لە ژوورێکی تاکەکەسیی بەندیخانەکە
لە ژوورێکی تاکەکەسیی بەندیخانەکە
نووسینی: ئارام حەسەن
ڕەندێ” به جلوبەرگی (گەریلا) وە، لارەمل لارەمل دانیشتبوو، ئەژنۆی نابوو بە سنگییەوە، کەڵەکە ئەژنۆکانی کردبوو بە سەرین بۆ سەری، مووەکانی قژە خۆڵاوی و ئاڵۆسکاوەکەی هاتبوونە خوارێ، بیری لەو ساتانە دەکردەوە، کە دوو چەکداری “حکومەتی هەرێم” دەستگیریان کرد و هەر بەدەم ڕێوە، چەندین جار مەمکەکانیان گرت، دەیانگوشین و ڕایاندەکێشان و ئازاریان دەدان، دەستیان بۆ سمت و ناوگەڵی دەبرد، بە نوکەپێ شەقیان لە نەرمایی ڕانەکانی دەدا، بە قۆنداغی تفەنگ دەیانکێشا بە پشت و کەمەریدا….
دەنگی هەنگاوی نەبڕاوەی پاسەوانی ژووره تاکەکەسییەکان هەراسانی کردبوو، لەژێر دەرگەوە، لەتێک نانەڕەقی بۆ فڕێدرا..
دڵی ڕەندێ ئەوەندە پڕبوو، بەدەم تەماشاکردنی نانەکەوە، فرمێسک نانەکەی تەڕکرد..
لەپڕ پاسەوانەکە، ئەو دەرگە بچوکە چوارگۆشەی کردەوە، کە بە هەمان دەرگەوە بوو، سمێڵە ڕەنگکراوە زبرو ڕەشەکەی برده ناوەوە، بە ڕەندێی گوت:
ــ “هــا جوانکیلە… وتت چی… ئەگەر بەربووی شووم پێئەکەی؟!”