ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان!
لە کۆبونەوەی زوربەی حزبەکانی کورستاندا کە بەم دوایانە بەسترا، بریاردرا، ٢٥/٩/٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت… دیارە لەو کۆبونەوەیدا حزبی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریان نەکرد، بەڵام بەشدار نەبوونیان بەمانای رەتکردنەوەی ریفراندۆم نەبوو، بەڵکو لەگەڵ شێوازی ریفراندۆمە ناکۆکیان هەیەو دەیانەوێت لەرێگای پەرلەمانەوە ئەم پرسە بجوڵێت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە پیشمەرجی ریفراندۆم دەزانن.
دیارە پرسی ریفراندۆم، سەبارەت “بە مانەوە لەگەڵ عێراق و جیابوونەوەو پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ” پرسێکی رەواو تەنانەت دواخراویشە… لە ساڵی ١٩٩١ وە، ریفراندۆم زەمینەی سیاسی و عەینی هەیە… لەوکاتەشەوە تا ئیستا ئەم پرسە بەشێوەی جۆراو جۆر هێنراوەتە ئارا. بە دیاریکراویی و لەساڵی ١٩٩٥ دا، مەنسوری حیکمەت وەکو یەکەمین کەس لە نوسراوێکدا لە ژێر ناوی “لەپیناو داکۆکی کردن لەخواستی سەربەخۆیی کوردستانی عیراقدا” بەوردی پێداویستی و هۆکارەکانی دەستبردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستنیشان دەکات و ریفراندۆمیش وەکو شیوازو ئەلگۆیەک بۆ خستنەگەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەخاتە روو، هەر ئەوکاتە و لەبەر رۆشنایی ئەو باسەی مەنسور حیکمەتدا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەبڕیارنامەیەک سەرخەت و هەنگاوە عەمەلیەکان و شیوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم پەسەند دەکات… ئەو کاتە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەست دەداتە چالاکی بەکردەوە و مەیدانی بۆ پرسی ریفراندۆم، لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە نەک هەر رێگری لێدەکرێت، بەڵکو دادگا!! لە حزب دەگرن و تاوانباری دەکەن بە هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و پارچەپارچەکردنی عێراقی عەزیز!!.
تا ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی رژێمی بەعس لەدەسەڵات، حزبەکانی دەسەڵاتی داری بۆرژوازی کورد، بەهەموو شیوەیەک بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و روبەرووی هەر دەنگ و هەوڵیکی جدی دەبن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ… لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە، کارتی جیابوونەوەی کوردستان، لەلایەن سەرکردایەتی حزبە دەسەڵات بەدەسەتەکانی کوردستان و حزبەکانی پاشکۆیان دەبێتە کارتێکی بەردەوامی گوشار لەسەر بەغدا، بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندو بەشی پۆست و داهات و رەویەتی وەرگرتن بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا… لەو کاتەوە تا ئەمساڵ، لەگەڵ هاتنە پێشی هەر پێشهاتێکی تازەدا، لەگەڵ قوڵبونەوەی هەر ناکۆکۆکیەکدا لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر پرسێک بەتایبەتیش پرسی پارەو داهات و پۆستدا، دوبارە هەرەشەی جیابوونەوەی کوردستانیان بەدەستەوە گرتووە، لە ئیستاشدا کە کۆتاییهێنان بەتوانا سەربازییەکانی داعش لە عێراقدا بەرەو کۆتایی دەروات و ئەمەش برگەیەکی تر و نوێ لە ژیانی سیاسی عێراق، بەدوای خۆیدا دەهێنێت… ئەم جارە نەک پرسی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو پرسی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردەوە بەدەستەوە دەگیرێت… هۆکارەکانی هینانە ئارای ئەم پرسە زۆرن، بەڵام سەرەکی ترینیان بریتین لە: هاتنەوە ئارای کێشە نێوان هەریم و بەغدا، کە بەهۆی شەری داعشەوە هەڵپەسێردرابوون، لەوانە مەسەلەی( بودجە، سەرژمیری، ناوچەی کێشە لەسەر، یاسای نەوت و غاز، مادەی سەدو چل، سنور و کیشەی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی،..تان). لەدەستدانەمانی فاکتەری قارەمانیەتی پێشمەرگە!!لەجەنگ لەگەڵ داعش و لاوازبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە پێشمەرگە… بنبەستبوونی یەکجاری حکومەت!! وپەرلەمان!! و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگاو ویستەکانی هاوڵاتیان… خەڵک توانای بەرگریکردنی نەماوەو خەریکە بەتەواوەتی پەتی سەبریان دەپچرێت و دەسەڵاتی سیاسییش بە حکومەتی هاوبەش و زوربەو بنکەفراونەوە، توانای وەڵامدانەوەی بە هیچ کام لە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و تورەیی جەماوەری بەشوێنێک گەیشتووە، کە خەڵک ئەم دەسەڵاتە وەکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو بنەماڵەیی دزو تاڵانچی و دیکتاتۆر تەماشا دەکەن… هەروەها قڵشتی نیوان ریزەکانی خانەوادی بۆرژوازی کورد، بەرەو قوڵبونەوەو بن بەست پەلکیش کراوە… هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ هێنانە ئارای پرسی ریفراندۆم بۆ رزگارکردنی دەسەڵات و خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لەبەردەوم تورەیی و نەفرەتی پەنگ خواردویی جەماوەریدا… دیارە ئەگەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەت بوایە… ئەو دەوڵەتە ناوەرۆکەکەی هەرچۆنێک بوایە، لە دەسەڵاتی میلیشیایی لە پێشترو باشترە. هەروەها ناوەرۆکی یاساکانی ئەم دەوڵەتە هەرچۆنێک بێت، لە بێ یاسایی باشترو لە پێشترە… واتە جیابوونەوەری کوردستان و پیكهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆ بەجیا لە ناوەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و یاساکانی، هەنگاوێکی لە پێشترو باشترە لە جیگای دەسەڵاتی میلیشیایی و نەبوونی هیچ جۆرە یاسایەک…دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەوڵ و تێکۆشانی زۆر بەکردەوەو ئامانجدارانە نەگێرن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی شارستانی و سەدەمی و یاساو ریسای پێشکەونخواز تیایدا جێگیر بێت و بەرێوەبردنی وڵات پشت بەستوو بێت بە دەسەڵاتی راستەوخۆی ئازادانە جەماوەری… بەڵام راستی ئەوەیە، گوتاری ریفراندۆم لە ئیستادا کە گوتاری پارتییە، بۆ سەربەخۆیی نییە، بۆ پاشەکەوتکردنی ئاکامی ریفراندۆمە بۆ بەدەستەوەگرتنی بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەو، بۆ سازدانەوەی ناو ماڵی کورد!! و لەهەمووشیان گرنگتر، بۆ جڵەوکردنی نارەزایەتی و تورەیی جەماوەری ستەم دیدەی خەڵکی کوردستانە… ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆران توانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەلکی کوردستان جڵەو بکات و سواری شەپۆل و تورەیی لیوان لێوای جەماوەری بێت دژی دەسەڵات، ئەوا ئەمجارە پارتی دەیەوێت لە رێگای هێنانەمەیدانی پرسی ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، سواری شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری بێت و بۆ دەورەیەک پاشەکشە بە بزوتنەوەو تورەیی جەماوەری بکات. خەڵکی هۆشیارو پێشکەوتنخوازی کوردستان، دەبێ بە درێژەدانیان بە خەبات و خۆرێکخستن و خۆ جیاکردنەوەیەیان لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئەم پلانگیرییە پوچەڵ بکەنەوەو فریوی هاش و هۆشی ریفراندۆم نەخۆن و لە درێژی ئەو خەباتەشیاندا، بزوتنەوەیەکی فراوانی ملیۆنی لەخوارەوەی خەڵک بۆ ریفراندۆم و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە قەومی، وەرێبخەن…