دەوڵەتەكانى ڕۆژئاوا وەكو پێويست ئامادەباشیان نەكرد، سەرەڕاى ئەوە كە دەيانزانى ئەم  پەتايە بڵاودەبێتەوە، و ئامۆژگاريەكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيان ڕەچاو نەكرد، لەترسى ئەوەى بارى ئابوورى خراپ بێت و ئامادەبوون كەمليونەها خەڵك بمرێت، بەڵام بارى ئابوورى تێك نەچێت..

0

دەوڵەتەكانى ڕۆژئاوا وەكو پێويست ئامادەباشیان نەكرد، سەرەڕاى ئەوە كە دەيانزانى ئەم  پەتايە بڵاودەبێتەوە، و ئامۆژگاريەكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيان ڕەچاو نەكرد، لەترسى ئەوەى بارى ئابوورى خراپ بێت و ئامادەبوون كەمليونەها خەڵك بمرێت، بەڵام بارى ئابوورى تێك نەچێت..

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز د. سەلاح ئاکرەیی، ڕاوێژکاری نەخۆشیە دەروونییەکان لە نەخۆشخانەی میمۆری هۆسپیتاڵ لە لەندەن سەبارەت بە كۆڕۆنا ڤایرۆس و لێکەوتەکانی…

    بۆپێشەوە: سەرچاوە یان هۆکاری پەیدابوونی ئەم ڤایرۆسە، چییە؟

د.سەلاح ئاکرەیی: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ڤايرۆسى كۆرونا ٢ كە لە ٢٠١٩ بۆ يەكەم جار لە شاری  وهانی وڵاتی چین دەركەوت، بووە هۆى مردنى دەيان هەزاران كەس لە چين، تا ئێستا ئاشكرا نیيە چۆن يەكەم جار بڵاوبووە وە، ئايا لە بازاڕ يا خود لە تاقيگا دەركەوت. تەبعەن تیۆرى كونسبراسى زۆرن كە گوايە يەكەم جار لە تاقيگايەكى سەربازى سەر بە وەزارەتى بەرگری ئەمەريكى دروست كراوە، و دوایی گوازراوەتەوە بۆ تاقيگايەك لە وهان لە چين. كۆفيد ١٩ ناوى نەخوشيەكەیە بەهۆى كۆرونا ٢ توشى دەبێت.

شايانى باسە كە زانایەکی ڤايرۆساتى چينى درايە دادگا لە ئەمريكا كە مامۆستا بوو لە زانکۆى هارڤارد، و لە هەمان كات لە تاقیگەیەکی سەربازى سەر بەوەزارەتى بەرگری ئەمريكى عقدى هەبوو، و تاوانەكەى ئەوەبوو؛ گوايە ئەم ڤايرۆسەى لە تاقیگە بردووە بۆ چين بەبێ ئاگادارى دەسەڵاتدارانی ئەمريكى!

ڤايروسى كۆرونا يەك هەيە كە لە ساڵى ٢٠١٢ دۆزراوەتەوە، بەڵام ڤايرۆسى كۆرۆنا ٢ زۆر زووتربڵاودەبێتە و سیيەكان توشى هەوکردن (التهاب) دەكات و لە كاری دەخات. ئەمەش لە ٢٠٪ توشى ئەم حاڵەتە دەبن كە پێويستيان بە چاودێرى چڕ دەبێت (عناية مركزة) و دەزگاى هەناسەى دەستكرد (فينتيليتەر).

بۆپێشەوە: ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوە دەرچووە هەر ئەزمەیەکی تەندروستی بێت، بەڵکو بۆتە قەیرانێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

د.سەلاح ئاکرەیی:  بەڵێ ڤايرۆسى كۆرۆنا قەيرانى ئابوورى و سياسى و كۆمەڵايەتى دروستكردووە.

نەبوونى دەرمان و كوتان (ڤاکسین) بۆ ئەم ڤايرۆسە تازەیە وايكرد كە تەنها دەتوانين بەرگرى تووشبوونى بكەين لە ڕێكاى (سوشيال ديستانسينگ)(دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی) ياخود دوورى كەسەكان لەناو كۆمەڵ، دەست شوشتن بۆ ماوەى بيست چرکە بە ئاو و سابوون، بەكارهێنانى ماسك، و لەماڵەوە بمێننەوە و تەنها بۆ كارى پێویست بچنەدەرەوە، بۆكڕينى خواردن و دەرمان يان ئەو کارمەندانەی لەدەزگا تەندروستيیەكان و فرۆشگاكان كار دەكەن. ئەمەش كاردانەوەى هەیە لەسەر بارى ئابوورى كە مرۆڤەكان نەتوانن كار بكەن و پێويستيەكانى ژیان دابين بكەن. هەروەها قەيرانى كۆمەڵايەتى و ڕێژەى توندوتيژى بەرامبەر ژنان زياد بووە بەپێيى ئامارەكان.

هەروەها كاردانەوەى هەيە لەسەر بارى دەروونى مرۆڤەكان كە لە ئايندەدا ئاکامەکانی دەردەکەوێت، بەتایبەت دواى تەواو بوونى ئەو قەيرانە تەندروستییە جيهانیيە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە رێکاری وڵاتەکان بۆ ڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا؟

د.سەلاح ئاکرەیی: دەتوانين دەوڵەتەكان بكەينە دوو بەشەوە: سەبارەت بە وڵاتانى خۆرهەڵات كە توانیان كۆنترۆڵى بڵاوبوونەوەى ئەم پەتايە بكەن، و باشترين نموونە چين كەتوانى كۆنترۆڵى بكات لە ڕێگاى بەكارهێنانى تەكنەلۆجيا و زيرەكى دروستكراو ( Artificial Intelligence ) و  Big Data، هەروەها دروستكردنى ١٤ نەخۆشخانە لە ماوەى ٩ ڕۆژدا بە هەموو پێداويستيەكانەوە، كە ئەمەش ئەوە دەگەيەنێت كە مرۆڤ بەهاى هەيە.

لەلایەکی ترەوە دەوڵەتەكانى ڕۆژئاوا وەكو پێويست ئامادەباشى نەكرابوو، سەرەڕاى ئەوە كە دەيانزانى ئەم  پەتايە بڵاودەبێتەوە، و ئامۆژگاريەكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيان ڕەچاو نەكرد، لەترسى ئەوەى بارى ئابوورى خراپ بێت و ئامادە بوون كەمليونەها خەڵك بمرێت، بەڵام بارى ئابوورى تێك نەچێت، و دواى فشارێكى زۆر لەسەر سياسيەكان ناچار بوون ڕێنمايەكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهان بخەنەكارو كارانتين دەست پێبكەن. بۆ نموونە بۆريس جۆنسۆن سەرەك وەزيرانى بەریتانیا گووتى ئامادەبن كە خوشەويستەكانتان لەدەست دەدەن.

دەيانزانى كەملیۆنەها خەڵك دەبنە قوربانى ئەو پەتايە، بەڵام ئامادە بوون ئەو خەڵكە بكەنە قوربانى سەرمايە و قازانجی خۆيان، و لەهەمان كاتدا ئەوانەى بەتەمەنن بارى پێويستيەكانى تەندروستى و كۆمەڵايەتى لەسەر دەوڵەت كەم دەبێتەوە ئەمەش بەقازانجى دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

بۆپێشەوە: ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ناتوانایی بۆرژوازی و وڵاتەکانی لە کەرتی تەندروستیدا بەرۆشنی نیشاندا، ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

د.سەلاح ئاکرەیی:  بەڵێ زۆر ڕاستە ڤايرۆسى كۆرۆنا ناتوانايى بۆرژوازى و وڵاتەكانى لە كەرتى تەندروستيدا زۆر بە ڕۆشنى نيشاندا. ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە: يەكەم تەرخانكردنى بودجەيەكى كەم بۆكەرتى تەندروستى لەم وڵاتانە، بۆ نموونە لە بەريتانيا لە ماوەى دەساڵى ڕابردوودا ساڵانە بودجەى تەندروستى كەم دەكرايە وە ياخود وەك خۆى دەمايەوە. خراپى بارودۆخى ژيانى كارمەندانى تەندروستى كەبووە هۆکار بۆ کۆچکردنیان لە بەریتانیاوە بۆ ئەمريكا و ئوستراليا كە مووچەيان باشترە وە كەمتر باج دەدەن. بوونى بيروكراسى لەدەزگاكانى تەندروستى و گوێنەدان بەخەڵكى شارەزا كە لەڕيزى پێشەوەن بۆ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى تەندروستى. هەروەها  هۆى سەرەكى ئەمانەى سەرەوە بەڕاى من ئەوە دەخاتە ڕوو كە مافى مرۆڤ و ڕێزگرتن لە ژيانى مرۆڤ لە ژێر ڕژێمى سەرمایەدارى بەو شێوەیە نیيە كەدەزگاكانى ميديا باسیان دەكات.

بۆپێشەوە: لەزوربەی وڵاتانی دنیادا، باری نائاسایی ڕاگەیەنراوە، خەڵک لەیەک دابڕێنراون، یان کەرەنتینە کراون، پەیوەندی کۆمەڵایەتی فیزیکی هەڵپەسێردراوە، ئەم دۆخە چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی ئینسان دەبێت؟

د.سەلاح ئاکرەیی: من وەكو ڕاوێژكارێك لە نەخۆشيەكانى دەروونى ئاگادارم لە لێكۆڵينەوەى زانستى لەسەر پەيوەندى بەينى نەخوشی دەروونيیەكان و بارى سایكۆلۆژى تاك لەكاتى قەيرانى پەتاكان ياخود Pandemic وە ڕێژەى نەخۆشيەكانى دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زياد دەكات، بەتايبەتى ڕێژەى Post Traumatic Stress Disorder يان ) ئیزترابی) دواى سەدمە.

بۆپێشەوە: هێشتا لەزۆرێک لە وڵاتەکانی دنیادا ڕێکارە تەندروستیەکان، وەکو پێویست نەگیراونەتە پێش، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

د.سەلاح ئاکرەیی: هەندێك لە وڵاتانى ڕۆژئاوا پابەند نين بەڕێنمایيە تەندروستیيەكان كە لەلايەن ڕێكخراوى تەندروستى جيهانی ئامادە كراوە سەبارەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ئەم پەتايە و ڕەچاوكردنى پاكوخاوێنى و…هتد.

بۆ نموونە ترامپى سەرۆكى ئەمريكا دژى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى وەستایەوە. ئەو بڕە پارەیەى ئەمريكا دەيدا بەو ڕێکخراوە ڕايگرتووە كە ٤٠٠ مليۆن دۆلارە. ترامپ دەڵێت ئەوان لەگەڵ چين ڕاستيەكانيان شاردۆتەوە  و متمانە بە ڕێنمايیەكانيان ناكات. وڵاتى سويد بە هەمان شێوە پابەند نیيە بە ڕێنماییەكان بۆ ئەوەى باری ئابووريان تێك نەچێت، و تاكو ٥٠ كەس ڕێپێدراوە كۆببنەوە. ئەنجامى گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە هێشتا بە تەواوەتى ديارنيیە، و جێگەى پرسيارە؟ هەرچەندە ئێستا لێكۆڵينەوەكى زانستى لە زانکۆی كامبرجی بەريتانى دياریكرد كە ٣ جۆر كۆرۆناى ٢ هەيە، يەكێكيان كوشندەترە لەوی تریان. لەوانەيە ئەمەش هۆكارى ئەوە بێت كە لەكوردستان ڤايرۆسەكە كوشندە نیيە.

شايانى باسە كە لە زانکۆی ئۆكسفۆردی بەريتانى تاقيكردنەوەى كوتان(Vaccine) دەستى پێكردووە،  لەسەر ١٠٠ خۆبەخش كراوە. هەروەها لە ئەڵمانياش هەمان تاقيكردنەوە دەستى پێكردووە و لەوانەيە لە پاييز كوتان بۆ هەمووان دیاري بكرێت ئەكەر تاقيكردنەوەكان سەركەوتووبن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.