گەر ڕەخنە لە مەزهەب دەگرن ڕەخنە لە سەرمایەداری و ناسیونالیزمیش بگرن..
گەر ڕەخنە لە مەزهەب دەگرن ڕەخنە لە سەرمایەداری و ناسیونالیزمیش بگرن..
ڕۆژ عەزیز
زۆرن ئەوانەی شەو رۆژ مەزهەب دەکوتن قەڵەمەکانیان تەنها لەسەر مەزهەبە و پێیان وایە هەرچی بەڵاو موسیبەتی ئەم دنیایە هەیە مەزهەب هێناویەتی. پێیان وایە ئەگەر مەزهەب نەمێنێت ئیتر کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێت لە شەڕو کوشتار. ئەوە واقعییە مەزهەب بەشێکە لە نەهامەتی شەڕو کوشتار وپێشێلکردنی ئازادی ئینسانەکان .
ئەوەش واقعیە گەر مەزهەب پاشەکشە بکات کۆمەڵگە بەشێک ئارام تر دەبێت، بەڵام تەنها ئەمە کافی نییە جەنگ و کوشتارو خوێنڕشتن سەرمایەداری بەدەرەجەی یەکەم خوڵقێنەریەتی و ناسیونالیزمیش بەشێکە لە جەنگ وخوێن ڕشتنە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا . من لێرەدا ناچمە تەواوی شەڕ و خوێن ڕشتن لە زۆرێک لە وڵاتان. لێرەدا با کەمێک قسە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی و مەزهەب و دەسەڵات و رەخنەگرانێک بکەم کە خۆیان بە ئاتەئیست دەزانن شەو رۆژ رەخنە لە مەزهەب دەگرن، بەڵام رەخنەیەک لە دەسەڵاتی کوردی ناگرن .
با بزانین ئەمانە کێن؟ ئەوانەی رەخنە لە مەزهەب دەگرن و خۆیان ناو ناوە ئاتەئیست بەشێکیان سەر بە دەسەڵات و هەمان ئەو حیزبانەن کە باوەشێنی مەزهەب دەکەن و پارە دەدەن بە مەلاو حیزبە ئیسلامیەکان، کەچی لەو لاوە کەسێکی وەک مەلا بەختیار کە حیزبەکەی بەهەزاران مەلای دامەزراندوە و سەدان مزگەوتی کردۆتەوە و بودجەش دەداتە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و لەولاشەوە ڕیکخراوێکی دامەزراندوە و کۆمەڵێک خەڵکی کۆکردۆتەوە و هانیان دەدات رەخنە لەدین بگرن. مەلا بەختیار گەر دەیەوێت پاشەکشە بەدین بکات پیوستی بە ڕێکخراو دروست کردنیش نەدەکرد، بودجە نەداتە حیزبە ئیسلامیەکان و مزگەوتیان بۆ نەکاتەوە و ڕەمەزانان کەناڵەکانیان بۆ نەخەنە خزمەتی مەلاکان، ئیتر مەزهەب پێوستی بەم هەموو رەخنەگرن و رێکخراوەش نەدەبوو.
لام سەیرە کەسانێک سەربە مەلا بەختیار و یەکێتی بن و کەچی رەخنە لە مەزهەب دەگرن رەخنە لە حیزبەکەیان و خودی مەلا بەختیار ناگرن، ناڵێن ئەرێ ئێوە گەورەترین خزمەت بە مەزهەب دەکەن. سەیرو سەمەرەیە تۆ دژی مەزهەب بیت و لەناو حیزبێکدا بیت کە حیزبەکە خزمەتکاری مەزهەب بێت. لە هەمووی عەجیب تر کەسانێک هەن سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانن کەچی لەدژی مەزهەب دەنووسن لەکاتێکدا خودی پارتی هەرچی مەلاو خەڵکی دواکەوتو خێڵ و عەشیرەتە خۆی لەنێو ئەم حیزبە خزاندوەو کەسیش بەقەدەر پارتی خزمەت بەمەزهەب ناکات، کەچی رەخنەگری دژی مەزهەبی هەیە. نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆرانیش رەخنەگرو دژە دینی زۆرە کەچی کەسانێک بەجدی بە توندی دژی مەزهەبن و ڕەخنە لەمەزهەب دەگرن کەچی هەردوو بزوتنەوەکە ئەوپەڕی دواکەتو کۆنەپەرستن.
دیاردەیەکی زەقتر دەبینم لەنێو دژە دین و رەخنەگرانی مەزهەبدا، ئەویش دۆست و لایەنگرانی پەکەکەیە کە زۆر توند دەنووسن هەندێکیان لەسەر مەزهەب کەچی حیزبەکەیان وەک حیزبێکی ناسیونالیستی دواکەوتو ئەویش دژی دین نین و بگرە لە بۆنە مەزهەبیەکاندا یادی مەزهەب بەرز رادەگرن. گەر مناقەشەیان لەگەڵ بکەیت دەیان شتی سەیرو سەمەرە باس دەکەن کەچی رەخنە لە حیزبەکەیان ناگرن، بەڵام خۆیان بەردەوام مەزهەب دەکوتن .
سەیر لەوەدایە نازانم ئەمانە چۆن ئەندام و لایەنگری حیزبێکن کە مەزهەبی پێ ڕەفز نییەو خۆی گەورەترین خزمەت بە مەزهەب دەکات. بەشێکی ئەم رەخنەگرانە لەڕوانگەی ناسیونالیستیانەوە دژی مەزهەبن دەڵێن مەزهەب هی عەرەبە هی کورد نییە. ئەمانە لەڕوانگەی چینایەتیەوە ڕەخنە لە سەرمایەداری ومەزهەبیش ناگرن، بۆیان گرنگ نییە کەسێکی سەرمایەدار گەر ئاتەئیست بێت رۆژی هەزار کرێکار بچەوسێنێتەوە هەقدەستیان پێ نەدات و لەسەر کار دەریان بکات، ئەمانە قسە ناکەن. رەخنە لەم سیستەمی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە ناگرن کە سیستەمی خوێندن و پەروەردەو فێرکردن و یاسا و ڕێساکانی مەزهەبین کە خزمەتکاری ئەم دینەن.
رەخنەگرانی مەزهەب بەتایبەتی ئاتەئیستەکان باوەریان بە شۆرش و ڕاپەرین وگۆڕینی سیستەمی دەسەڵات نییە، بەڵکو پێیان وایە دەبێت ئینسانەکان وشیار بکرێنەوە تاک بەتاک ئەوسا مرۆڤ دەتوانێت ڕزگاری بێت لە مەزهەب. ئەوان خۆیان ناو ناوە شۆرشی فکری کەچی باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەی نییە کە لە بناغەوە دەسەڵات و سیستەمی پەروەردەو فێرکردن بکاتە سیستەمی سێکۆلاریزم. پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەم قورئان سوتاندن و بەم جۆرە دژە دین دەتوانێت پاشەکشە بە مەزهەب بکات؟ یان ئەوەیە زیاتر بە قورئان سوتاندن ئەوەندەی دیکە ئیحساساتی مەزهەبیەکان دەوروژێنن؟.
ئەگەر دەتانەوێت پاشەکشە بە مەزهەب بکەن لەکوردستان دەتوانن سیستەمێکی سێکۆلار لەکوردستان دامەزرێنن ئەویش دەبێت یەخەی دەسەڵات بگرن تا سیستەمی پەروەردەو فێرکردن بگۆرێت بە سێکۆلاریزم. دەبێت یەخەی دەسەڵات بگرن چیتر کەنالەکان نەخاتە خزمەتی مەلاکان تا وتاری تێدا بدەن. دەبێت رەخنە لەحیزبەکانتان و دەسەڵات بگرن کە بۆچی وەزارەتی ئەوقافی دامەزراندوەو بە هەزاران مەلا موچە وەردەگرن کە ئیشوکاریان سوکایەتی و هەرەشەیە لە ئازادیخوازان.
دەبێت یەخەی دەسەڵات بگرن بڵێن مزگەوت و حوجرەکان بۆ ئەوەندە زۆر بن، ئەم هەموو پارەیە چییە دەیدەنە مزگەوت و حیزبە ئیسلامیەکان. رەخنەگرن بەم جۆرەی ئێوە ناکرێت گەر بتانەوێت مەزهەب پاشەکشە پێ بکەن خودی دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری لە ناوچەکە و زۆرێک لەدنیادا خزمەت بە مەزهەب دەکات بۆیە دەبێت پێش هەر شت یەخەی دەسەڵاتی سەرمایەداری بگرین و دواتریش دەسەڵاتی ناسیونالیزم.
ئەی دەزانن ئەگەر ناسیونالیزم و دەسەڵاتی سەرمایەداری نەمێنێت مەزهەبیش دەستی کۆتا دەکرێت؟ ئەی دەزانن ئەگەر نا عەدالەتی و فەقرو فەلاکەت نەمێنێت مەزهەب پاشەکشە دەکات؟. ئاخر مرۆڤ کە هەژار بوو پەنا بۆ مەزهەب دەبات؟ ئەی دەزانن ئەگەر ئینسانەکان ئازاد بژین و هەژاری نەمێنێت ئینسانەکان کەمتر پەنا بۆ مەزهەب دەبەن؟ ئەی دەزانن ئینسانەکان لە بێ ئومێدیدا دەست بۆ مەزهەب دەبەن و کاتێک بێ ئیرادە دەبن پەنا بۆ مەزهەب دەبەن؟ ئەی دەزانن ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی هەبێت ئازاد بژی و برسی نەبێت پێوستی بە خواکان و مەزهە نییە؟.
ڕێگای دەرباز بوون لە مەزهەب گێرانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان. حکومەتی دڵخوازی خەڵکی زەحمەتکێش دەتوانێت پاشەکشە بە مەزهەب بکات. سێکۆلاریزم و عەدالەتی کۆمەڵایەتی زەڕبەیەکی گەورە لە مەزهەب دەدات. بەبروای من رەخنەگرانی مەزهەب کاتێک دەتوانن خەبات بکەن بۆ پاشەکشە بە مەزهەب کە شان بەشانی خەڵکی ئازادیخوازو کۆمۆنیستەکان دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر تا تەواوی سیستەمی مەزهەبی و یاساکانی مەزهەب لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا بگۆڕن و ڕێگە نەدەن حیزب و دەسەڵاتی سەرمایەداری پارە بخاتە خزمەتی هێزە ئیسلامی ومەلاکانەوە ..