عەلی عەزیز: فرۆشتنی نەوت لەهەرێم جۆرێکە لە تاڵانی هاوبەشی کۆمپانیاکانی نەوت و سەرانی کورد، باجەکەشی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش ئەیدەن، هەم لە موچە هەم لەخزمەتگوزاری.

0

 عەلی عەزیز: فرۆشتنی نەوت لەهەرێم جۆرێکە لە تاڵانی هاوبەشی کۆمپانیاکانی نەوت و سەرانی کورد، باجەکەشی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش ئەیدەن، هەم لە موچە هەم لەخزمەتگوزاری.

دیمانەی بەڕێز عەلی عەزیز چاودێری سیاسی سەبارەت بە کێشمەکێشی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی موچە

بۆپێشەوە: جیاوازی موچە لە نێوان پلە باڵاکان و پیاوانی حکومەت، لەگەڵ موچەی کرێکاران و کارمەندان، خەیاڵییە و دە بۆ بیست و سی و چل قات زیاترە، چۆن دەڕوانە ئەم جیاوازییە؟

عەلی عەزیز: جیاوازییەکە ناڕەوایە و لەسەر بنەمای حزبی دانراوە، جۆرێکە لە بەرتیل دان بە ئەندام پەرلەمان تاوەکو ڕازی بکەن بەوەی خۆیان مەبەستیان چی بێت ئەوەی پێ بکەن. ئەو موچە زۆرە و پارەی پاسەوان و نانخواردن و مانەوە و سەفەری دەرەوە، جۆرێکە لە زیادەڕەوی، لەکاتێکدا فەرمانبەر خزمەتی زۆری هەیە هیچ یەک لەو ئیمتیازانە وەرناگرێ… فەرمانبەری بەئەزموون و شارەزا بۆ نمونە ئەندازیارێکی سی ساڵە پێویستی بەخول و ڕاهێنان و زانیاریی نوێ هەیە، بەتایبەتی لەدەرەوەی وڵات کەچی فەرامۆشیان کردووە هیچ بنەمایەکی دارایی و دادپەروەرانە نییە لەو موچە و ئیمتیازاتە زۆرانە تەنها مەبەستی سیاسی و حزبییە.

بۆپێشەوە: کە نرخی نەوت دادەبەزێت، یەکسەر موچە و خزمەتگوزارییەکان بەرەو وشک بوون دەچن، کەچی کە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، نەموچە زیاد دەکات و نەخزمەتگوازرییەکان گرنگی زیاتریان پێ دەدرێت، چۆن دەڕوانە ئەو هاوکێشەیە؟

عەلی عەزیز: کە نرخی نەوت دادەبەزێت بەهانەیەکی باشە، بۆ ئەوەی پاساوەکە بخەنە پاڵ دابەزینەکە. خۆی فرۆشتنی نەوت لەئاستی دنیادا کێشەی زۆرە، و هێزە نێودەوڵەتییەکان تەماعیان تێ کردووە، بەردەوام یاری بەنرخی نەوت و عەرز و تەلەب ئەکەن، بێ لەوەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان ناهەوسەنگن. فرۆشتنی نەوت لەهەرێم جۆرێکە لە تاڵانی هاوبەشی کۆمپانیاکانی نەوت و سەرانی کورد، باجەکەشی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش ئەیدەن، هەم لە موچە هەم لەخزمەتگوزاری.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ٢٩ ساڵە شکستی دەسەڵاتداریەتیەکەی نیشان دەدات، کاتی ئەوە نەهاتووە ئەو دەسەڵاتە ڕابماڵرێت؟  وە ئەو دەسەڵاتە چۆن رادەماڵرێت؟

عەلی عەزیز: قوڵبوونەوەی ناڕەزاییەتەکانی خەڵک بە بەرفراوانی و لەگشت ئاست و چین و توێژەکان لەکۆتاییدا دەبێتە مایەی ڕووبەڕوو بونەوەی فراوان لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدارندا، کە خەڵک و هێزە چەکدارەکانیش ئەو واقیعە تاڵە و بێ دەرەتانییەیان پێ قبول ناکرێت، بەڵام تائەو کاتە پێویستە توێژە جیاجیاکان لە کرێکاران و فەرمانبەران و موچەخۆران خۆیان ڕێک بخەن، و بەردەوام بن لە ناڕەزایییەکانیان.

بۆپێشەوە: حکومەتێک نەتوانێت موچە بدات، لانی کەمی خزمەتگوازییەکان دابین بکات، زیادە نییە بەسەر سەری کۆمەڵگەوە؟

عەلی عەزیز: حکومەتی هەرێم بەو هەموو دام ودەزگا بێ سوود و قەبە و زەبەلاحە، بۆتە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە بەتایبەتی بودجەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی و دام و دەزگا حزبی و ئەمنی و هێزی زۆری چەکدار، کە هەندێکیان لەدەرەوەی کار و فەرمانن، و ناتوانن دەستیان لێ بەرببێ کە ئەمە هەمووی پێویستی بە پارەی زۆر و زەوەند هەیە کە بۆتە مایەی بەتاڵبوونەوەی خەزێنەی گشتی و خۆشیان نکۆڵی لەوە ناکەن، بەڵام ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ چاککردنی، بە حوکمی ئەو گەندەڵییە زۆربەی سەراپای جەستەی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، و عەدالەت وماف و تا ئازادییەکانیشی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.