هۆمەر قەرەداغی: گرنگترین شت بۆ ژینگەی ئارامی تەمەنی منداڵی ئەوەیە، کە دەرفەت بۆ منداڵەکە بڕەخسێنرێت کە ببێتە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆی…

0
هۆمەر قەرەداغی: گرنگترین شت بۆ ژینگەی ئارامی تەمەنی منداڵی ئەوەیە، کە دەرفەت بۆ منداڵەکە بڕەخسێنرێت کە ببێتە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆی…
دیمانە لەگەڵ هۆمەر قەرەداغی شارەزا لە بواری پەروەردە و بەڕێوەبەری ئامادەیی لە ستۆکهۆڵم بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…
بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردە چ کاریگەرییەکی لەسەر منداڵان هەیە؟
هۆمەر قەرەداغی: سیستمی فێرکاری دوو کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی منداڵ هەیە:
یەکەم ئاشناکردنی منداڵە بە بەها بنەماییەکانی ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگە.
دووەم وەرگرتنی زانست و زانیاریە.
ئەم دوو خاڵە ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ژیانی منداڵ دەگۆڕێت و پەیوەندیەکانی دیاری دەکات. متمانە و نەبوونی متمانەی بە ژیانی گەورەساڵان دەستنیشان دەکات، و دەبێتە رێگا پیشاندەری ڕەفتارەکانی داهاتووی.
بۆپێشەوە: کچانی خێزانە دەمارگیریە ئیسلامیەکان ڕێگای ژیانێکی ئاساییان نییە، کێ بەرپرسە لەوە؟
هۆمەر قەرەداغی: بیگومان خێزان و کۆمەڵگە.
لەسەرەتادا خێزان بەتایبەتی باوك لە کۆمەڵگە پیاوسالاریە داخراوەکاندا. باوک بە گشتی ئەرکی سەرشانیەتی کە دەرگاکان بەڕووی منداڵەکەیدا بکاتەوە، و سەربەستی قسەکردن و ڕادەربڕینی بداتێ هەر لە تەمەنێکی زۆر کورتەوە. بەڵام لەم جۆرە خێزانانەدا هەر زوو دەرگاکانی کرانەوە بەڕووی منداڵەکانیاندا دادەخەن و ژیانیان ئاڵۆز دەکەن.
کۆمەڵگە ئەبێت ڕێگر بێت دەربارەی ئەم دیاردەیە، و نەیەڵێت باوک و دایکەکانی ئەم خێزانانە ئەو کاریگەرییە نەرێنیەیان هەبێت لەسەر منداڵەکەیان، بەڵام کە یاسا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگە خۆی ئەو ڕەفتارانە بەهێز بکات، و ڕێگەیان پێبدات، ئیتر پەروەردەی منداڵەکە ئاسایی نابێت، و بەها مرۆڤدۆستیەکان لە مێشک و بیرکردنەوەیدا ڕەنگ نادەنەوە،
بۆپێشەوە: کارکردنی پیشەیی بە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بەگوێرەی ڕیکەوتننامەی مافەکانی منداڵان ڕێگەپێنەداوە، کەچی منداڵان دەخرێنە بەر کاری پیشەیی، ئەوە چ کاریگەرییەک لەسەر دنیای منداڵان دادەنێت؟
هۆمەر قەرەداغی: ئەگەر کارەکە بەردەوام بێت بۆ ماوەیەکی درێژ و ڕۆژی هەشت کاتژمێر بێت بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، ئەوە دەبێتە جۆرێک لەسەرکوتکردنی دەروونی و کاریگەری دەبێت لەسەر کەسایەتی منداڵەکە. لەبەر ئەوەی هەستەکانی تەمەنی منداڵی لە منداڵاکە دەسەنرێتەوە و ژیان بە ئاڕاستە نۆرماڵەکەیدا ناڕوات.
ئەم سەرکوتکردنە لە منداڵیدا؛ بۆشاییەکی ڕۆحی لە ناخی منداڵەکەدا دروست دەکات، کە کاریگەریی قوڵی دەبێت لەسەر ڕەفتارەکانی لە تەمەنی گەورەساڵیدا.
بەڵام ئەگەر وەک کار نەبێت؟ بەڵکو زیاتر پراکتیک (ڕاهێنان) بێت بۆ چەند هەفتەیەکی دیاریکراو، لە بەرنامەی خوێندندا بۆ ئەوەی منداڵەکە شارەزایی پەیدا بکات لەسەر پەیوەندییەکانی ناو بازاڕی کار، ئەوە سەرکوتکردن نییە بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی فێرکاری.
بۆپێشەوە: زۆریك لە ڕێكخراو و حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، تەمەنی منداڵ بە ١٦ ساڵ دادەنێن، ئێوە لەو بارەیەوە بۆچوونتان چییە؟
هۆمەر قەرەداغی: من بەهەڵەی دەزانم. تەمەنی منداڵ تا ١٨ ساڵییە نەک ١٦ ساڵی، بەو هۆکارەی کە هەستەکان و تێگەیشتن بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی ١٨ ساڵیدا.
بۆپێشەوە: ژینگەیەکی سالم و ئارام بۆ منداڵان دەبێ چۆن بێت؟
هۆمەر قەرەداغی: گرنگترین شت بۆ ژینگەی ئارامی تەمەنی منداڵی ئەوەیە؛ کە دەرفەت بۆ منداڵەکە بڕەخسێنرێت کە ببێتە خاوەن دەنگ و ڕەنگی خۆی. کەوا لە منداڵەکە بکرێت کە ببێتە مرۆڤێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەگری بەویژدان.
کە منداڵ گوێی لێگیرا و بووە خاوەن ڕا و بۆچوونی خۆی لە ناو خێزانەکەیدا، ئەوە هەست بە ئارامی دەروونی دەکات و متمانەی بە خۆی و دەوروبەرەکەی زیاد دەکات. بەویژدان جوڵانەوە لەگەڵ منداڵدا ئارامبەخشی دەروونی دەداتێ و توانای ئێمپاتی لا زیاد دەکات.
بۆپێشەوە: گومان هەڵنەگرە هەرچی ستەم و بێبەشی و بیمافی هەیە، ڕیشەی لە نیزامی قازانج پەرستی سەرمایەداریدایە، ئایا دەکرێت لە ژێر سایەی ئەو نیزامەدا، منداڵان لە بێبەشی و بێمافی… ڕزگار بکرێن و ژیانیێکی ئارام و ئازاد و سەربەخۆیان هەبێت؟
هۆمەر قەرەداغی: بەڵێ دەکرێت.
ژیان هەر ڕەش و سپی نییە. دەیان ڕەنگی تر هەیە لە نێوان ئەو دوو رەنگەدا. گەیشتن بە ئامانجەکانیش هەر مەرج نیە بە شۆڕشێکی کورت و چڕ و پڕ بێت.
دەکرێت لە ژێر کاریگەری تێکۆشانی ڕۆژانەی خەڵکی تێکۆشەر و مرۆڤدۆستدا دەیان ڕیفۆرمی گەورە بۆ نموونە لە سیستەمی فێرکاریدا بکرێت.
ژیانی ئاسودە و ئازادیش ڕێژەییە. کچێکی منداڵ لە کۆمەڵگەی سویدا ژیانی تا ڕێژەیەکی زۆر ئارامە، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ کچێکی منداڵدا لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نموونە ئەفغانستان لە کاتێکدا کە سوید و ئەفغانستان هەردووکیان لەژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدان.
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.