کتێبی” کۆمۆنیزمی نوێ” بڵاوبۆوە …

0

کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و سیاسی ڕەخنەگرانەیە سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم.

ئەم کتێبە ٤٠٠ لاپەڕەیە و لە ٢٤ بەش پێک دێت. نووسەری ئەم کتێبە ئاسۆ کەمال سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەم کتێبە دەڵێت: ئەم لێکۆڵینەوەیە مێژووی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و کۆمۆنیزمی کرێکاری تاوتوێ دەکا و هۆکارەکانی گۆڕانی شکڵ و ناوەرۆکی حزبی چینی کرێکار و مۆدێلی سیاسی و ئابووری سۆشیالیستی و قەیرانەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە و ڕەخنە. لە کۆتاییدا باسی پێویستیەکانی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ دەکا کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران بێ لە ئەمڕۆدا و کۆتایی بە دابەش بوونی ناوخۆی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان بهێنێ و ئاسۆ و مۆدێلێکی نوێ لە حزبی کرێکاری بخەنە ڕوو کە ڕەنگدانەوە و ڕۆحی کۆمەلگەی کۆمۆنیستی لە خۆ نیشان بدا و هەژموونی پەیدا بکا لە نێو چینی کرێکار و کۆمەڵگەدا تاکو بتوانێ مومکین بوونی سۆشیالیزم وەک بەدیلی سیستمی ئەزمەگرتووی سەرمایداری نمایش بکا.

کۆمۆنیزمی نوێ دیدگایەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ مێژووی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست، و لە هەمان کاتیشدا گەشەپێدانی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و هێنانە دی دنیایەکی باشتری سۆشیالیستی.

ناڕەزایەتی گلۆباڵی ئەمڕۆی هەموو بەشەکانی چینی کرێکار بەرامبەر بە سیستمی سەرمایەداری ناکۆکە بەو دۆخی دابەش بوونەی ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، کە لە ئەنجامی قەیرانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی کۆمۆنیزمی دەوڵەتی زاڵ بەسەر ئەم بزوتنەوەیەدا تووشی هاتووە. ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە بە یەکگرتوو کردنی هەموو بەشەکانی بزوتنەوەی کرێکاری دەکرێ لە حزبێکی کرێکاری جەماوەری دا.

مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کۆپیەکە لە دەسەڵاتی کەمینە، کە بە ناوی نوێنەری چینی کرێکارەوە، دیکتاتۆریەتی حزبی تاقانە، پاوانی موڵکایەتی دەوڵەت، پاشکۆ کردنی شورا و سەندیکا و ڕیکخراوی جەماوەری،  کۆنترۆڵ کردنی ئازادی و قەدەغەی ڕا و فراکسیۆن و حزبی جیاواز پەیڕەو دەکا.

حزبی کرێکاری بە پێچەوانەی مۆدێلی حزبی بورژوازی یەوە و ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی یە کە پەیڕەو لە بەڕیوەبردن و فۆرمی کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی دەکا، کە دەسەڵات و بڕیار لە دەست زۆرینەی کۆمەڵگە دایە نەک کەمینەیەک.حزبێک کە هەمیشە لە بەر فراوان بوون و یەکگرتنە لەگەڵ گروپە ڕۆشنبیرەکان و جەماوەری کرێکاران و سەندیکا و شوراکانیاندا و هەموویان پراکتیکێکی چیانیەتی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری نمایش دەکەن.

سۆشیالیزم بریتیە لە پراکتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حزب و ڕیکخراوەکانی چینی کرێکار، کە نەک هەر دەسەڵاتی سیاسی لە دەست کەمینەیەکی بورژوازی دەردێنێ، بەڵکو دەسەڵات دەسپێرێ بە شورا و تۆڕی بەڕیوەبردنی کۆمەڵایەتی کرێکاران و زۆربەی کۆمەڵگە، تاکو ئیدارە و بەڕیوەبردنی کاروبارەکان دوور لە هەر دەزگایەکی پیشەیی سیاسی و دەوڵەتی بچەرخێنن و بە شداری ئازادانەی ئینسانەکان لە بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا مسۆگەر بکەن.

لەم کاتی کەرەنتینەدا کە زەحمەتی گەیشتنی ئەم کتێبە بەشێوەی کاغەز بەو هاوڕێیانەی لە دەرەوەی ووڵاتن بۆ زۆرێک لەوانەیە سەخت بێ و کاتێکی زۆری بوێ، هەربۆیە ئێستا لەم لینکانەی خوارەوە کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ” لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەتوانن بە خۆڕایی وەربگرن بە PDF و ebook و issuu.

هەروەها دواتر کاتی بڵاوبونەوەی لە کوردستان و ناوی کتێبخانەکانی کوردستان بڵاو دەکەینەوە بۆ کڕینی کتێبەکە.

گرنگ بۆ ئێمە خوێندنەوە و ڕای ئێوەیە و هیوادارین گفتوگۆیەکی سوود بەخش دروست بکا.

لەو باوەڕەوە کە کۆمۆنیزمی نوێ دیدگایەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ مێژووی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست، و لە هەمان کاتیشدا گەشەپێدانی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و هێنانە دی دنیایەکی باشتری سۆشیالیستی. هەربۆیە پێویستی بە هەوڵی هەرەوەزی هەموو کۆمۆنیست و کرێکارانە کە بە شداری لەم دایەلۆگ و پرسانەدا بکەین کە چارەنوسی هاوبەشی بزوتنەوەکەمان دیاری دەکا. بۆ PDFوebook  کلیکی ئەم سایتە بکە؛

کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” بە PDF & EBOOK

بۆ issuu کیلکی ئەم لینکە بکە؛

Leave A Reply

Your email address will not be published.