تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ؟

0

تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ؟

نووسینی: عەزیز شەریف

هەموو قەیرانەکان سەرەتا یەخەی ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە دەگرێت، قەیرانی کۆرۆناش بەهەمان شێوە، ئەوانەی لەڕیزی پێشەوەی ئەم قەیرانەدا بوون چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کومەڵگە بوون و سەرئەنجام  نەتەنیا لە لایەنی تەندروستیەوە زەرەرمەند بووین، بەڵکو بەشی زۆرمانی لەماڵەکانی خۆماندا کەرەنتینەکرد و ئێمەی لەپەیداکردنی نانی سەر سفرەکانمان بێبەش کرد، کۆمپانیاکان و بازرگانان و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەش (حکومەتی هەرێمی کوردستان) جگە لە بێباکی و کەرەنتینەکردنی خەڵک هیچ شتێکی تریان لەئەستۆی خۆیان نەگرت و تەنانەت ئەو هاوکاریانەش کە بۆ زیان لێکەوتووان و ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەلایەن ڕێکخراوە جیهانیەکانەوە  دابینکرا، حکومەتی هەرێم دەستی بە سەراگرت. ئەگەر بۆ سەرەتای دروستبوونی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بگەڕێینەوە ئەوا یەکەم کار کە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەپەیوەند بەقەیرانی کۆرۆناوە لە ئەستۆی گرت بەهاناوەچوونی بەرکەوتووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەسانێک بوو کەبەهۆی نەخۆشی دائیمی و تەمەنەوە لەبەر مەترسی ئەم ڤایرۆسەدا بوون. لە دۆخێکی وا تایبەت و ترسناکدا کە جیهان تێیکەوت و بەتایبەت لەکوردستان، بەهاناوەچوونی بەشێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکان بوو بەکاری دووهەمی ئەم تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتییە. پێشوازی چەندین ئینسانیتر  لەم هەنگاوەی ئێمە و ئیحساس بەبەرپرسیارێتی  لە گۆشە و کەناریتری دونیا و لە ناوخۆی کوردستانیش، وایکرد چەندین تۆڕی تر دروست بێت و تانووسینی ئەم وتارەش تۆڕەکان لەدروستبوون و فراوان بوونەوەدان .
لەسەرەتادا ئێمە تەنها چەند کەسێک بووین کەلەپەنجەکانی دەست زیاتر نەبووین لەمەتبەخی هاوڕێیەکمانەوە، بەهەستی بەرپرسیارێتیەوە دەستمان بۆ پێکهێنانی یەکەمین تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی  برد، خۆشبەختانە ئێستا ژمارەی تۆڕەکان حەڤدە تۆڕە، کەهەر تۆڕێک لەم تۆڕانە ژمارەیان لە ژمارەی ئەو کەسانەی یەکەمین تۆڕیان پێکهێنا چەند بەرانبەر زیاترە. زیاتر لە 130 هەڵسوڕاوی بەناو و ژمارە تەلەفونەوە ڕاگەیەنراوە، لەهەولێرەوە بۆ کەرکوک و سلێمانی و هەر لەسلێمانی  تۆڕی چەند گەڕەکێک دروست بوون، تادەگات بەکەلار و ڕانیە و کۆیە و سۆران، تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی دروستبوون .
ئەم تۆڕانە لە سبەینێدا چ کارێکی تریان دەبێت و چیتر لەئەستۆ دەگرن؟ ئەگەر قەیرانی کۆرۆنا بەسەرچوو چی بەسەر ئەم تۆڕانەدا دێت؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لەبەردەم ئێمەدایە، ئێمە لەم تەجرەبەیەوە فێربووین ئەم تۆڕانە وەسیلەی دەستی ئێمە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانە. دەتوانین سەرنجی تۆڕی هاوکاری گەڕەکی حوڕیەی شاری کەرکوک بدەن ئەوان هەستاون بە پاککردنەوەی باخچەیەک کە لەگەڕەکەکەیاندا بوونی هەیە و لەلایەن شارەوانی شارەکەوە پشتگوێ خراوە . یان ئەوەی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی شاری کۆیە ئەوان هەستاون بە دانانی کۆمەڵێک سندوقی کۆمەک لە ناوشاری کۆیە هەرکەس بخوازێت دەتوانێت لەڕێگەی ئەو سندوقانەوە کۆمەک بە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بکات. یان ئەوەی ئارایشتگایەک هەر لەشاری کۆیە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کاری میکیاج و جوانکاری بۆ ئەوکەسانە بەخۆڕایی بکات کە هاوسەرگیری دەکەن و توانای دابینکردنی ئەو مەسەرەفەیان نییە. هەر لەکۆیە چەند دەرمانخانەیەک (صیدلیة) ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە دەرمان بەخۆڕایی بە دە کەس بدەن. یان لە سلێمانی هەستاون بەکردنەوەی دەورەیەک بەخۆڕایی بۆ ئەوکەسانەی دەیانەوێت فێری کاری حەلاقی ببن و دواتر کارێکیان بۆ بدۆزنەوە. لەسلێمانی دکتۆرێک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەخۆرایی چارەسەری خەڵکی کەم دەرامەت بکات و لەهەوڵی ئەوەدا دەبێت دکتۆرەکانی هاوپیشەی خۆی بۆ ئەم کارە ڕابکێشێت. ئەم کارانە و دەیان کاریتر دەتوانێت نمونەی ئەزمونێک بێت بۆ تۆڕەکانیتر و لێیەوە فێری ئەوەببین کەتەنها خۆمان بە قەیرانی  کۆرۆناوە نەبەستینەوە، بەڵکو لەمەیدانیتر و بواری تری ژیان لە کۆمەڵگەدا پێشڕەوی بکەین. سبەینێ و ئایندەش دەرگایتر لەبەردەم تۆڕەکان و بواریتر لەبەردەمی ئێمە دەکاتەوە. ئەوە پێویستی و گەڕانە بە دوای ڕێگایەکدا بۆ خەمخۆری و بەتەنگەوە هاتنی یەکتر وا لە ئێمە دەکات لە دەرگاکانی تر بدەین. من لە نووسینێکی ترمدا هەر سەبارەت بە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی شتێکم نووسیوە حەزدەکەم لێرەشدا دووبارەی بکەمەوە ئەویش: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەی هیچ حیزبێکی  سیاسی نییە، بەڵکو ئەمە پڕۆژەی کۆمەڵێک ئینسانی سۆسیالیست و کۆمونیست و ئینساندۆست و ئازادیخواز و تەنانەت خەڵکانێکی کۆمەڵایەتییە کە هیچ بیروباوەڕێکی سیاسیشیان نییە لەهەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەورەیەکی تایبەت کە کۆرۆناکریزە هێنایە پێشەوە لەم تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیەدا کۆبوینەتەوە و خەڵکێکی زۆرتریش لەدەرەوەی تۆڕەکان پشتیوان و هاوکاری ئێمەن کە بڕوایان بە لەپاڵ یەک ڕاوەستان و هاوکاری یەکتر و  بەم شێوەکارەیە. ئێستا ئیتر تۆپەکە لەساحەی هەریەکێک لە ئێمەدایە ئایا دەمانەوێت یاری بکەین یان دەمانەوێت تەماشاچی بین ؟ ئایا دەمانەوێت بەرپرسیارێتیەک لە ئەستۆ بگرین یان دەمانەوێت بیانوو بۆ مقاتەعەکردنی بهێنینەوە؟

کۆتایی ئایاری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.