ئەولەویاتەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا
ئەولەویاتەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا
(ڕیچرد ۆڵف ئابووریناسی مارکسیستی وپرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆکانی ئەمریکا)
ئامادەکردن ونووسینی: سالار حمە سەعید
بەم شێوەیەی خوارەوە باس لە ئەولەویاتەکان دەکات کە هەر ئێستا لەم باروڕەوشەی ئێستای کۆرۆناڤایرۆسدا دەبێ ئەولەویاتەکان چی بن، ئەو شتانەی کە نەکراوە و دەبێ بکرێن وە ڕێگەچارەچییە لەم باروڕەوشەدا.
ریچرد ۆلف پێی وایە:
ئەولەویەتی یەکەم:
کە ئەوانەی ئەولەویەتیان هەیە یەکەم ئەوانەی کە لەڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدان وە لەگەڵ تووشبوانی کۆرۆنا ڤایرۆسدا مامەڵە دەکەن لەوانە پەرستار وکارمەندانی تەندروستی وچاودێروانان کە دەبێ هەموو ئامرازەکانی خۆپاراستنیان بۆ دابین بکرێت و فەحس وتێستی بەردەوام بکرێن نەک یەکجار، بەڵکو هەموو رۆژێک تا دڵنیابین لە سەلامەتی وساغی و تەندروستی ئەوان بەپلەی یەکەم.
ئەولەویەتی دووەم:
ئەو کەسانەی کە خواردنمان بۆ دابین دەکەن دەبێ تێست/ فەحس بکرێن وە بەبەردەوامی کە ئەمەیان نەکراوە کە دەبوا بکرێ. چونکە ئەم کەسانە کە خواردن دابین دەکەن دەگونجێ ڤایرۆسەکەمان بۆ بگوێزنەوە و تووشمان کەن. ئەگەر بەبەردەوامی تێست نەکرێن ئەوا ناکرێ دڵنیابین لە خواردنەکان کە پاگژن ونەخۆشی بڵاوناکەنەوە. نەک تەنها یەکجار، بەڵکو بەبەردەوامی وهەموو رۆژێک.
ئەولەویەتی سێ یەم:
شۆفیری لۆری وشاحنەکان تا شۆفێری ئەمبولانسەکان و شۆفیری تاکسی و پاس وقیتارەکان ئەمانیش دەبێت تێست وفەحس بکرێن وبەشێوەیەکی بەردەوام.
دوای ئەوە هەموو ئەمانەی کە ناوبران دەبێ کەلوپەلی پێویستی خۆپاراستنیان پێ بدرێ لە دەمامک ودەست کێش و پاگژکەرەوە.
دەبێت کرێکاران وپزیشکان وپەرستاران مافی ئەوەیان هەبێت کە ئازادانە راوبۆچوونی خۆیان دەربڕن و رەخنە لە کەموکوڕیەکان و کەمتەرخەمییەکان بگرن، نەک وەک ئەوەی لە ئەمریکا ڕوودەدات کە ڕێگە نادرێ بە کرێکاران وپەرستاران ئازادانە ڕەخنەبگرن لە سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ کرۆناڤایرۆس، تەنانەت لە کارکردن رادەگیردرێن وە یا دەردەکرێن، وە ڕێگەیان پی نادرێ لەگەڵ میدیاکاندا وتوێژ بکەن.
دەبێت خەڵک تەواوی خەڵک مافی ئەوەیان هەبێت تەواوی زانیارییەکان وەربگرن لە بارەی نەخۆشخانەکانەوە و باروڕەوشی سەلامەتی وە نەخۆشخانەکان ئازادانە دەربارەی کەم وکورتیەکانیان قسەبکەن کە چیان هەیە و چیان نییە.
ئەم شتانە کە تائێستا نەکراون لەبەر کۆرۆناڤایرۆس نییە کە نەمانتوانیوە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە لە سیستەمێکدا گیرمان خواردوە کە پێی دەڵێن سەرمایەداری، چونکە ئەوان دەیانەوێ بیدەن بەگوێماندا کە تەنها شتێک دابین دەکەن کە قازانجی ئەوانی تێدابێت ئەگینا لەبیری تەندروستی وسەلامەتی خەڵکەوە نین. دابینکردنی شتومەکی تەندروستی و پزیشکی نەخۆشخانەکان وە خۆ ئامادەکردن بۆ وەها پەتایەک یا ڤایرۆسێک کارێکی قورس وگران نییە. ئامادەکردن و خەزنکردنی ئەم کاڵایانە کارێکی سەخت نییە، بەڵام بەڵامێکی گەورە خەزن کردن وهێشتنەوە وبەرهەمهێنانی ئەم کاڵایانە لە رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بەم پەتا ونەخۆشیە سوودمەند و پڕ قازانج نییە. لەبەرئەوە کێشەی سەرمایەداری نییە کە کۆمەڵگە رووبەڕووی وەها پەتایەک چۆن دەبێتەوە، پێی وایە کە وردە وردە کۆمەڵگە لەگەڵیدا دەست وپەنجە نەرم دەکا ئەوە کێشە نییە وە لەئەنجامدا پاش تێپەڕبوونی کات ڤاکسینێک بەرهەم دێنێ کە لەکاتی خۆیدا قازانجێکی بێشوماریش لە بەرهەمهێنانی ئەو دەرمان وڤاکسینە وەدەست دێنێ، ئیتر گیان لەدەستدانی چەندەها هەزار یا ملیۆن لە مرۆڤەکان ئەوە جێگەی سەرنج وگوێ پێدانی سەرمایەداری نییە.
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠