تۆفان لەئەمریکا! قسەیەک لە بارەی جوڵانەوەی (ژیانی ڕەش گرنگە)

0

تۆفان لەئەمریکا!

قسەیەک لە بارەی جوڵانەوەی (ژیانی ڕەش گرنگە)

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

ئەمریکا لەتۆفانێکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیدا دەژی و ئەوتۆفانە خەریکە سەردەکێشێتە ئەوروپا. ڕواڵەتی مەسەلەکە کوشتنی پڕئازارو خوێن ساردانە و پڕلە سوکایەتی ئینسانێکی ئەسمەرە. بێگومان ئەمە لەیەکەم نیگادا ڕاستە و کاردانەوەی بەرحەقی کۆمەڵگایە بە رامبەر بە دەستدرێژی کردنێکی حقیرانەبۆ سەرژیانی ئینسانێکی ئەسمەر. بەڵام تەنیا کاردانەوەیەک نییە بە اجحاف ودەسترێژییەکی فەردی، بە کارێکی لەدەست دەرچوو لەکاتێکی دیاریکراودا، بەڵکو لەجەوهەردا کاردانەوەیە بەرامبەر بە اجحاف و دەستدرێژییەکی کۆمەڵایەتی کە سەرمایە ونیزامی کۆیلایەتی کاری بە کرێ و دەوڵەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی لە ژیانی کۆمەڵایەتی وئابوری فەرهەنگیدا جێی خستوە.  جوڵانەوەی (ژیانی ڕەش رەنگە) پەرچەمی ئەم( نا)یە یە بەم واقیعیە تەقێزەونە.

ئەم جوڵانەوەو تۆفانەخیابانییە کەسەرۆک کۆماری دنیای دیموکراسی لەکۆشکی سپی داگەمارۆدا و خەریکە دیموکراسی ڕۆژئاوا بە تەواوی وەحشیگەریەکەیەوە، بەتەواوی پۆلیس و قەهرو سەرکوتی کێشاوەتە بەرامبەر لێپرسینەوەو دادگای ویژدانی ئازادیخوازی مرۆڤایەتییەوە، بەجۆرێک کە ترامپ، ئەم فەخرەی دنیای دیموکراسی و تاکپەرەستی بورژوازی، هێنایە پای هەڕەشە و ڕایگەیاند کەئەوان سەگی زۆرهارترو دڕندەتریان هەیە کەبەریان بدەنە گیانی خەڵک و ئەگەر ئەوەش دادی نەدا سوپایەکی بەهێزیان هەیە کەسەرکوت دەست پێبکا.

بێگومان ئەمە ڕەنگە شۆکێک بێ بۆ کەسانێک تاچەند دەهە لەمەوپێش وابیریان دەکردەوە کەسەرمایەداری نەک هەرمومکین ترین، بەڵکو خوازراوترین شێوەی ژیانە بۆمرۆڤ وبۆخۆشبەختی وئازادی نەوعی مرۆڤ.

بەڵام تازە مرۆڤایەتی خەریکە پێدەنێتە یەکێک لەچارەنوسسازترین هەلومەرجی مێژووییەوە کە تیایدا بەپێی نیازو پێویستییە ماددی و واقیعیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی و بە ناچاری چاوی بەسەرئەو واقیعیەتە بنەڕەتیترانەدا کە

ڕێگری خۆشبەختی وخۆشگوزەرانی و ئازادی مرۆڤن، سەرچاوەی تەحقیر و پەستی و داماوی ئابوری وکۆمەڵایەتین، بەسەر واقیعیەتی ژیان لەنیزامی کۆیلایەتی کاری بەکرێدا، دەکرێتەوە.

دیموکراسی ڕۆژئاوا وەک لانی هەرەزۆرو ئەوپەڕی شانس و بەشی مرۆڤ لەژیان و ئازادی کەسەرمایەو بۆرژوازی دەتوانێ بیدا، بەوپەڕی خۆی گەیشتوە و ئێستا دیارە کە خودی ئەم لانی زۆرە لە ئازادی وسعادەت کەبورژوازی دەتوانێ بە بەشەرییەتی بدا، چەندپەست و ناکۆکە بە ئازادی و خوشبەختی واقیعی مرۆڤ.

بەکورتی ئەوەی لەئەمریکادا ڕوودەدا مێژوو کردەو مۆری دینامیزمە بنەڕەتیترەکانی مێژووی هەڵگرتوەو سەگەهارترەکان و پۆلیس و سوپاو قەهری دەوڵەتی بۆرژوازی هەرچەندەش هارو دڕندەتربن و، هەرچەندیش بتوانن سەرکەوتنی لێرەو لەوێ بەدەست بهێنن، بەڵام ئیتر دوور دێتە بەرچاو کەبتوانێ سەرکەوتنێکی درێژخایەنتر بەدەست بهێنن و ئەم بێداربوونەوەو چاوکرانەوەی بەشەرییەت بەسەر پێویستی و لەئیمکاندابوونی ئازادی وخۆشبەختی بگەڕێنێتەوە چوارچێوەی ڕیوایەتی قەڵب و پەستی  بورژوازی لەژیان ولە ئازادی.

مێژوو لەگەڵ کۆرۆنا و کوشتنی حەقیرانەی جۆرج فلۆید لاپەڕەیەکی تازەی کردەوە کە  یەکەم دێڕەکانی بە ڕاگەیاندنی نەفرەتی گشتی لەجوڵانەوەیەکی خیابانی کە لە تایتڵی (ژیانی ڕەش گرنگە) بۆ بەرگری لە خودی بەهای ژیان وقودسیەتەکەی، دەستی پێکرد و خەریکە لە باری مێژووییەوە، وەک پێویستییەکی مێژووکرد و چارهەڵنەگر ئەمری ڕزگاری مرۆڤایەتی لە دەسەڵاتی غۆلی پیرو لەپێکەوتوی سەرمایە ودەسەڵاتەکەی، دەخاتە گرەوی هێزو قودرەتی کرێکارو چینی کرێکاری کرێگرتەو کۆمۆنیزمی یەکسانیخوازی ئەم چینەو شۆڕشی کرێکارییەوە. بەشەریەت دەبێ لەوجەنگەدا سەربکەوێ و بۆ سەرکەوتن لەو جەنگە سەرکەوتنێکی کریکاری تر پێویستە، سەرکەوتنێک کە مانیفێستی کرێکار بۆئازادی وخۆشگوزەرانی نەوعی مرۆڤ دەباتە سەنتەری سەرجەم خەباتی دنیای متەمەدینەوە.

تائەوکاتە تەواوی هەوڵی مرۆڤایەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی واقیعی وبە کۆمەڵگەی ئازاد و ئیشتراکیی مرۆڤی ئازاد، وەک یۆتۆپیایەک، خولیایەکی ڕەسەنی بەدینەهاتوو لە مێژوودا دەمێنێتەوە.

2.6.2020

.

Leave A Reply

Your email address will not be published.