ویستم بەتابڕ تێمبگەن

0

ویستم بەتابڕ تێمبگەن

 

لێت تێ نەدەگەیشتین

دوا جار

بە زمانی ( مەرگ ) پێت گووتین

پێم وایە

لە گۆڕیشەوە بێت

هەر ئەتەوێت بپرسیت و

پێمانی بڵێیت

ئاخر دەی

چ تاوانێکم کردبوو

لە ئازادی و هاوتا بوون بترازێت

چ داوایەکی نائینسانیم کردبوو

برا گەورەکەم لەسەر نامەیەک، کچێکی هەرزەی کوشتبوو؟

یا شووم بە چوار پیاوی یەک لەیەکدی منداڵتر کردبوو ؟؟؟؟

غیرەتتان بێت دوای مردنم

چیتر بە زەعیفە ناوم مەبەن

بۆ بەردەمی خودا

تەڵقینی چارەنووسی ئەو دونیاشم  مەدەن

پێش وەختە حەشرم

بەدۆزەخی مەکەن

هۆ خۆ بەنێرزانەکان

پیاوەتیتان بێت

تەنها جارێ

ناو گەڵتان دەم کوت کەن و

بە ئەقڵ و  ویژدان

دادوەری کەن

دەی پێم بڵێن

خۆم خەڵەتانی خوێن نەکردبا

چیم کردبا ؟

هەرچۆنێ بێت ساچمەی تابڕەکە

لە ساچمەی

تانە و تەشەری هەتا هەتایی ئێوە

بە بەزەیی تر بوو

ئەوەندە نەرم پێکامی

بەچرکەیەک گیانم دەرچوو

وام نەکردایە

حاڵم  چی دەبوو ؟

دڵنیام… دڵنیام

هەر تاڵێکی قژم

هەر پارچەیەکی جەستەم

بە دەم  گەلە گورگی کولتوور و

ئەخلاق پارێزانەوە  دەبوو

بە شێوازێ ژیانتان لێ دەستاندم

ناڵە و زریکەم، تێکەڵ بە زکری حاڵگرتنتان دەبوو

وەک شەیتان ئاسا ڕەجم دەکرام

نە باوک… نە برا…نەخزم

ڕەحمتان پێ نەدەکردم

نە شێخ نە مەلا…نە پاشا و نە گەدا

نە ئیمانداری خانەقا

شەفاعەتێکی بۆ نەدەکردم

نە حیزب نە ڕێکخراوێ

نە یەکێتی ژن و ئافرەتانی ڕووزەردێ

تەنانەت  ئاسمان

لەژێر ڕقی ڕەشتان

دەربازی نەدەکردم

 

 

سەفین فاتیح

 

٢٢ی نیسان ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.