تابلۆی باڵندە دەنووک سورەکە

0

تابلۆی باڵندە دەنووک سورەکە

هەفتەیەک بەرلەوەی دواماڵئاوایی  بکات، محمد عومەر عوسمان (ژەنەڕاڵی پایز)
زەنگێکی بۆکردم و وتی زۆر بێتاقەتم، منیش یەکەوڕاست  سەردانیم کرد بۆ ماڵەوەیان، دوای سڵاو و هەواڵپرسینی، یەکتریی
بەدرێژایی تەمەنی هاوڕێیەتیمان هیچ کات وەها نەمدیبوو، بێزار، بێتاقەت، جەستەیەکی لاواز، خەندە لەسەر ڕوخساری تۆرابوو .
هەمیشە  محمد عومەر عوسمان م وەک دواگەڵای پایزێ دەهاتە بەرچاو ، ئەو دەمەی پێدەکەنی، وەک سەمای گەڵایەک  وابوو کە بای وەشت دەیبردو دەیهێنا، کاتێکیش بێزاریی سەراپای داگیر دەکرد، هێندە لە توانایدا بوو  نەهێڵێ تۆ بێزار بکات.  نەیدەیهێشت ئەو بێزاریەی   هاوڕێکەشی  بگرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان جودا لەجاران، هەستم کرد، ژەنەڕاڵی پایز  غەرقی بێزاریی و خەم و ئەو  دنییایە بووە کە بۆتە بار بەسەر شانیەوە و ڕۆژانە دڵی دەکرۆژێ،
بەتایبەت لەدوای مەرگی دایکی  محمد عومەر عوسمان، تەڵێ لەبڕبڕەی پشتی  وردو خاش بوو، توانای هەنگاو و ڕێ ڕۆشتنیشی نەما،  ئەژنۆی شکا.
لە هۆڵەکەیان  بەرەو کتێبخانەکەی ڕۆیشت و تابلۆیەکی داگرت، وتی ئەم باڵندەیە، باڵندەیەکی زامدارە و پێکراوە بۆیە دەنوکیم سور کردوە، بەردەوام بوو لەسەر دوواندانی لەسەر تابلۆکە و وتی ئەم تابلۆیەم بە تووێکڵی هێلکە کێشاوە، بەڵام جارێ بەدڵم نییە، دەترسم توێکڵی هێلکەکان هەڵوەرێ، پێی وتم ئاگات لەدەستت بێ. ،
وتی:(ئەم باڵندەیە، لەلایەن ڕاوچیەکانی شارەوە زامدارکراوە، لەپێناوی ژەمێکی سەرمێزی ڕابواردنیان، ئەوانە ئاسمانیشیان لەباڵندەکان تەنیوە، وا خەرکە فڕینیان لەبیر دەچێتەوە، هەرکاتێ بەویستی ئەوان نەخوێنن لەقەفەسدا بێدانی دەکەن، تاوەکو لەسەرماو لەبرسانا  ڕەق ببنەوە،  ئەوانە کوا لەزمانی فڕین دەگەن، کەی لە ئاوازی کەناریەک حاڵی دەبن کەلەقەفەسەکەیدا، لەجیاتی  سروتێکی خۆشنودی دروست بکا بۆیان، نەغمە بۆ ئازادی و سەربەستی دەچڕن، گۆرانی  بۆ  وێرانکردنی هێلانەکانیان  دەڵێنەوە، دەمەو ئێوارەیەکی درەنگی  چۆل و  هۆلی شار.
ئیتر  ئاسمانێک شک نابەن بۆ فڕین، باخچەیەک نابینن ڕازاوە بۆ سەماکردن. تاوەکو جوانتر بخوێنن. بۆ  وێناکردنی جوانی  سروشت،(محمد عومەر عوسمان)  دوایی کاتژمێرێ ئیتر  پێی گووتم با بەتەنیابم) بۆیەکەمجار  لەو مرۆڤە جوانە ببیستم ، پێم بڵێ با بەتەنها بم، لە تەنهایەکەی تێگەیشتم کە پێویستی بە  ڕامانێکی قوڵ هەیە، خۆی و خۆی  پێکەوە ئەنجامی بدات،
دواجار پاش لەئامێز گرتنی، ماڵئاوایم لێکرد، ئیتر ئەو بینینەبوو. نەمبینیەوە…

جمال نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.