داڕمانی ئابووری و بێکاری بێشومار لە ئەمریکا … ژمارەی بێکاران ٤٠ ملیۆنی تێپەرکرد
داڕمانی ئابووری و بێکاری بێشومار لە ئەمریکا
ژمارەی بێکاران ٤٠ ملیۆنی تێپەرکرد
سالار حەمە سەعید
لەگەڵ قەیرانی کۆرۆناڤایرۆس و جێبەجێکردنی ڕێکارە توندوتۆڵەکان وقەدەغەی هاتووچۆ ژمارەی داواکارانی بیمەی بێکاری بەردەوام لە هەڵکشاندایە لە ئەمریکا، سەرەرای شلکردنەوەی رێکارەکان و لابردنی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام هێشتا بێکاری بەڕێژەی ٢.٤ ملیۆن هەفتانە هەڵدەکشێ.
ڕێژەی سەرسوڕهێنەری بێکاری لەم قەیرانە ئابووریەدا بە ڕووداوێکی گرنگ و بێ هاوتا دادەنرێ لە ٧٠ تا ٨٠ ساڵی رابردوودا کە هاوتای قەیرانە ئابووریە گەورەکانی سەدەی پێشووە. بێکاری کە تەواوی ئەمریکای داگرتووە لەو کاتەوە بەتایبەتی کە کۆرۆناڤایرۆس بۆتە هۆی داخستنی کۆمەڵگە و ڕێکارەکانی مانەوە لەماڵەوە جێبەجێکراوە لە هەوڵدان بۆ ڕاگرتن و بڵاونەبوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە.
سەرمایەداران دەزانن کاتێ ناتوانن دەرگای فەرمانگە و فرۆشگا و دوکان ومۆڵ وبازاڕەکان بەکراوەیی بهێڵنەوە و دوکان وبازارەکان دەبێ دابخرێ بەوپێیە ناتوانن بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە وە دەزانن کە مومکین نییە لەوەها بارو ڕەوشێکدا پارەپەیدا بکەن و یا دووبارە بیخەنەوەگەڕ، لەبەرئەوە چی دەکەن، کرێکاران لەسەرکارەکانیان دەردەکەن، تەنها لەبەر یەک هۆ کە ئەویش قازانجە. قازانج تەنها پاڵنەری سەرمایەدارانە بۆ هەرکار وچالاکیەکی بازرگانی وە کاتێ ئەم قازانجە لە سایەی وەها بارورەوشێکی تایبەت و بێ هاوتادا دابین ناکرێ، سەرمایەداران پەنادەبەنە بەر دەرکردنی کرێکاران تا لە هەزێنەی خەرج و مەسرەفیان کەم بکەنەوە و لەم ڕێگەیەوە بتوانن قازانجیان دەستەبەر بکەن.
زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا خەریکی خستنە پرۆسەی داواکانی بیمەی بێکاری ئەو ژمارە زۆرەن کە کەڵەکەبووە و هێشتا وەڵامیان پێنەدراوەتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارەکانیان لەدەست داوە لە ئەمریکا لە ١٠ هەفتەی رابردوودا ٤٠ ملیۆنی تێپەرکردوە لەبەرئەوەی ژمارەی داواکارانی یارمەتیەکان لە دەوڵەت یاخود بیمەی بێکاری بەڕێژەی ٢.١ ملیۆن کەس زیادیکردەوە لە هەفتەی پێشوودا.
ئامارەکانی وەزارەتی کار پیشانی دەدات کە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئەمریکا ئیش وکارەکانیان لەدەستداوە لە مانگی نیساندا کە ڕێژەی بێکاری گەیاندۆتە لەسەدا ١٤.٧ لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە مانگی مارسی ئەمساڵ دا لەسەدا ٤.٤ بووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە سەرەرای کەمبوونەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان بە بەراورد لە یەک دوو مانگی پێشوودا و ئەگەرچی ڕێژەی بێکاریەکە کەمێک هیۆربۆتەوە، بەڵام داواکارانی بیمەی بێکاری و یارمەتیەکان لە دەوڵەتەوە هەفتانە بەردەوام لە زیادبووندایە، دەتوانرێ بووترێ کە ئەم ڕێژەیە لەو بێکارییە ملیۆنییە هاوتای نەبووە لە قەیرانە گەورەکەی دەیەی ٣٠ یەکانی سەدەی پێشووەوە کە پێی دەگووترا ”کەسادی گەورە”.
هەروەها ئەم بێکارکردنە هەموو بوارەکانی پیشەسازی گرتۆتەوە، بەڵام هەندێکیان لەویتر خراپترو وێرانکەرتر. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار، ئەم مانگە پیشەسازی بواری گەشت وگوزار و میوانداری زۆر بەخراپی زیانی پێگەیشتووە ئەویش بەوەی ٤.٨ ملیۆن کرێکار وکارمەندی ئەم سێکتەرە بێکار بوون لەم بوارەدا کە دەکاتە لە سەدا ٤٠ ی ڕێژەی بێکاری ئەویش هەروەک دەزانین لەبەرئەوەی کە گەشت وگوزار و سەفەر بەتەواوی ڕاگیردراوە. هەروەها ملیۆنەها کەس لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە وفێرکردن وکارگەو فرۆشگاکان بێکارکراون.
ئەوی ڕاستی بێت تەنانەت پاش تێپەڕبوونی چەند مانگ لەدەست پێکردنی ئەم قەیرانی کۆرۆناڤایرۆسە وداخستنی تەواوی بوارەکانی کار وپیشەو سەنعەت هێستا زووە کە بتوانرێ رێژەی تەواوی بێکاری بزانرێ و وێنەی تەواوەتی بکەوێتە دەستەوە. بەکردنەوەی دووبارەی بازاڕ وفەرمانگە وکارگەو کۆمپانیاکان دوای شلکردنەوەی ڕێکارە توندوتۆڵەکان و قەدەغەی هاتووچۆ، هێشتا زووە تا بزانرێ مەودای قووڵی ئەم قەیرانە بەسەر کرێکاران و بێکارانەوە .
٢٩ی مایسی ٢٠٢٠