بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد

0

بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد

 

ئێوە لە ئەزەلەوە

ئولفەتان بەخوێنەوە گرتبوو

یاسای مرۆڤایەتیتان

نەخستە ڕستەوە

تا یەكسانبێت

بە زیكری دەروێشێكی

عاشق بە بینینی 

خودا

 

داتنەكرد

چاوێكت بەبادا نە نارد

هەناسەی بارانێكت بۆ نەخستمە نامەیەكەوە و

بۆت پۆست نەكردم

ئاوڕێكی ماشوو برنجیت بەژورەكەمدا

شۆڕ نەكردەوە

سێبەرێكی خۆت لەوەسێت نامەكەتدا نەنوسیەوە

 

تۆ درۆیەكی سەیربویت

ئێواران

ئەهاتی و

بەیانیان وندەبویت

شەوانە دەبویتە چراو  

بەیانیانیش

قۆڵت دەكرد بەقۆڵی ڕەشەبادا و

بە كۆڵانی كوكوختیەكاندا

پیاسەت دەكرد

 

تۆ درۆیەكی

دوو ڕوو بویت  

بەلای هەر دارمێوێكدا ڕۆشتبێتی

گەڵایەكت كوشتوە و

بەرسیلەیەكت وەراندوە

 

من زۆرجارنەفرەت لەخۆم دەكەم

بەدەستی خۆم

چەمۆڵە لەخۆم دەنێم

بەردە نوێژەكانی ژێر ناوچەوانی

سوژدەی خۆم دەشكێنم

بەسەر ئەم هەموو نەفامیەی خۆمدا

شۆڕ دەبمەوە 

 

من ئیتر بڕواناكەم  وەك جاران سەوزببمەوە و

خۆم لەخۆما هەڵپێچم

خۆم لە خۆما وەك دار سێوێكی بریندار

چەكەرە بكەمە وە چۆلەكەیەكی

عاشق لەسەرم هەڵنیشێت

 

تۆ ئەو شتە جوانانەت كوشت

گمەی كۆترەكانت لەگوسەبانەكەم دورخستەوە

هەناسەی بەیانیانی

بەر پەنجەرەكەمت

زیندە بەچاڵ كرد

چاوی شەونمە كاڵەكانت دەرهێنا

 

تۆ درۆیەكی

شەرقیانە بویت  

جارجار  بەڕوتی بە بەردەما دەڕۆشتی و

جارجاریش

سەر پۆشێكی هەناریت لەپرچتەوە  دەئاڵان

 

تۆ درۆیەكی

سەیر بوویت 

منیش نەفامێكی كەڵەگەت

تۆ  ئێوارەیەكی تەڵخ بوویت

منیش دراوسێی

ماڵی ئاهێكی سەرد

 

تەماشایەكت لەوێ دانەنا

قردێلەیەكت بەپرچی ئاوێنەیەكدا شۆڕ نەكردەوە

لەسەر ڕیتمی فرمێسكێك نەكەوتیتە خوارە وە

خۆت نەدایە دەست ئێوارەیەكی خەواڵو

منت بۆ نەخرایە نامەیەكی حەزینەوە

 

ئیترچۆن دەتوانی

ئەو بەیانیانە بنوسیتە وە  

كەمنی تیا لەدایك بووم

كە منی تیا ناونرام

كەمنی تیا كرام بە گوارەی گوێی قەسیدەیەكی تاقانە

چۆن بتوانم

لەدەستەكانی خۆم خۆشبم

كەخۆیان  بەلقێك دار زەیتونی موتوربە كراودا

هەڵواسی و

ناوی هەناسەیەكی سەردیان

لەسەر كەمەری دار گۆیژێكی ئەتك كراو هەڵكۆڵی و

شوناس نامەكەمی بەلەتێك نانی كەڕو لێدراو

گۆڕیەوە

 

چۆن بتوانم  

لە خۆم خۆشبم

چۆن هەنگاوە كوژراوەكانی هەرزەكاریم

بگەڕێنمەوە

بۆ بەر دەرگای ماڵە كۆنەكەمان

 

چەن قەدەرێكی سەیرە

بۆ دەبێت مەملەكەتی ماسی هەر ئاوبێت

بۆ ئەستێرە هەر بە شەو بفڕێت

سەیرە سەیر

من بەدەستێكی  بێتاوانەوەو

دوو قاچی بێ گوناهەوە

نەتوانم گەڵای دار مێوێكی كوژراو بنوسمە وە

كەچی  ئەو بەپێخاوسی لەسەر حەبلەكانی

ئەم زەمەنە زۆرزانە

گەمەیەكی تەرزەییان دەكات و

یاری بەقەدەری بادەكات

چاوی سەفەرێكی نادیار دەخاتە جانتایەكی دڕاوە و

چەن قەدەرێكی سەیرە

سەرم هەرگیز حەزی نەكردوە بەلای شانی

چەپما بكەوێت

بێجگە چۆلەكەیەك

كەسێك نەیتوانی لێدانی دڵم بخاتە ڕستەوە

كەسێك نامەی دەروێشێكی دڵ شكاوی

بۆ نەهێنام  

 

حەکیم میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.