بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد
بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد
ئەو هەموو ئەستێرانەیان ئەتك كرد
ئاسمان ورتەیەكی لێوە نەهات
مانگ پارچەیەكی لێ نەشكا
دەریایەك مانی نەگرت
قوپتانێك
شەپقەكەی دانەگرتە خوارێ
ئەو هەموو بوكە شوشانەیان شكاند
ماسیەك نەگریا
دۆلفینێك ئاگرێكی نەكردەوە و
پشكۆیەك لەبەر دەرگای ماڵی خوادا یەخەی خۆی دانەدڕی
سەری ئەو هەموو دار سنەوبەرانەیان بڕی
فرمێسكێك لەچاوی شمشێری دەروێشێكەوە
نەكەوتە سەر پەڕەی قورئانێكی
سەر بەرەوخوار هەڵواسراو
ئەو هەموو ئینجیلەیان سوتان
سەلیبێك لەگەردنی یەسوس نەڕژایە خوارێ
فرمێسكێك خۆی نەخستە كوپەیەكی شكاوەوە
باڵندەیەك ئەم هەواڵەی بەپۆستێكی سپیدا نەگەیاندە عەرشی عەزیم
ئەو هەموو كراسە ئەرخەوانیانەیان
لەبەری كچە عازەبەكانی شەنگالا دڕاند
سەرۆك لەبەر دەرگای ماڵی هەنسكی
بێوە ژنێكا ڕانەوەستا
تۆ بڵێ خودایە
تۆبڵێ
دانیشتنی دوێنێ شەوی منوو تۆ
لەسەر مێزێكی قاچ شكاو
گفتوگۆیەكی سەرپێی بوو
یان پێكەوە سەردانی ئەو گۆڕانەمان كرد
كە تائێستاش بۆنی فرمێسكی فریشتەكانی
ئەم عەدەمەی لێدێ
نا خودایە
ئەگەر ئەمجارە هاتیتە خوارێ
سەبەتەیەك ئەستێرەی شكاومان بۆ بێنە
بەرچنەیەك شمشێری دۆڕاومان بۆفڕێدەرە خوارێ
لەبەر دەرگای هەر یەكەمان مشتێ گڕی سەوز بچێنە نەبا سۆفیە دڵ شكاوەكان
لێمان دڵگیر بن كاتێك لەسەفەری مردن
دەگەڕێنەوە
خودایە تۆبڵێی ئەم وجودە
بریتی بێت لەژمارەی هیچ
لەسكاڵای بێ كراس لە ماچی بێ شەپقە
لە هەنگاوی شكاو
لەگۆرانی بێ سەرو بەر
لە خەوی بێ ناونیشان
دادەبەزێت
وەك خەمێكی سپی
وەك ئازارێكی نارنجی
بەخۆی و باڵایەكی بەرزەوە
بە دوو چاوی هەنارییەوە
بەسنگێكی شمشاڵییەوە دادەبەزێت
جارجارە لەودیو پەنجەرەكەمەوە ڕادەوەستێت
سەرێكم لێ ڕادەوەشێنێت
بە بارانا كراسێكی شینم بۆ دەهێنێت
وێنەی باوەش و ماچێكم لەسەر ڕۆحی بۆدەكێشێت
بێدەنگ بێدەنگ
بوخچە دڕاوەكەی پڕ دەكات
لە هەناسەی سەردو لەگمەی كۆتر و
لە زەردەخەنەی چۆلەكە و
لەتوڕەبونی ڕەشەبا و
لە بۆڵەبۆڵی دار سێوێكی نەگەیی و
لە ژوور سەرمەوە دای دەنێت
دادەبەزێت
من خۆم و خۆم
ئەو خۆی و خۆی
من بەهێمنی باران و
سەمای بەفرێكی ڕوتەوە
سەری كۆڵانەكە دەگرم
چەند پەنجەیەكی دەستمی بۆڕوت دەكەمەوە
دوگمەی ستیانەكەی چاومی بۆدەترازێنم
خۆمی بۆ پڕ دەكەم لەخۆم
خۆمی تیا دەڕوێنم
لەسەر تارمای دڵی هەناسەیەك موتوربە دەكەم
سێبەرێك دادەگیرسێنم
دەروێشانە
ئەو ناوە پڕ دەكەم لە هەناسەی سەرد و
گلەیی سەر نوكی شمشێرو
خاوبوونەوەی دڵی دۆلفینێك ئەوكاتەی كەدەكوژرێت
دا دەبەزێت نەپرسیاری یەكێك دەكات
نە بەدوای خۆیدا دەگەڕێت
لەم جەستە شكاوەی خۆم. دەردەچم
خوێنی خۆم بەدەستی خۆم دەڕێژم
چاوی پەنجەرە دووڕوەكان بەردباران دەكەم
ناوچەوانی كۆڵانە ترسنۆكەكان پڕدەكەم لەتف
ئێسقانەكانی ئەم جەستە بەتاڵەشم
دەخەمە بەردەمی سەگێكی پیری گۆچان بەدەست
دەبمە دراوسێی واشەیەكی كوێری لوت بەرز
ئەو گورگانە فێری سەما دەكەم
كە نهێنیەكانی ڕاو لای هیچ فاڵچیەك باس ناكەن
یاخی دەبم سێبەرە هەلا هەلاكەم
دەخەمە تابوتێكی كون كونەوە و بەدوای خۆمدا
ڕایدەكێشم
بەدزی مردووە بێتاقەتەكانەوە
گۆڕێك بۆخۆم هەڵدەكەنم
قورئانێكی ڕەنگ زەردی خەتم نەكراو
لەژوور سەرمەوە دادەنێم
حەکیم میرزا