سەلام عەبدوڵا: كۆرۆنا ئەوەی پیشانی مرۆڤایەتیدا كە دەسەڵاتی سەرمایەداری نائینسانیە و هێندەی خەریكی قازانجە، هێندە باكی بە چارەنووسی مرۆڤ نییە دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەلام عەبدوڵا نووسەرو چالاکوان، سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا و لێکەوتەکانی.

0
سەلام عەبدوڵا: كۆرۆنا ئەوەی پیشانی مرۆڤایەتیدا كە دەسەڵاتی سەرمایەداری نائینسانیە و هێندەی خەریكی قازانجە، هێندە باكی بە چارەنووسی مرۆڤ نییە
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەلام عەبدوڵا نووسەرو چالاکوان، سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا و لێکەوتەکانی.
 
 
دیمانەی بۆپێشەوە سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ بەڕێز سەلام عەبدوڵا نووسەر و چالاکوان.
بۆپێشەوە: لەبەرامبەر بە بێدەرەبەستی یان نەبوونی ڕێکاری کاراو پێویست لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی هاوڵاتیان و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان؟
سەلام عەبدوڵا: ئەزموونی كۆرۆنا ئەوەی پیشانی مرۆڤایەتیدا كە دەسەڵاتی سەرمایەداری نائینسانیە و هێندەی خەریكی قازانجە، هێندە باكی بە چارەنووسی مرۆڤ نییە. لەبەرامبەریشیدا وڵاتی كوبا كە وڵاتێكی هەژارە ، هات بە هانای ئیتالیا كە چەندین سەدەیە ئیمراتۆیەتە و یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكانی دنیا و بەڕوونی سمپاتی بۆ سۆسیالیزم لە شەقام زیادی كرد. لەلای خۆشماندا مرۆڤی ئاسایی پرسیاریان دەكرد (بۆچی نەخۆشخانە ئەهلییەكانی بۆ هاوڵاتی ناكەن؟)
بەداخەوە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دیسان كورتیان هێنا و دەستپێشخەریان نەكرد. كاتێ بازرگانەكان نرخی دەمامكیان گران كرد، ئێمە لە خانەقین و كەلار هەوڵماندا لە ناوەندی شارەكان دەمامك درووست بکەین و بەبێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیان دابەشیان بكەین یان ناڕەزایەتیمان رێكخست لەسەر سنووری ئێران و ماوەیەكیشە وەك ئەركێكی كۆمەڵایەتی و ئینسانیمان، خەریكین خۆراك، موبەریدە و (دایبی)و پێداویستی تر بەسەر خێزانە هەژارەكان دابەشدەكەین. ئاخر سەدان كرێكاری بیناسازی كاتی یان كرێكارانی نەخۆشخانە و شارەوانی كرێی كاری زۆر كەم وەردەگرن، لە غیابی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی حكومەت، پێویستیان بە هاوكاری هەمە جۆرە هەبوو.
بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە پەیوەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆناوە؟
سەلام عەبدوڵا: حكومەتەكانی ئەوروپا خەڵكیان كەرەنتینە كرد، بەڵام لەوێ هاوڵاتیان بیمەی كۆمەڵایەتیان هەیە، و لێرە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی سیاسی هێزی كاری لەو مافە سەرەتاییانە بێبەشكردووە. ئەگەر فایرۆسەكە لێرە وەك هەندێ وڵاتیتر بڵاوببایەتەوە، كارەسات دەخوڵقا. دەزگا ڕاگەیاندنەكانی دەسەڵاتی سیاسی لەپاڵ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، هاوكات بەشێوازی جۆراوجۆر بەشداریان كرد لە تیرۆری دەروونی هاوڵاتیان. ترساندن و تۆقاندنی مرۆڤ شێوازێكی تری تیرۆر.
بۆپێشەوە: کەرەنتینە کردنی شار و شارۆچکەکان و هاوڵاتیان، بە بێ زامنکردنی ژیان و گوزەرانیان، چۆن لێک دەدەنەوە؟
سەلام عەبدوڵا: وەك وتم بێ دەربەستبوونی حكومەت بە بژێوی خەڵك تیرۆرە و حزبەكانی دەسەڵات خۆیان كرد بە گاڵتەجاڕی: حكومەت و حزبەكانی بێكاریان سەپاندووە لەسەر خەڵك و لە مافە سەرەتاییەكانیان بۆ پاراستنی كەرامەتی بژێوی و تەندرووستیان، بێبەشكردووە و لەولاوە هاتوون رێكخراوی(خێرخوازیان) درووستكردووە. بەڵێ”خێر” بە قوربانیانی سیاسەتەكەیان دەكەن.
كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی پیشانی بدات كە چۆن سەرمایەداری بە مۆدیڵی لیبرالیزمیی نوێشەوە، دەسەڵاتی ستەم و جەنگە، و لەولایشەوە وایكرد گیانی هەرەوەزی وەك تاقە ئەڵتەرناتیف بۆ تەواوی حكومەتەكانی سەرزەمین، لە نێو خەڵك گەشە بكات، بەڵام لێرەشدا چەپ بە گشتی نەیانتوانی سوود لەم بارودۆخە بكەن..
Leave A Reply

Your email address will not be published.