جۆردەن پیتەرسۆن و رێچار ۆڵف

0

جۆردەن پیتەرسۆن و رێچار ۆڵف

Jordan Peterson Vs Richard Wolff

 

جۆردەن پیتەرسۆن سایکۆلۆجیستێکی کەنەدییە. بۆ چەند مانگێک فرۆشتنی کتێبەکانی یەکەم بوو لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمازۆندا. جۆردەن لە ئاستی دنیادا بەوە ناسراوە کە ڕەخنەی توند لە مارکسیزم و سۆشیالیزم ئەگرێ. زۆربەی کات ڕەخنەکانی پڕ تەوهین و نا ئەکادیمی و گاڵتەکردنە بە سۆشیالیزم و دیفاعکەرێکی سەرسەختی سیستەمی سەرمایەدارییە. ماو و ستالینی کردووە بە ڕەمزی کۆمۆنیزم و هێڕشی هستریایانەی بۆ سەر مارکسیزم و هەر ڕەخنەیەک لە کاپیتالیزم.

جۆردەن پیتەرسۆن چەندین جار لە پانێڵ و سمینارەکانیدا، بەردەوام ئیدیعای ئەوەی ئەکرد کە هیچ کەسێکی مارکسی و سۆشیالیست ناوێرێ دیبەیتی لەگەڵ بکات لەسەر کەپیتالیزم لە بەرانبەر سۆشیالیزمدا.

لە کۆتایی ساڵی 2017 دا دۆگڵاس لەین، ئامادەیی بۆ ئەم دیبەیتە دەربڕی. جۆردەن ئەمەی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی کە دۆگڵاس هیچ کتێبێکی نییە و کەسێکی ناودار نییە. لە سەرەتای 2018 دا لە زانکۆیەکی ویلایەتی (ئایداهۆ) ڕێکخراوی قوتابیانی یەکێک لە زانکۆکانی ئایداهۆ، دیبەتێکی ڕێکخست بۆ ڕێچارد ۆڵف و جۆردەن پیتەرسۆن. ئەم جارەش جۆردەن ڕەفزیکردەوە بەشداربێت. لە ڕاستیدا نەیوێرابوو کە خۆی بدات لە قەرەی ۆڵف و خۆی ڕیسوا بکات. ئەوەی سەیرە بیانووی ئەم جارەی ئەوە بوو کە ئەبێت هەفتاو پێنج هەزار دۆلاری بەنێ ئینجا بەشدار ئەبێت. هەرچەندە ڕێکخەران پێیان وتبوو کە ئێمە تەنها ڕێکخراوێکی قوتابیانین و توانای ئەوەمان نییە 75000 دۆلارت بەینێ، بەڵام هەر وەک ڕێچارد ئەتوانین  پارەی سەفەر و ئوتێلت بۆ دابین بکەین. دوا قسەی جۆردەن ئەوە بوو کە کرێی بەشداری کەمکردبۆوە و وتبووی کە ئەگەر 50000 دۆلاری نەدەنێ ئەوا بەشدار نابێت.

بەهەرحاڵ دیبەیتەکە بە ئامادەبوونی ڕیچارد و بە غیابی جۆردەن بەڕێوە چوو. جۆردەن کە هەڵەوەڕێکە و بۆرژوازی و میدیاکانی ئاوا گەورەیان کردووە، چۆن ئەتوانێ شان بدات لە شانی ڕیچارد ۆڵف.

ڕێچارد ۆڵف لە ئەمریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین کتێبە و بڕوانامەی  پی هێچ دی و سێ ماستەری لە ئیقتیساد و مێژوودا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە لە ئێستادا هەفتانە لە زیاتر لە 180 ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجام ئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی دنیا.

عامر سابیر

18/04/2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.