عوسمان حاجی مارف: کاتێک هەر دەسەڵاتێک خەمساردی و نابەرپرسانە مامەڵەی بژێوی هاووڵاتیەکانی کرد پێویستە ئەو دەسەڵاتە وەلا بنرێت…

0

عوسمان حاجی مارف: کاتێک هەر دەسەڵاتێک خەمساردی و نابەرپرسانە مامەڵەی بژێوی هاووڵاتیەکانی کرد پێویستە ئەو دەسەڵاتە وەلا بنرێت…

 دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە کێشمەکێشی بەغدا و هەولێر و پرسی موچە…

بۆ پێشەوە: گرژی نێوان هەولێرو بەغدا بە درێژایی ١٧ ساڵی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، هەرجارەی لەسەر پرسێک یان چەند پرسێک بەردەوامی هەبووە، ڕیشەی ئەو ململانێیە چیە؟

عوسمانی حاجی مارف: لەسەرەتای جەنگی کەنداوەوە تا داگیرکاری دەوڵەتی ئەمریکا بۆسەر عێراق و وێرانکردنی عێراق، نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، هەروەها کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیا و وڵاتانی ناوچەکە، مایەی هەلومەرجێکی تەواو نالەبار و ناجێگیری سیاسی بووە لەعێراقدا، تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیەو نەتوانراوە ئارامی سیاسی دەستەبەر بکرێتەوە، بۆیە سەرچاوەی گرژی نێوان هەولێرو بەغدا لە ناو جەنجاڵی ئەو گێژاوە سیاسیەدا سەری دەرهێناوە، نەک کێشەو پرسەکانی نێوان خۆیان، بەمانایەک کێشەو پرسەکانی خۆشیان هەر لە ئاکامی ئەو گیژاوەدایە کە ناتوانێ سەقامگیری سیاسی بۆ عێراق و کوردستان بگەڕێنێتەوە، تا ئەو بارودۆخەی شەڕو کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکە بەسەر ناوچەکەدا سایە بکات، ئەو کێشەو بارگرژیانە کۆتاییان نایەت، واتە لەلایەکی ترەوە ئەتوانین ئەوە دەست نیشان بکەین، کەتەواوی ئەو هێزە سیاسی و میلیشیایانەی لە مەیدانی سیاسی عیراق و کوردستان ڕۆڵی سیاسی دەگێرن و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەشێکن لە چڵکاو و بۆگەناوی ئەو دۆخە سیاسیە پڕگێژاو و نالەبارەی کە سێ دەیەیە باڵی بەسەر عیراق و ناوچەکەدا کێشاوە. دەبینین پێکهاتەیەکی کۆنەپەرستانەی هێزی قەومی و ئیسلامی و تائفیی و بنەماڵەیی بە هێزی میلیشیا شێوازێکی تەواو نەخوازراو و نەگونجاو لە دەسەڵات و حکومەت لە عێراق و کوردستاندا پێکهاتووە، کە لەلایەک فەراهەمهێنان و ئاسانکارییە بۆ ئەو پەڕی تاڵانی و دزی و جەردەیی و گەندەڵی لە لایەکی ترەوە بەردەوام مایەی شەڕو کوشتارو کارەسات و دەردی سەری و هەژاری و نەدارییە بۆ زۆرینەی دانیشتوانەکەی.

لەم واقعیەتەوە دەمەوێت ئەوە دەست نیشان بکەم ئەم بارگژییە بەردەوام دەبێت تا عێراق و کوردستان دەرگیر بمێنێتەوە لە چوارچێوەی مانەوەی دەورو دەسەڵاتی سیاسی ئەم هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامی وتائیفیانەدا، جا کابینەی حکومەتەکانیان بە ڕێکەوتنی هەر کەس و دەستەو تاقمێک بێت جیاوازی نابێت و هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک بەدەست نایەت، تەنها ڕێگا پاکردنەوەی کوردستان و عێراقە لەم جۆرە هێزانە.

بۆپێشەوە: جارێکی ترو لەسەروبەندی  پێکهێنانی کابینەیەکی تری حکومەتی عیراقدا، ململانێی نێوان بەغداو هەرێم لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران دەستی پێکردەوە، هۆکاری ئەو ململانێیە چیە؟

عوسمان حاجی مارف: بەگشتی ئاگاداری ئەوەین تا پێکهێنانی ئەم کابینەیەی مستەفا کازمی لە حکومەتی عێراقدا بە چ دەردی سەری و کێشەیەک لە پرۆسەی ڕێکەوتنی لایەنەکاندا تێپەڕێندرا. بن بەست و شکستی کابینەکەی عادل عبدالمهدی ئاکامی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی خەڵکی عێراق بوو کە دەست پێدەکات لە ‌بەشداری نەکردنی ڕێژەیەکی زۆر بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا، تا خۆپیشاندان و خرۆشانە جەماوەریەکانی شارەکان و مەیدانی ڕزگاری (تەحریر) بەغداد، لە هەمان کاتدا نالەباری دۆخی سیاسی ناوچەکە و کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ئێران و  دەورو دەخالەتیان لە عێراق و ناوچەکەدا، قەیرانێکی قوڵی لە دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی پێکهێناوە کە تائێستاش بەهەر ڕێکەوتنێکیان بۆ کابینەی کازمی بە بۆچوونی من ئەو قەیرانی دەسەڵاتە و ناجێگیری سیاسی، نەک وەک خۆی ماوە بەڵکو قوڵتریش دەبێتەوە، بە تایبەتی  کە قەیرانی قوڵی ئابوری و دارایی جیهان و کێشەکانی پەتای کۆرۆناش زیاتر سایەی کردووە بەسەر بارودۆخی ئابوری و سیاسی تەواوی جیهاندا، کە ئەم هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامی و تائفیانە لە چاوەڕوانی ئەو ئاڵوگۆڕانەدان کە ئەو قەیرانە ئابوریە، و قوڵبونەوەی زیاتری ئەو قەیرانە بەهۆی پەتای کۆرۆنا چ ئاڵوگۆڕێک لە جیهاندا ڕوئەدات و ئایندەی وڵاتانی سەرمایەداری و کێشمە کێشی زلهێزەکان بەرەو کام کەناری دەریا  کێشیان دەکات.

بۆیە کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا یان حزبەکانی کوردایەتی و حزبە قەومی تائفیەکانی عێراق گرێی نەخواردوە بە بودجە و موچەی فەرمانبەرانەوە، بەڵکو لەبەرامبەر ئایندەیەکی نادیاردایە کە هەردولایان لەلایەک لە بەرامبەر ئەو قەیرانە ئابوریەی جیهان وپەتای کۆرۆنادا بن بەست و دەستەوەستان و بێدەسەڵاتن چاوەڕوانن دنیا چی بەسەر دێت، لەلایەکی تریشەوە لە بەرامبەر بێزاری و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا بن بەستبوون ناتوانن و نایانەوێت وەڵام بە کێشە و خواستەکانی خەڵک بدەنەوە کە تەشەنەی بێکاری و نەداری و هەژاری ڕۆژانە لە زیادبوندایە، بەڵام لە ئێستادا لە چوارچێوەی کێشەی بودجەو و موچەدا ڕەنگ ئەداتەوە، دەمەوێت بڵێم کێشەکان و دۆخەکە زۆر واوەترە لە بودجەو موچە، کوردستان و عێراق لە سایەی دەسەڵات و مانەوەی ئەم هێزە میلیشیایانەدا لەبەردەم مەترسی قەیرانێكی مەترسیدارو گەورەتردایە.

بۆ پێشەوە: موچەی فەرمانبەران مافێکی زۆر کەمی بەرهەمی رەنج و ماندوبونیانە، کەچی دەسەڵاتی سیاسی ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینێ، موچە خۆران دەبێ لەبەرامبەر بەو مامەڵەیەی دەسەڵاتدا چی بکەن؟

عوسمانی حاجی مارف: وەک ئاماژەم پێکرد هەلومەرجەکە واوەترە لە موچە، هەڵبەتە نەدانی موچەش بۆ خۆی کێشەیەکی جدیە، بەڵام ئەوەش زۆر بەرچاوە کە بێکاری و نەداری و هەژاری و برسیەتی هەڕەشەو مەترسیەکی گەورەترە لەسەر ژیانی خەڵک، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەش بە ئاشکرا دەبینین کە دەسەڵاتداران ئامادەی هیچ جۆرە چاکسازیەک نین و بەتەنگ ژیانی خەڵکەوە نەبوون و نین، تەنها ڕێگا ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەرییە کە ناچاریان بکات، یا دەبێت بژێوی ئەو خەڵکە دابین بکەن، یان بابڕۆن و دەستبەرداری دەسەڵاتەکەیان بن.

بۆ پێشەوە: زۆربەی شارەزایانی ئابوری و چاودێرانی سیاسی پاساوی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە نەبونی پارە بە ڕاست نازانن …ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

عوسمانی حاجی مارف: ڕاستە قەیرانی ئابوری تەواوی جیهانی داگرتووە و پەتای کۆرۆناش ئەو قەیرانەی خێراترو قوڵتر کرۆتەوە، لە هەمان کاتدا کوردستانیش ناتوانێ خۆی داببڕێ لەو قەیرانەو کاریگەریەکانی، بەڵام کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، دەسەڵات بەرپرسەو ئەرکیەتی وەڵام بە پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک بداتەوە، بە تایبەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ماوەی سێ دەیە لە دەسەڵاتداریەتی سەرمایەیەکی بێ شومارو خەیاڵی وەهایان کەڵەکە کردوە، گەر خۆیان بە بەرپرس بزانن لە بەرامبەر بژێوی دانیشتواندا، بە ئاسانی دەتوانن بەتەنگ پێداویستیەکانی خەڵکەوە بچن و وەڵام بەخواستەکانیان بدەنەوە، بەڵام نایکەن و نایانەوێت بیکەن، ئەمەش تاوانێکی گەورەیەو دەبێت سزا بدرێن.

بۆپێشەوە: لاتان وانییە دەبێت داهاتی خەڵکی کوردستان لە دەستی حیزبەکانی کوردستان دەربهێنرێت  و ڕادەستی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕاستەقیەی خەڵک بکرێت، و ئەوان بڕیار لە چۆنیەتی سەرف کردن و دابەشکردنی بدەن؟

عوسمانی حاجی مارف: کاتێک هەر دەسەڵاتێک خەمساردی و نابەرپرسانە مامەڵەی بژێوی هاووڵاتیەکانی کرد پێویستە ئەو دەسەڵاتە وەلا بنرێت، بەڵام کێشەکە لێرەدایە نوینەرانی ڕاستەقینەی خەڵک کێن، ئەوەتا دەبیستین پەرلەمان تارەکان دەڵێن ئێمە نوێنەری هەلبژێردراوی خەڵکین، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو داهاتە بدرێتە پەرلەمان و ئەوان بڕیار لەسەر چۆنیەتی سەرف کردنی بدەن؟ پەرلەمانێک لە سایەی دەسەڵات و هەژموونی پێشوەختی بەزۆر سەپێنراوی حزبە میلیشیاکانی  دەسەڵاتی بنەماڵەدا هەلبژاردنی بۆ ئەنجام درابێت، پەرلەمانێکی کارتۆنی و بێدەسەلات و بێ ئعتبارە، نەک نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستمی ئەو پێکهاتە گەندەڵ و تالانچێتی و قاچاخچیانەی نەوت کە سێ دەیەیە کوردستانیان داگیر کردوە.

نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک دەبێت بە دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا فەراهەم بهێنرێت، بە هەڵبژاردنێک بەدور لە فشارو هەژموونی ئەحزاب، لە ڕێگەی میکانیزم و سیستمی شوراییەوە.

دەسەڵات لە عێراق و کوردستان سەلماندویانە کە بە هیچ جۆرێک ئامادەنین نە شەفافیەتی داهات ڕاگەیەنن و نە داهات ڕادەستی هیچ کەس و لایەنێک بکەن، بەڵکو دەبێت لێیان بسێندرێت لە ڕێگەی ناڕەزایەتی ڕێکخراو و بەرفراوانی جەماوەریەوە کە ئاسۆکەی سەلماندنی یەکسانخوازی و دەسەڵاتی شورایی بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.