تابلۆی Waiting یا ترس لە سڕینەوە
تابلۆی Waiting یا ترس لە سڕینەوە
تابلۆی waiting واتای چاوەروانی، لەلایەن هونەرمەندی تەشکیلی دلشاد کوێستانی، نەخشێنراوە،
هونەر بەگشتی، ئەو ژانەرەیە مرۆڤ دەتوانێ لەو ڕێگایەوە دیوی ناوەوەی خۆی، تەوزیف بکات، بەواتا فیگەری هونەری شێوەکاری، گەیشتن نییە بەڕێگایەکی دیاریکراو، بەڵکو خودی ڕێگاکەیە، لەو ڕێگەیەوە هونەرمەند بۆ کیشوەرێکی تر دەگەڕێ، کە خۆی تیا دەبینێتەوە، ئالێرەوە ئەرکی هونەرمەند، دەردەکەوێ چۆن و بەچ میکانیزمێکی هونەری دەتوانێ ئەو پەیامە ئینسانییە تەوزیف بکات، یاخود دنیابینی خۆی و ڕوئیای ئیستاتیکیانەی نمایش بکات.
لێرەدا هونەرمەند کوێستانی ئیش لەسەر سیمۆلۆژیا دەکات لە کارە هونەریەکانیدا، واتە دلشاد دەیەوێ لەڕێگای ڕەنگەکانەوە، ئەو وێنەیەی کە لەئەندێشەو بیرو هزریدایە لەسەر تابلۆیەک وێنای بکات، کوێستانی لەتابلۆی چاوەڕوانیدا، پۆترێتی دەم و چاوی ژنێکی نمایش کردوە، کاتێک ورد دەبیتەوە لەم تابلۆیە کەناو نراوە چاوەڕوانی، جگە لە هێماو نیشانەو گرژی کە بۆتە سترێسێک بۆ دەم چاوەکە، دلشاد وانیشانی دەدات، ئەم شێوەیە هێمایەکە بۆ چاوەڕوانی، بەڵام ئەوەی زیاتر تابلۆکەی جوانتر کردوە، هەر ئەوە نییە کە دەم چاوەکە لەدۆخی چاوەڕوانیدایە، بەڵکو جورێک لە ترس و شکست و تاڵە داوێکی ئومێد ماوەتەوە لەلای ئەم دەم وچاوە، لەترسی ئەوەدایە. چاوەڕوانیەکەی دواجار نەیگەیەنێتە دۆخێکی ئارامی و جێگیر. دلشاد وریایانە مامەڵەی لەگەڵ ڕەنگەکاندا کردوە، بەشێوەیەک هارمۆنیەتی ڕەنگەکان و وێناکردنی. بەرجەستەبکات.
دڵشاد لە وێناکردنی تابلۆی چاوەڕوانی وێنای مەسەلە (هەستی و هزرییەکان) لەڕەنگ وشێوە وجووڵە و جێگە و زەمەن و ڕوناكی دیاری دەکات.
واتە هونەرمەند دەیەوێ لەڕێگای نمایشکردنی ئەم دەم وچاوە پڕ لە ترس و ڕاڕایی و چاوەڕوانییە بینەر بەدوای هۆكارەکەیدا سەرقاڵ بکات و بە ماندوبون کەشفی ئەو دنیا شاراوەیە بکات، کە پڕن لە دەم و چاوی پڕ لەچاوەڕوانی .
وێنە دیدەییە ستاتیکیەکانی دلشاد کوێستانی بوارێکی شیکاری لەبەردەم بینەردا دەکاتەوە، تاوەکو دواتر بینەر خۆی بتوانێ ڕۆبچێتە نێو وردەکاری ئەو (چاوەڕوانی)یە .
جەمال نوری