بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد 

0
بەشێکی تر لە قەسیدەی
ئاهێکی سەرد 
 
 
بەختی خۆمان، خستە  شوشەیەك شەرابەوە
تیشكی چرایەكی چاو تیلمان،
لەسەر گەڵایەكی پایزە نووسیەوە
گەمەی سمۆرەیەكی  ڕوت و
سەمای چۆلەكەیەكی عاشقمان خستە ڕستەوە
 
خۆمان لەخۆمانا موتوربە كرد
پێكەوە بارانێكی مۆرمان خەتم كرد
هۆرەیەكی خەت خەتمان،
كردە بەری گەورە كچێكی خەمبار
 
پێكەوە چوینە ئەو بەر!!
سەبەتەیەك گلەیی، 
كۆترە شینكەیەكمان كۆكردەوە
بەدەستی خۆمان،
فرمێسكی دار بەڕویەكمان سڕیەوە
من لەخۆم جیابومەوە!!!
پێدەچێت من پیاوێكی زۆرزان نەبم!
دەنا  ….
دەمتوانی گەمەیەكی شێتانە لەگەڵ بادا بكەم  
سێبەری  دارهەنارێك لەخۆمە وە بئاڵێنم
لەسەر بەرماڵە كون كونەكەی دایكم
دوعایەكی شاتویی بخوێنمە وە
 
پێكەوە چوینە ئەو بەر!!
بەختی خۆمان، لەسەر قەراغ دەریایەك  نووسیەوە
جانتاكەمان، لەژمارە هیچەكان بەتاڵ كردەوە
شوشەی پەنجەرەی ماڵی ڕاوچیەكمان بەرد بارانكرد
هەرچی قەسیدەی خەواڵوم هەبوو
لەگیرفانی كراسە شینەكەمدا حەشارمدان
 
پێكەوە چوینە ئەو بەر!!
پێدەچێت من یاری شەترەنج نەزانم
نەتوانم چاوی دار سنەوبەرێك بخوێنمە وەو
 
لەپاڕانەوەی سەربازێكی دیل  تێنەگەم
من ڕقم لەجەنگە!!!!  
ڕقم لەو پیاوانەیە
كە دەنگی فیشەكی گڕدارو  
گۆرانی دوای جەنگ لەیەك جیاناكەنەوەو
فرمێسكی بەچكە ئاسكێكیان
بۆ ناخریتە ڕستەوە
پێكەوە دەچینە ئەو بەر
خۆمان لەخۆمان بەتاڵ دەكەینە وە
 
ئەو بە ئامانەت
خۆی لەلای من دانا
من خۆم بەشەقامێكی چاوكاڵ سپارد
بووین بەشەریكی یەكتری
توڕە بوونی بەیانیانمان كرد بەدووبەشەوە
چرپە چرپی شەوە ماتەكانمان
لەناوەڕاستا كرد بەدوو لەتەوە
 
چرایەكمان  
لەبەینی هەردووكمانا داگیرسان
بە هەردووكمان
ڕۆژنامەیەكمان كڕی
هەر یەكەمان سەر دێڕی درۆیەكمان خوێندەوە
لای كافێتریایەكەوە دانیشتین
وەك  سواڵكەرێكی نەشارەزا دەسڕێكی مۆرمان  
ڕاخست
دەستمان لەو پیاوانە پانكردەوە
كە شەرابی ئاڵتونیان دەخواردەوەو
دوایش گەمەیان لەگەڵ ئافرەتە مەمك بڕۆنزیەكاندا دەكرد
 
ئەو بەئامانەت
سەبەتەیەك هەناسەی پایزەی لادانام
من خۆم لەژێر قاڵدرمەی پیاوێكی فاڵچیدا حەشاردا
بە هەردووكمان كراسێكمان كڕی  
من ڕەنگەكەیم هەڵبژارد
تۆ  بەپڕگاڵێك گیرفانەكەیت پێوا
 
تۆ حەزت لە قەڵەباڵغی دەكرد
منیش بەلای ئێوارەیەكی سەربڕاوە وە. دادەگیرسام
تۆ خەوت(( بەتەقسیمی   )) توركیاوە دەبینی
من سەری  نیشتیمانم دەگرتە باوەش
پەنجەكانیم بۆیە دەكرد
 
من خۆم لای خۆم 
بەئامانەت دانا
تۆ بەیانیەك قاوەیەكت لەگەڵ نەخواردمە وە
دەستێكت  بەسەری ئینجانە بێتاقەتەكانمدا
نەهێنا و
یەك وشەی هەناریت بەگوێما نەچرپان
نامەیەكی ڕۆمانسیت بۆ پۆست نەكردم
خەمێكت لەگەڵ دوو لەت نەكردم
هەناسەیەكی سەردت بۆنەگرتمە شووشەو
خۆمت تیا دانەگیرساندم
من بە ئامانەت خۆمم لای تۆدانا كەچی تۆش
تەنیاییەكت
لەگەڵ لەت نەكردم
 
 
 
حەکیم میرزا
Leave A Reply

Your email address will not be published.