت پەراوێزی دیموکراتی بەرین بکاتەوە یان رۆڵی جەماوەری لە بەڕیوەبردنی خۆیدا بەفەرمی بناسێت و دەسەڵاتی مەرکەز لە دیکتاتۆریەت و بیرۆکراتیەت دابماڵێ و  شۆر بکاتەوە بۆ بەڕیوەبەرانی شار و شارۆچکەکان… تەنانەت بۆ ئەوەنییە کە بیانەوێت ئەلگۆ و فۆرمێکی نوێی دەسەڵاتدارێتی ببەخشن و کار ئاسانی بۆ هاوڵاتیانی شارو شارۆچکەکان بکەن.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پرسی چاکسازی وەکو کاردانەوەیەکی سیاسی وکارتێکی گوشار لەبەرامبەر پارتی و دەسەڵاتی پارتیدا بەدەستەوە گرتووە. پارتی لە چوارچێوەی کاری حکومەتداریدا لە پەیوەند بە دەسەڵاتی بەغداوە، لە پەیوەند بە وڵاتانی ناوچەکەو دنیاوە، لە پەیوەند بە بڕیاری سیاسی و لە پەیوەند بە سیاسەتی ئابوری و ئیمزاکردنی بۆندە ئابورییەکان و فرۆشی نەوت…. تا دەگاتە کۆنترۆڵی سیاسی و سیاسەت لە کوردستاندا، تا هاتووە جێگای بە رۆڵی یەکێتی و هێزەکانی تر چۆڵکردووە… لەم دەورانەشدا کە سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد چ وەکو ئەزمونێکی سیاسی نزیک بە ٣٠ ساڵە و چ وەکو دەسەڵاتی حزبەکانی بۆرژوازی کورد، توشی ئەزمەیەکی قوڵ و پێگەی بەرەوداکشان دەچێت، هاوکاتیش لەبەردەم نارەزایەتییەکی فراوانی جەماوەریدایە… یەکێتی لەدڵی ئەم هەلومەرجەدا لەلایەکەوە بۆ دەربرینی نارەزایەتی و خۆی لە پارتی و لەچوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتی نێوانیان لە هەرێمدا و لەلایەکی تریشەوە بۆ خۆ دەربازکردن لە نارەزایەتی فراوانی جەماوەری ئەم پرسەی بەدەستەوە گرتووە. هەروەها یەکێتی دوای کۆنگرەو ئارایشی نوێ سەرکردایەتیەکەی، هێشتا لەلایەن پارتیەوە بە فەرمی نەناسراوە و مامەڵەی پارتی لەبەرامبەریاندا جێگای نیگەرانیانە، هەموو ئەوانە پاڵنەری سەرەکین کە وایان کردووە یەكیتی پرسی لامەرکەزیەت بەدەستەوە بگرێت. بزوتنەوەی گۆڕانیش، کە راهاتووەو ئولفەتی بەوەوە گرتووە کە خۆی بە تورەیی نارەزایەتی جەماوەرەوە هەڵبواسێت، لەدۆخی ئێستادا کە سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی لەبەرەم تورەیی و نەفرەتی جەماوەریدایە و لەگەڵ بەغداش دەرگیری کێشەی موچە و پرسی نەوت و …تاد، بە چوونە پشت پرسی لامەرکەزیەت و بە هینانەگۆڕی ئەوەی کە چاو بە رێکەوتنیان لەگەڵ پارتیدا دەخشێنەوە، دەیانەوێ لەلایەکەوە کەشی هەڵسورانیان لە زۆنی سەوز باشتر بکەن و وەکو بلۆکێک لەگەڵ یەکێتی بەرووی باڵادەستی پارتی لە حکومەتدا بوەستنەوەو هاوکاتیش پارتی ناچار بکەن بەوەی کە بەشی زۆرتریان لە حکومەتداریدا پێبدات، هاوکاتیش دەیانەوێت شانی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بەشداری کردنیان لە حکومەتدا خاڵی بکەنەوەو جارێکی تریش خۆیان بە بزوتنەوەی فراوانی نارەزایەتی جەماوەریدا هەڵبواسن.

دیارە تا ئەو جێگایەی بە دەسەڵات دەگەرێتەوە، گومان لەوەدانییە چۆن پارتی خاوەن دەسەڵاتی زاڵی زۆنی زەردە و ئەو زۆنە پاوانی قەڵەمرەویی سیاسیەتی، ئاواش یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی دەسەڵاتی زاڵی زۆن سەوزو پاوانی قەڵەمرەوی سیاسی خۆیەتی. وەکەس ڕیگای لەهیچ کامیان نەگرتووە بەو جۆەری دەیانەوێت فۆرم و ئەلگۆی خۆیان لە بەڕیوەبردن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و زامنکردنی مافەکانی هاوڵاتیاندا، پراکتیزە بکەن و مۆدیلی نوێی حکومرانی سیاسی خۆیان بخەنە ڕوو. ئەوەی کە ٢٩ ساڵە لەژێر سایەی قەڵەمرەوی سیاسی خۆیاندا پیادەی دەکەن، ناوەۆکی سیاسی و رادەی دوورو نزیکیان لە خەڵک و مافەکانی هاوڵاتیان و پەرۆشیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئازادییەکان دەخاتە ڕوو… نە پارتی لە زۆنی سەوز خاوەنی دەسەلات و بریاری سیاسییە و نە یەکێتی لە زۆنی زەردا خاوەنی دەسەڵات و بریاری سیاسییە.

چ یەکێتی و چ پارتی هەر کامیان لە زۆنی ژێردەسەڵاتی خۆیان، بەرپرسیاری یەکەمی زۆنەکەی خۆیانن و کەسیش دەستی نەگرتوون کە فۆرمی باش و خزمەتگوازی پیویست و بەرپرسیایەتی دروست و زەمانەتی مافی هاوڵاتیان وئازادییەکان و جۆری بەڕێوەبردنی ئیداری و مالی بگرنە بەر… بەڵام بۆ ئەمە ناکەن؟ بەسادەیی لەبەرئەوەی دوو دەسەڵاتی بان جەماوەری، سەرکوتگەر و دزو تاڵانچی و پشت بەستو بەهیزی چەکدار و وابەستەی عادەتی نۆکەری پیشەیی بە وڵاتانی ناوچەکەن.  هیچ بروایەکیان بە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی ئاشتیانە، بە رۆڵدان بە جەماوەر، تەنانەت بە کایەی هەڵبژاردن و دیموکراسی” بەمانا باوە بۆرژوازیەکەشی” نییە.

جێبەجێکردنی پرسی لامەرکەزیش، لەلایەن دوو دەسەڵاتی پشت بەستو بەچەک و دەسەڵاتی مەرکەزی دوو بنەماڵەی بەزۆر داسەپاو لەهەر دوو زۆنەکاندا، لە وەهم وەهمترە، لە درۆش واوەترە…

     عەبدوڵا  مەحمود

کۆتایی ئایاری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.