زیندانی و شەترەنج …حزبی کوردی..!
زیندانی و شەترەنج …حزبی کوردی..!
جەمال نوری
لەکۆتا جەنگی جیهانی دووەم کابرایەکی سەربازی نازی دەستگیردەکرێ، بەتۆمەتی ڕەشەکوژی، بۆیە کابرا حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا دەدرێ.
ئەفسەرەکە لێی دەپرسێ، چیت بەخۆت کرد، ئەبێ لەزیندان داڕزێی. لەوکاتەدا زیندانی لەبیری ئەوەدایە چۆن کتێبی دەست کەوێ تا بۆخۆی مەشغول ببێ بەخوێندنەوەوە، بەلام کتێبیش قەدەغەیە لەژووری زیندان، کاتێ ئەفسەرەکە پاڵتۆکەی داوە بەسەر کورسی بەرامبەر زیندانیەکە، زیندانی دەبینێ لەناو گیرفانی پاڵتۆی ئەفسەردا کتێبێکی تیایە، بۆیە کاتێک ئەفسەر قسەبۆ زیندانی دەکاو پشتی لەوە، یەکسەر زیندانی دەستی خۆی دەوەشێنێ و کتێبی ناو گیرفانی ئەفسەر دەدزێ، دواتر ئەفسەر دەچێتە دەرێ .
زیندانی لەخۆشیدا کتێب دەرئەهێنێ تەماشای دەکات نوسراوە.. كیف تعلم للعبه شطرنج؟ ئیمانی نامێنێ. ناچار دەیخوێنێتەوە تا بەباشی فێری شەترەنج دەبێ .
دواتر بەووردە سەموون و گەچی ژوورەکه یاری شەترەنج دروست دەکات، پاشان هەرخۆی یاری لەگەڵ خۆیدا دەکا، بەجۆرێ داشێ لەم سەر دەجوڵێنێ، دەچێتە ئەوسەر داشی ئەوبەر دەجوڵێنێ، بەمجورە بیست ساڵی ڕەبەق هەر یاری لەگەڵ خۆی دەکا، بەجۆرێ باشترین یاریزانی شەترەنجی لێ دەردهچێت، دوای تەواوبوونی حوکمەکەی، بەردەبێ.
لەسەر باخیرەیەک وەستاوە دەبینێ دووکەس یاری شەترەنج دەکەن، ئەوان بیری لێ دەکەنەوە، چ بجوڵێنێ یاریەکە لەقازانجیدایە ئەمیش خۆی پێناگیرێ، بەیەکێکیان دەڵێ ئەو داشە بجۆڵێنە یاریەکە دەبەیتەوە.
کابرا سەری بەرزدەکاتەوە دەلێ ئەرێ کابرا تۆ چوزانی، ئەویش ئەڵێ وەرە باگرەو بکەین ئەوداشە بجۆڵێنە یاریەکە دەبەیتەوە دواجار ئەو داشە دەجوڵێنێ یاریەکە دەباتەوە،
کابرای دۆڕاو توڕە دەبێ ئەڵێ وەرە فێری مەکە دابەزە لەگەڵ من یاری بکە .
کابراش ئازادکراوی زیندان یاری لەگەڵ دەکا، بەڵام کابراکەی تر خاڵی لاوازی کەسی زیندانیەکە دەزانێ کە خێرا یاری دەکا، بۆیە ئەم زۆڕ بەخاوی یاری لەگەڵ دەکا، کابرای زیندانی جوڵاوەو دەلێ دەی تۆ بجوڵێ، کابراش بەنیو سەعات هەرناجوڵێ، کابرای زیندانی بێزار دەبێ، پێی دەڵێ ئەرێ بابە ئەوداشە بجوڵێنە من دەیدۆڕێنم و ببڕێتەوە.
جا حزبە ساسیەکانی هەرێمی کوردوستان ئەوەندە یاری فاشلیان ڵەگەڵ یەکتر کردووە و هەردواجار خۆشیان دۆراون تیایدا ، لەبەرامبەر گەل بۆیە میللەت چی تر بڕوای بەیاری حزبەکان نەماوە و خەڵکی ئامانجی ئەوەیە بە کەرامەت و ئیرادەوە بژی بەئازادی گوزارشت لەمافەکانی بکات ، کێشەی میللەت نییە نەوت دادەبەزێ حوکمەتی عێراقی نەوت نانێرێ؟ بەڵکو ئەو دەسەڵاتدارانی هەرێمە دەبێت ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیەکانی فەراهەم بکات، میللەت دواجار لەم یاریە ناعەقڵانیەی ئەحزابی هەرێم تێگەیشتوون هەر داشێ بۆ خۆیان باش بێ خەڵکی بدۆڕێت تیایدا ئەوا ئەوەدەجوڵێنن ئیتر خەڵک نابێ ڕێگابدات ببێتە داشی دامەی یەکێتی و پارتی و هاوئاوازەکانیان، چونکە هەموو جارێ هەرخۆیان براوەی کورسی دەسەڵات و میللەتیش دۆڕاوی دەستی یاری ئەوان…!