دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز د.خامۆش عومەر؛ پسپۆر لە یاسای دەستووری و ڕاوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان.

0
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز د.خامۆش عومەر؛ پسپۆر لە یاسای دەستووری و ڕاوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان.
 
 
بۆپێشەوە: نە پارتی لە زۆنی سەوزدا خاوەنی بڕیارە و نە یەکێتی لە زۆنی زەرددا
خاوەنی بڕیارە، هەر یەکەیان خاوەنی دەسەڵاتی خۆیانن، بۆچی هەر کامیان کەبڕوای بە لامەرکەزی هەیە لە زۆنەکەی خۆیان پیادەی ناکەن؟
د.خامۆش عومەر: پرسی لامەرکەزی پرسێک نییە تایبەت بە هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ وڵاتێک نییە کار بە سیەستەمی لامەرکەزی نەکات، ئەوەش بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیەوە، لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی دام و دەستگاکان لە ڕووی ڕواڵەتیەوە دروستکراون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بە دامەزراوەیی نەکراون، ئەوەش وای کردووە لایەنەکان پابەندی چوارچێوە یاساییەکان بن، تا ئەو ڕاددەی لەبەرژەوەندیاندایە، هەرکاتێک هاودژیەک دروست بێت لەگەڵ بەرژەوەندی تەسکی حزبی، ئەوا یاساکان تەنها دەبنە مەرەکەبی سەرکاغەز!
بۆپێشەوە: ئەگەر لامەرکەزی ڕێکارێک بێت، لە بەرامبەر بە دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتێکی ناوەندی، ئەوا لانی کەم پێویستی بەدەسەڵاتێکی دیموکراتییە تا دەست بۆ لامەرکەزی ببات، کام دەسەڵاتی دیموکراتی لە کوردستان بوونی هەیە؟ کام حزبی سیاسی بڕوای بە دیموکراسییە؟
د.خامۆش عومەر: لەڕووی پرەنسیپەوە، هاوکێشە سیاسیەکە بەم شێوەیەیە: کە سیستەمی مەرکەزی یەکسانە بە سیستەمی دیکتاتۆری (چونکە بە واتای کۆکردنەوە و چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان دێت، لەدەست کەسێک یا گروپێکی دیاریکراو)، و سیستەمی لامەرکەزی یەکسانە بە سیستەمی دیموکراتی، ئەگەرچی ئەوە هاوکێشەیەکی نەگۆڕ نییە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا پرسی لامەرکەزی سیاسی، پێویستی بە زەمینەی دیموکراتی هەیە، چونکە کڕۆکی سیستەمەکە مانای دابەشکردنی تایبەتکاریەکان و قۆرخ نەکردنیەتی لەلایەن تاکە کەسێک، حزبێک، و لایەنێکی دیاریکراو. پڕۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان، هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە، و سەرباری ئەوەش لەهەندێک دۆخدا چۆتە دۆخی ماتبونەوە یا وەستێنراوە.
بۆپێشەوە: تا چەند لاتان وایە شانسی لامەرکەزی کردنی دەسەڵات، لە کوردستان و لە ژێر دەسەڵاتی حزبی نادیموکراتیدا، ئیمکانی هەیە؟
د.خامۆش عومەر: لە ڕاستیدا واقیعی سیاسی و دۆخەکە پرسی لامەرکەزی سەپاندوە، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان پیادەکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی ناتەندروست، بۆ نمونە دەبوو قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان لە ڕێگەی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان هەڵبژێردرێن، کەچی بە دامەزراندن دیاریکراون. هەروەها جۆرە تێکەڵاویەک لە نێوان دام و دەستگاکان هەیە، بۆ نمونە تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی شارەوانیەکان لە ئارادان و هەڵنەوەشاونەتەوە، لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بووونیان هەیە، ئیمکانیش نییە سیستەمی لامەرکەزی بەبێ بوونی بنەماکانی دیموکراتی چەکەرە بکات و بگەشێتەوە.
بۆپێشەوە: بە لامەرکەزی کردنی دەسەڵات، چ لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەگۆڕێت؟
د.خامۆش عومەر: لامەرکەزی ئیداری بەشێک لە ئەرکی هاوڵاتیان لە ڕووی کارگێری کەم دەکاتەوە، بەوەی بۆ هەموو گەورە و بچوکێک نەگەڕێنەوە پایتەخت، و لە پارێزگا یا قەزا یا ناحیەکەی خۆیان کارەکانیان ڕاپەڕێنن، و بەشێک لە دەسەڵاتی داراییان پێبدرێت، تا بتوانن کارەکانی خۆیانی پێ ڕاپەڕێنن. واتە لامەرکەزیەت بە واتای خۆشگوزەرانیەکانی ناوچەیەک و بەشمەینەتی ناوچەیەک نایەت! چونکە ئەوە پێچەوانەی پرەنسیپی یەکسانییە، بۆیە نابێت چاوەڕێی ئەوە بین کەپیادەکردنی بەلامەرکەزیەت، ئیتر هەموو شتێک گۆڕانکاری بەسەردێت.
بۆپێشەوە: ئایا ڕێکارە یاسایی و دەستووریەکەی چۆنە؟ لایەنە سیاسیەکەی گرانترە یان یاساییەکەی؟
د.خامۆش عومەر: یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان –عێراق، لە ماددەی سێیەمی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی کارگێڕییەوە، بۆ پارێزگاکان و پارێزگاکانیش بۆ قەزاو ناحیە دابەشکردووە، هەریەکە لەوانە کەسایەتی مەعنەوی و زیمەتی دارایی سەربەخۆی خۆی لەناو بودجەی پارێزگادا دەبێ.
لە ماددەکانی تریشدا، دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنە خۆجێیەتی قەزاو ناحیەکان و قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی دیاریکردووە. ئەوەی لە ئێستادا داوا دەکرێت زیادکردنی دەسەڵاتی یەکە ئیداریەکانە، بۆیە لەو حاڵەتەدا پێویستمان بەهەموارکردنەوەی ئەو یاسایە دەبێت، لەپێناو زیاتر شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پیادەکردنی لامەرکەزیەتێک کە لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغەکە بگونجێت.
بۆپێشەوە: پرسی لامەرکەزی و دەوڵەت تا چەند بە یەکتریەوە گرێدراون؟
د.خامۆش عومەر: پرسی لامەرکەزی زیاتر بەندە بەزۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، فراوان بوونی پانتای جوگرافی، گرێنەدراوە بە بوونی دەوڵەت. بۆیە ئەو جۆرە سیستەمە دەکرێت لەگەڵ سیستەمی تریشدا کۆبکرێتەوە، بۆ نموونە دەشێ لە دەوڵەتێکدا سیستەمی لامەرکەزی سیاسی (فیدرالی) و لامەرکەزی ئیداری پیادە بکات، واتە چەند یەکەیەکی فیدراڵیت هەبێت، لەناو یەکە فیدرالیەکانیش سیستەمی لامەرکەزی ئیداری پیادەبکەن، کەواتە هەرێمەکان بەبێ ئەوەی ببنە دەوڵەتیش دەتوانن لەپاڵ یەکە فیدرالیەکە سیستەمی لامەرکەزی ئیداری بکەن.
بۆپێشەوە: ئایا دەکرێ هەرێمێک لەنێوهەرێمیکی تر دروست ببێت؟
د.خامۆش عومەر: ئەو جۆرە میکانیزمە لە بواری یاسای دەستوری پێی دەوترێت (جیابوونەوەی ناوخۆیی)، لەڕووی واقیعی کردەوەیی کەمتر ڕوودەدات. واتە هەرێمێک (هەرێم-کانتۆن-ولایەت) لە نێو هەناوی هەرێمێکی تر دروست دەبێت و لێی جیادەبێتەوە، وەک چۆن هەرێمی جۆرا لە کانتۆنی بیرن جیابووەوە لە سویسرا، هەرێمی نوناڤوت لە هەرێمی باکوری ڕۆژئاوا جیابۆوە لە کەنەدا، چەند هەرێمێک لە هیند لە ناوهەناوی هەرێمی ترەوە هاتنە دەرەوە.
لە پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستانی ساڵی 2009 کە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێگری دەکات لە درووستبونی هەرێمی تر لە نێو سنوری هەرێمی کوردستان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.