مناڵان و حزب و لایەنە سیاسییەکان

0
مناڵان و حزب و لایەنە سیاسییەکان
عەبدوڵا مەحمود
 
 
حزب و لایەن و کۆڕو کۆمەڵە سیاسیەکان هەر بەوە ناناسرێنەوە کە هەڵگری چ سیاسەتێكن و چ جۆرە رێکخستنێکیان هەیە. ستراتیژ و تاکتیک و دروشمی رۆژیان چییە، یان هەڵگری چ پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین. وە تەنها بەوە ناناسرێنەوە دەستیان بەکام دروشم و بانگەشەوە گرتووە، بەڵکو هاوکات کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی تر هەیە کە دەتوانێت ببێتە پێوانەی خستنە رووی ناسنامەی واقعی ئەو حزب ولایەنە سیاسیانە و ڕادەی پێشکەوتنخوازی یان داوکەوتووبوونیان. یەکێكیش لەو خەسڵەتانە مامەڵەو بەرنامەی ئەو حزب و لایەنانەیە لە پەیوەند بە مناڵان و تازەلاوان مافەکانیان.
ئەگەر لەو سۆنگەیەوە بڕوانینە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەگشتی و خانەوادەی بۆژوازی کورد بەتایبەتی، ئەوا بێ دوودڵی ناوەرۆکی دواکەتووی و کۆنەپەرستبوونی ئەو حزبانە دەخاتە ڕوو.
مناڵان لە کۆمەلگەی کوردستاندا بێبەشترین توێژی زوڵملێکراو و فەرامۆشکراون… بەرنامەی هیچ کام لەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بۆرژوازی کورد، زەمانەتیکی بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەر و ئاسودە و وە داهێنەرانە بۆ مناڵان و تازەلاوان تیا نییە. باش بژیوی بۆ مناڵان بێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خێزانیان نەک لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو خەبەرێک لە ستانداردێکی هاوبەش و چوونیەک بۆ مناڵان بەمەبەستی گەشەی مادی و مەعنەویان لە گۆڕیدا نییە. باسێک لە خەرجی پێویست و خزمەتگوزاری پزیشکی و فێرکاری، کەلتوری خۆڕایی تا دەگایە دایەنگەی مۆدێرن و ژینگەیەکی شیاوی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی… بۆ مناڵان نییە. هێشتا کاری قورس و پیشەیی بە مناڵان و تازەلاوان واقعیەتی تاڵی حاشالێنەکراوی کۆمەڵگەیە… هێشتا ئازاردانی مناڵان لەخێزان و قوتابخانەو لە ئاستی کۆمەڵگەدا تا سزادانی جەستەیی و گوشارو ئازادانی دەرونی دیوێکی تری هەلومەرجی مناڵان و تازە لاوانە. جیاکردنەوەی مناڵانی کچ و کوڕ لە قوتابخانەکان، بەدکەڵک وەرگرتنی جنسی لە مناڵان، بێبەش بوونی مناڵان لە مافە مەدەنی و سەردەمی و کۆمەڵایەتیەکان، بێبەش بوونیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت ڕاکیشانی مناڵان بۆ ناو دنیای سیاسەت و کاری سەربازی، مناڵانی لە دنیای خۆیان و لە کەشێکی تەندروستی سالم دوورخستۆتەوە… رەوتە ئیسلامیەکان مناڵان حجاب پۆش دەکەن و بارگاویان دەکەن بە ئایدۆلۆژیایی سیاسی و دینی و مەزهەبی… مناڵانێک کە بەهەر هۆیەکەوە لەدەرەوەی خێزان چاویان بەدنیا هەڵیناوە سوکایەتیان پێدەکرێت” بە بیژو” ناوزەرد دەکرێن، لە مافی یەکسان و… چوونیەکی مناڵان بێبەش دەکرێن. رەوایەتی دەدەن بە کچان تا پێش تەمەنی باڵق بوون هاوسەرگیری بکەن… بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانی ناو حزب مناڵانی خۆیان لە تەمەن زۆر سەرەتاییەوە باردەهێنن تا ببنە سەرۆک وسکرتیر و رەئیس و روئەسای داهاتوو… هەر ئێستا دەیان سەرۆکی پاکەتی لە مناڵیەوە مۆری سەرۆک و بەپرسیاریەتی داهاتوویان لێدراوەو پاشەکەوتکراون تا جێگای باوک و باپیرە و مامیان بگرنەوە…
حزبە سیاسیەکانی ناو ماڵباتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ هێشتنەوەی کۆمەلگە بەدواکەوتووی و نەزانی، ئامادەنین سیستەمی پەروەردەو فێرکردنێکی مۆدێرن بخەنە جێگای ئەو سیستەمە سەقەتەی پەروەردەو فێرکردن کە دەرفەتی ئازادی و سەربەستی و توانایی بریاردانی مناڵان و تازە لاوان و دەرخستنی تواناییەکانیانی کڵۆم داوە.
 
بەڵی ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە، تەنها حزبی میلیشیایی تاڵانچی نین، تەنها کۆنەپەرست و دژی پێشکەوتنخوازی نین، تەنها هەژاری و بێکاری و هەڵاواردن پەرە پێنادەن و بەتەنها خۆشخزمەتچی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە نین، بەڵکو نەوەکانی داهاتووی ئەم کۆمەلگەیەش کە مناڵان و تازە لاوانن، لەلایەن ئەم دەسەڵات و حزبانەوە وەکو کاڵای ڕەق و کائینی گوێگر و بێبەش لە مافی ئینسانی تەماشا دەکەن… دەیانەوێ لە ئێستاوە کۆمەڵگەی خامۆش و گوێرایەڵ و بێ پرسیار بۆ ئاییندە دروست بکەن… دەڵێن دەبێ مناڵان گوێرایەڵ بن، لەقسەی باوک و دایکیان دەرنەچن، تا کە گەورەش بوون یاخی لەدەسەڵات و نابەرابەری نەبن و بێدەنگ بن… ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی و حزبە بۆرژوازییەکان، رووبەرووی دەیان سەدان رەخنەن کە بەرگری لە ستەمی مەوجود و تاڵانچی سەرمایەداری دەکەن، ئەوا وەستانەوە بەروویاندا و کۆتاییهینان بەدەسەڵات وکەنار خستنیان تەنها بەو هۆیەوە کە مناڵان و تازە لاوان، جێگای گرنگی پێدان نین و بێ مافن، بەسە بۆ دەرخستنی ناوەرۆک و پەیامی دژی ئینسانیان.
بەکورتیەکەی مامەڵە و بەرنامەی هەر حزب و لایەنێکی سیاسی لە پەیوەند بەمناڵانەوە پێوانەیە بۆ ئاشنابوون بە پەیام و کارکردی ئەو حزب و لایەنانە.
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.