شێرزاد فاتیح :بازرگانی بەجەستەی منداڵانەوە یەکێک لەو برانشانەیە کە گەورەترین قازانجی بۆ گروپ و تاقمی مافیاو دەیان ڕێکخراوی جیهانی تر هەیە …

0
شێرزاد فاتیح :بازرگانی بەجەستەی منداڵانەوە یەکێک لەو برانشانەیە کە گەورەترین قازانجی بۆ گروپ و تاقمی مافیاو دەیان ڕێکخراوی جیهانی تر هەیە …
 
دیمانە لەگەڵ شێرزاد فاتیح؛ مامۆستاو بەرپرسی بەرگری لەمافەکانی مناڵان لە سوید بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…
 
 
بۆپێشەوە:کارکردنی پیشەیی بە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بەگوێرەی ڕیکەوتننامەی مافەکانی منداڵان ڕێگەپێنەرداوە، کەچی منداڵان دەخرێنە بەر کاری پیشەیی، ئەوە چ کاریگەرییەک لەسەر دنیای منداڵان دادەنێت؟
شێرزاد فاتح: کارکردن بەمنداڵان و دیاریکردنی تەمەنێک بۆ کارپێکردن بە منداڵان پرسێکی بڕێک ئاڵۆزەو یاساو ڕێسای جۆراوجۆر لەم بارەوە هەیە لە ساڵی ١٨٨١ لە سوید یاسای کارپێکردن بە منداڵان هەبوو کە لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە ڕێگە پێدراوبوو، هەر لە ساڵی ١٩١٩ماددەی پێنج تا دەگاتە ماددەی ١٨ ی ساڵی ١٩٩٦. جۆری کارەکە دەیبڕێنێتەوە کە قەدەغەیە یان نا! کاری کرێگرتە، کاری کارخانەو و پیشەیی، کاری شەوانە، ڕۆژگاری درێژی کارو کاری سەخت، ئەمانە هەموو ئەوکارانەن کە بۆ جەستەی منداڵان قورسن و زیانیان پێدەگەیەنێ تا سود، بۆیە ئەم جۆرەکارانە بە منداڵان قەدەغەن. جا ئەوەی کە وادەکات کە منداڵان کاریان پێبکرێت سەرباری بوونی یاسایەک بۆ پاراستنی منداڵان و قەدەغەکردنی کار پێکردنیان زۆرن، بەرچاوترینیان هەژاری و نەبوونی و شەڕو ئاوارەیی و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و خراپی بەڕێوەبردنی وڵات و شتی تری لەم جۆرەیە.
کارپێکردنی لەم جۆرە منداڵان وا بار دێنێت کە ئیتر خۆیان وەک منداڵ لە خۆیان نەڕوانن، خۆیان وەک گەورەیەک چاولێبکەن کە لە خێزاندا بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆیە، دەستبردن بۆ هەندێک شت منداڵان لەوتەمەندا دەکرێت بیکەن بۆیان دەبێت بە عەیب و عار، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە بە تەواوی لە دنیای سادەی منداڵی خۆیان دوور بکەونەوە.
لە زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری دنیادا بەکەڵک وەرگرتن لەدیاریکردنی تەمەنی جیاجیا بۆ کاری منداڵان، چەندین بازاڕی گەورەی جیهانی دەڕۆن سەرمایەکەیان لە شوێنێک وەگەڕ دەخەن کە کاری منداڵان تێدا هەرزانترین و پڕ بەرهەمترین کارە. بۆ نموونە بازاڕی H&M کە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دنیادا هەیە بەرهەمهێنانی کاڵاکانی لە ئەوروپاوە گواستەوە بۆ وڵاتانی ئاسیا و شەرق یان بۆ وڵاتێک کە کاری منداڵ تێیدا هەرزانە، وەک هندستان، بورما و بەنگلادیش و چەندین وڵاتی تر. لەوڵاتی بورما ڕۆژانە ١٤ سەعات کار بە منداڵان دەکرێت، لەوێ تەمەنی منداڵ بۆ کارکردن ١٤ ساڵە. لەمبارەوە H&M لە سوید زۆر ڕیسوا کراو ڕەخنەی لێگیرا!
بۆپێشەوە: بەدکەڵک وەرگرتنی جنسی لە منداڵان، دیاردەیەکی شەرماوەری کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەمرۆ و ڕەوتە دینی و مەزهەبیەکانە، چۆن دەکرێت بەر بەم تاوانە بگیرێت؟
شێرزاد فاتح: بازرگانی کردن بە جەستەی ناسکی منداڵانەوە یەکێک لەو برانشانەیە کە گەورەترین قازانجی بۆ گروپ و تاقمی مافیا و دەیان ڕێکخراوی جیهانی تر هەیە، ڕۆژانە قازانجی بێشومار بە جەستەی منداڵانەوە دەکەن بە کڕین و فرۆشتنی منداڵان و بەکارهێنانیان بۆکاری سێکسی و لەشفرۆشی. بەداخەوە ئەم دیاردەیە لەسەرتاسەری دنیادا بوونی هەیە، لە عێراق و ئێران و چەندین وڵاتی تری دەوروبەردا ئەم کارە هەندێ جار بە ناوی زەواجی متعەوە بە منداڵان دەکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت بەتایبەتیش لە نێو گروپ وتاقمە ئیسلامیە شیعەکاندا، لە وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان ویەمەن و وڵاتانی ئەفریقا و چەندین وڵاتی تر منداڵان لە تەمەنی ٩ ساڵان و بگرە بچوکتریشەوە بەشو دەدرێن و دەفرۆشرێن و دەدرێن بە کەسانی گەورە ساڵ کە هەندێ جار ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ لە منداڵەکە گەورەترن، ئەمەش لەسەر سونەت و داب و نەریتی ئاینی دەکرێت، کە بۆ خۆی شەرعیەت پێدانە بە لاقەکردن و فرۆشتنی جەستەی منداڵان. هەندێک جار لەو وڵاتانەی ناوم بردن منداڵانی کچی لەوتەمەنانە دەگۆڕدرێنەوە بە دوو حوشتر یان بە چەند سەر مەڕ و ئاژەڵێک، بەتایبەت ئەم دیاردەیە لە یەمەن و سۆمال هەر زۆر دیاردەیەکی باوە. ئەمەش بۆخۆی بەشێکە و جۆرێکە لە کەڵک وەرگرتن و بازرگانی کردن بە جەستەی منداڵانەوە.
تا سیستەمی دڕندانەو زاڵمانەی سەرمایەداری دنیا بەڕێوەبەرێ، تا شەڕو نا ئەمنی و هەژاری بەرۆک بە خێزان و کۆمەڵگا بگرێت، ئەم دیاردەیە ئاسان نییە بەری پێ بگیرێ. بەبڕاوی من چارەسەر لەگۆڕنانی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی سۆشیالیزمە، دنیایەک بەرابەر بۆ هەموان و دوور لە چەوساندنەوەو هەڵاواردنی مرۆڤەکان بێ جیاوازی ڕەنگی پێست و نەتەوەو ئاین، تەنهاو تەنها سۆشیالیزم دەتوانێت چارەسەر بێت.
بۆپێشەوە: چەکدارکردنی منداڵان، یان بەکارهێنانیان لە ڕێکخراوە سەربازییەکاندا، چۆن دەکرێت بەری پیبگیرێت؟
شێرزاد فاتح: بە داخەوە دیاردەی چەکدارکردنی منداڵان لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیادا دیاردەیەکە پەنای بۆ دەبرێت و منداڵانی بۆ پەلکێش و بەسیج دەکرێت، ئەمەش بەزۆری لە ناو گروپ و دەستەی سیاسی و توندڕەوەکاندا هەیە تا وڵاتان بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی. لە ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوە تیرۆریستیەکاندا وەک داعش و قاعیدەو تالیبان و بوکوحەرامی ئەفریقا بەتایبەتیش لە سەنیغال، وە ئەلشەبابی سۆمال، هەروەها لە وڵاتانی وەک سوریا و یەمەن ولوبنان …هتد، دیاردەیەکی زۆر بەرچاوەو ئەوکارەی منداڵان بە فەرمانی گەورە تیرۆریستەکانیان دەیکەن، زۆرجار گەورەکان بۆیان ناکەن. هۆکارەکەشی سادەیی منداڵان و ئاسان ڕاهێنانیانە کە لەو خولی ڕاهێنان و پەروەردەی توندوتیژیانەدا فێردەکرێن.
سەبارەت بەوەی کە چۆن دەکرێت بەر بەمە بگیرێت، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە قسە لەسەر ولاتانێک دەکەین کە تێیاندا هیچ خەبەرێک لە مافەکانی منداڵان نییە، ڕاستە کە لە هەموو وڵاتێکدا یاسا هەیەو ناوی منداڵان و مافەکانیان ئاماژەی پێکراوە، بەڵام لە وڵاتانی وەک پاکستان و ئەفغانستان وئێران و سودان و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی ئەفریقی و ئاسیایی، ئەوەی کاری پێدەکرێت زیاتر داب و نەریتە نەک یاسا، خودی دەوڵەتیش لەبەرامبەر ئەمانەدا شانی خۆی خاڵی دەکاتەوە لەوەی کە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی منداڵان دابین بکات، هەژاری بنەبڕ بکات، پەروەردەو فێرکردنی پێویست بۆ هەموو منداڵان بە پێی توانای و ڕاددەی فێربوون و نەشونمای هزری و جەستەی بگونجێنێت، ئەمە ناکرێت. کاتێک ئەمە بوونی نەبێت ئیتر ئاشکرایە کە هەم بەتاڵی و هەمیش هەژاری و دروستبوونی ئەم فەراغە بۆ پەروەردەو سەرحاڵی و گەشەکردن وا دەکات کە منداڵان پەنا بۆ شتی تر بەرن. وەک پێشتر وتم ئەم دیاردانە ئیتر بەشێکن لە پێشهات و دەرهاویشتەکانی نیزامی سەرمایەدری، ئەوەی کە بۆیان گرنگ نییە، مرۆڤە.
من زۆرجار دەبینم وەک چارەسەر باس لەوەدەکەن کە وڵات و یاسای پێشکەوتوو یان بەیاسابوون جاڕنامەی جیهانی چارەسەر بێت بۆنەمان و بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری منداڵان و لاوان، بەڵام ئەمە وا نییە.
کاتێک دەوڵەت بەئەرکی خۆی ئەڵنەسا و پێداویستی منداڵانی لە هەموو بوارەجیاجیاکانی ژیاندا دابین نەکرد، منداڵانی سەرحاڵ و کەیف خۆش نەکرد بە ژیانی منداڵانی خۆیان، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی نەکرد، ئەو کێشەیەش ئەستەمە چارەسەربکرێت و بەری پێبگیرێت! دیسانیش دەبێت بیڵێمەوە کە چارەسەر ڕوخاندنی سەرمایەداری ودامەزراندنی سۆشیالیزمە.
بۆپێشەوە: تا چەندە لەگەڵ ئەوەدان منداڵان ڕابێکێشرێنە ناو دنیای سیاسەت و خەبات؟ و دیمەنی نابەرابەری و زوڵمی سەرمایەداریان پێ ئاشنا بکرێت؟
شێرزاد فاتح: من لەگەڵ ئەوەدام کە هۆکاری شەڕ، ستەم و چەوساندنەوە، هەژاری و بەدبەختی و ناجێگیری سیاسی، تێکچونی ژینینگەو تەنگەبەر کردنەوەی ژیان بۆ مرۆڤەکان و گیانداران، پیسبوونی تەواوی ئاوو هەواو دەریاو …هتد، بۆ مندالان باس بکرێت لە تەمەنێکی دیاریکراودا بە پێی درک و توانای منداڵ ئەم تەمەنە دەگۆڕێ و هیچ منداڵێک لەوی تر ناچێت، بەهەرحاڵ ئەمە باس بکرێت کە بۆ وایەو هۆکارەکەی چییە. هەروەها باس بکرێت کە بۆ لە وڵاتی ئێمەدا سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانمان لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دابین ناکرێت و بۆچی دەوڵەت بەکاری خۆی هەڵناسێت سەرباری ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین پڕە لەسەروەت و سامان، کە لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی تردا نییە،
ڕۆشنبکرێتەوە کە ئەگەر بێت و ناڕێکی لە دابەشکردن و خراپی لەسەرپەرشتی کردن و دەستپیسی نەبێت ئەوە دەکرا لە ژیانێکی خۆش وئاسودە، وە لانی کەم لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانمان بەهرەمەند بین.
ئەوەی کە منداڵ بێتە نێو کایەی سیاسی و بۆی ببێت بەپیشەیەک و لە دنیای منداڵی خۆی دووری بخاتەوە، ئەمەیان ئیتر بە بڕاوی من کارێکی باش نییە و دەبێت قەدەغە بکرێت. لە هەندێک وڵاتان و لەبەرنامەی هەندێک لە حزبەکاندا لەمبارەوە شتی جیاجیا هەیە، وەک نموونە لەبەرنامەی حزبی چەپی سوید دا هاتووە باس لەدەنگدانی منداڵان دەکرێت لەتەمەنی ١٦ ساڵییەوە، بەڵام دەنگدان چەندین پلەوپایەی جیاجیای هەیە، لەوێدا باس لە مافی دەنگدان دەکرێت تەنها بۆ کۆمۆنی شارەکەی خۆی! ڕەنگە ئەمە وەک تێکەڵ بوونێک لەگەڵ سیاسەتدا لێکبدرێتەوە، بەبڕاوی من وا نییە، ئەمە وەک یەکێک لەسەرەتاییترین هەنگاوەکانە کە منداڵ هەست بە بوونی خۆی بکات و دەنگی ئەو وە هەڵبژاردنی ئەو گرنگی پێبدرێت، ئەمیش هەنگاوێکە بۆ نزیکردنەوەی منداڵ لەوەی لە داهاتوودا لایەنی باش و خراپ بە پێی لێکدانەوەیەک کە هەیەتی لێک جیا بکاتەوە…
Leave A Reply

Your email address will not be published.