لەگەڵ ئین ئار تی… تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٢٣/٥/٢٠١٧ ئایا رێکەوتنی سیاسی گۆران و یەکێتی جیبەجێدەکرێت؟
لەگەڵ ئین ئار تی… تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٢٣/٥/٢٠١٧
ئایا رێکەوتنی سیاسی گۆران و یەکێتی جیبەجێدەکرێت؟
رێکەوتنی یەکێتی و گۆران ساڵیادی تێپەراند و بەندێکی لێ جێبەجێنەکرا… رێکەوتنی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران کە بەمەبەستی پێشگیری بە زۆری پارتی و بەدوای کڵۆم دانی دەرگای پەرلەمان وناردنەوەی وەزیرەکانی گۆران و قوڵبوونەوەی ناکۆکی ناو باڵەکانی تەلاری رێکخراوەیی یەکێتیدا، پێک هات… لەلایەکەوە پەردەیەکی دا بە ناکۆکی ناوخۆیی یەکێتی یان باشتر بڵێین خاوکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆیەکانی، لەلایەکی تریشەوە کارادانەوەی گۆران بوو بەرامبەر بە مامەڵەی پارتی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانیان…
ئێستا زیاتر لە ساڵێکە ئەم رێکەوتننامەیە کە بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا و هێنانی تاڵەبانی بۆ مەراسیمەکە، ئیمزاکرا، بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بزوتنەوەی گۆران یەکێتی و بە دیاریکراوی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بە هۆکاری جێبەجێ نەبوونی رێکەوتننامەکە تۆمەتبار دەکات و یەکیتیش پاساوی جۆروا جۆر و لەوانەش کارا نەبوونی پەرلەمان دەکەنە بیانوو بۆ نەچوونە پێشەوەی ریکەوتننامەکەو جێبەجێ نەبوونی بەندەکانی.
بەر لەهەموو شت دەبێ ئەوە بڵێم کە هەرچی رێکەوتننامە هەیە، ئەگەر لەکەشی پاشەکشەی ئەو لایەنانە، یان وەکو کاردانەوە لەبەرامبەر بە هێزی تر پێک بێت، هەم رێکەوتنێکی لاوازو هەم ئەگەری چوونەپێشەوەی خاو یان چەقبەستوو دەبێت.
رێکەوتنی بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی لەهەلومەرجێکدا پێکهات، کە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە ئاکامی قوڵبونەوەی ناکۆکییە ناوخۆیەکانی دابەشی دوو باڵی” ناوەندی بڕیارو زۆرینەی مەکتەبی سیاسی” ببوو، ئەم دابەش بوونە بە شوینێک گەیشتبوو کە مەکتەبی سیاسی نەیدەتوانی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بکات و سەرۆکی باڵەکان بەیەکەوە دابنیشن. بزوتنەوەی گۆرانیش بەجیا لەپاشەکشەی بەردەوامی بەهۆی بەشداری لە حکومەتی دزو تاڵانچی بنکەفروان. بەهۆی داخستنی پەرلەمان و رێگەگرتن لەسەرۆکەکەی و کڵۆم دانی دەرگای پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆران بۆ ماڵەوە، کەوتبووە نێو کەشێکی شکست خواردوو. هاوکات نەبوونی وەڵامێکی کارساز بە زێدەڕەویەکانی پارتی، هێندەی تر بزوتنەوەی گۆرانی تەنگەتاو کردبوو.
گۆران ویستی لەرێگای ئەو رێکەوتننامەیەوە، وەڵامێک بە دۆخی ناوخۆیی، خۆی بداتەوە و ئەو پاشەکشەیەی دەستی پێکردبوو، رابگرێت و هاوکاتیش پارتی لەکاردانەوەی خۆی ئاگاداربکاتەوە. یەکێتی نیشتیمانیش کە رۆڵیکی دیاری لە حکومەتەکەی هەولێر و بریارە چارەنووسازەکانی کوردستاندا نییە، وە بەدەست کێشەی ململانێی نێوان باڵەکانی ناوخۆیەوە گرفتار و هاوکات دەستەپاچە بوو، دەستبردن بۆئەم رێکەوتننامەی هەم وەکو نارەزایەتی دەربرین بەرامبەر بەبێ بەشی خۆی و لە حکومەت و بریاری سیاسی، بە پارتی نیشان بدات و هەمیش لەو رێگایەوە دۆخی ناوخۆی بەرەو ئارام بوونەوە یان داپۆشینی قڵشتەکانی ببات.
ئەم رێکەوتننامەیە لەهیچ لە ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو، هەر بۆیەش بە شوینێک نەگەیشت. ئامانجی ئەم رێکەوتنە لە بنەرەتدا هەوڵێکی پێشگیرانە بوو بە زیدەرۆیەکانی پارتی و دانانی سنورێک بۆی. بەڵام نەیتوانی بەشوێنێک بگات، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ئەوەیە کە رێکەوتننامەکە لە نیوان دوو هیزی سیاسی سەر بەیەک زونی دیاریکراوەو کاریگەری لەسەر زونی دەسەڵاتی فراوانی پارتی و زەرد، زۆر لاوەکی و لاوازە. بۆیە ئەم رێکەوتننامەیە زۆرتر دەتوانێ کاریگەری لەسەر گۆرینی باڵانسی هێزی سیاسی و جەماوەری نێوان گۆران و یەکێتی هەبێت لە زونی سەوزدا. بۆیە هەر دوولا لەئاکامی بێکاریگەری رێکەوتننامەکەیان لەسەر پارتی، ناچارن بە هۆشیارییەوە بڕوانە رێکەوتننامەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر جەماوەری خۆیان لە زونی سەوزدا.
بۆ یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی هێزی چەکداری و دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکان و پاوانی داهاتی زونی سەوزی لەبەردەستە، نەک بە ئاسانی ئامادەنییە دەست بەرداری قەڵەمرەوی سیاسی و پێگەی سیاسی خۆی بێت، بەڵکو هەر هەوڵ و رێکەوتننامە و نەخشەیەک ئەو بەرەو لاوازی پەلکێشی بکات، بە پشتیوانی زۆری هێزو چەک و دراوی دزراوی خەڵکی کوردستان و بەرەو رووی دەبێتەوە. چۆن لەسەر ئاستی کوردستاندا، هاوسەنگی هێز و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە مەیسەر نابێت، ئاواش گۆرینی باڵانسی هێز و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نیوان دوو هیزی سەرەکیدا لەیەک زونیشدا لە رێگای ڕیکەوتننامەو هەڵبژاردنەکانەوە، بەشوێنێک ناگات. لەوانەیە پرسی پۆستی پارێزگای سلیمانی باشترین نموونە بێت، بە نیشاندانی ئەم راستیە.
جگە لەوانەش باڵ و بەشێکی زۆر لەسەرکرادیەتی یەکێتی نیشتیمانی، بەهۆی وابەستەبوونی بازرگانی و بوونی سەفقەی ئابوریان لەگەڵ پارتیدا، ئامادەنین بە جێبەجێکردنی ڕیکەوتننامەیەک کە لەتمە لەو بەرژەوەندیانەیان بدات، بۆیە بەهەموو شێوەیەک رێگری دەکەن لەوەی هیچ رێکەوتنێک بچیتە بوار کردارییەوە کە بەرژوەندیەکانیان، لەق بکات.
دیارە لە ئێستادا، کە نەوشیروان مستەفا نەماوە باڵانسی هێز بەقازانجی یەکێتیە و مامەڵە لەگەڵ رێکەوتننامەکە، زۆر زۆرتر لە پێشوو لەدەستی یەکێتیدایە، بەڵام یەکێتی لە هەلومەرجی ئیستادا بەهیچ جۆرێک مل بەهیچ کام لە جێ بەجێکردنی بەندێکی جدی نادات و لەوەش واوەتر بەدوای ئەوەوەیە جەماوەری گۆرانی دوای نەوشیروان بۆخۆی پەلکیش بکات. ئەوەی کە کۆسپە یەکێتی بتوانێت بە خێرایی ئەو کارە بکات، دۆخی ناوخۆیی خۆیەتی، کە برستی هەر هەنگاوێکی کاریگەری لێبریووە…
دیارە حزبی گۆران، کەپەیوەندی لەگەڵ پارتی لەگرژیدایە، لەگەڵ ئیسلامیەکان، کیشەی تیکەوتووە، زۆر پیویستی بەوەیە لەگەڵ هیزێک بەتایبەتیش یەکێتی نزیکایەتی هەبێت و لەو تەریکیەی رزگاری بێت. یەکێتی کە ئەم دۆخەی گۆران دەبینێت، قورستر مامەڵە لەگەڵ گۆران و هەوڵ بۆ نزیک بوونەوە لەگەڵی دەدات. بەتایبەتیش یەکێتی باس پارتی دەناسێت و دەزانێت هەر نزیک بوونەوەیەک کە سنور بڕ بێت لەگەڵ تەماحەکانی پارتی، یەکێتی دەخاتە هەلومەرجێکی نادڵخواز لەگەڵ پارتیدا، بۆیە یەکێتی ناچارە باڵانسیک لە نێوان گۆران و پارتیدا رابگڕیت. خودی ئەمەش کۆسپێکی تری بەردەم بن بەست بوونی رێکەوتتنامەی نیوان یەکیتی و گۆڕانە.
خاڵێکی تر ئەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین خودی رێکەوتتنامەکەی گۆران و یەکێتی، بەهەموو بەندو خاڵەکانیەکانیەوە جێ بەجێبکرێت، ئەگەر پارتی نەبێتە بەشیک لەو رێکەوتتنامەیە، هیچ گۆرانێکی بەرجەستە و هیچ کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر دۆخی هەریم دروست ناکات و ئەمەش ریسی ئامانجەکانی رێکەوتننامەکە دەکاتەوە بەخوری.
بۆیە چاوەروانی لەوەی ئەم رێکەوتننامەیە جیبەجیبکرێت، چاوەروانیەکی بێهودەیە، هەروەها هیندەی بەخەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، نەئەم رێکەوتننامەیەو نەهیچ رێکەوتننامەیەکی نێوان حزبە بۆرژوازییەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، ناتوانێ کۆمەک بە باش بوونی ژیان و گۆزەران و ئایندەی سیاسیان بکات… ئەم رێکەوتننامانە لە ژێر ناوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکیدا دەکرێن، بەڵام راستی ئەوەیە ئەم رێککەوتن و لیک نزیکبوونەوانە، تەنها لە پێناوی بەرژەوەندی حزبی خۆیاندا دەکەن و دوورو نزیک ناتوانێت کۆمەک بە ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بکات.. لە ٢٦ ساڵی رابردودا چەند دەرزەن کۆبونەوەو رێکەوتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و پینج قۆڵی و لوتکە، کراون بەڵام ئاکامەکەی بۆ خەڵکی کوردستان ئەو رۆژ رەشی و بێکاریی و هەژاریی و بێ ئایندەییە کە یەخەگیری جەماوەری کوردستانە… بۆیە خەڵکی کوردستانیش نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لەم رێکەوتتنامانە هەبێت و دەبێ خۆیان بۆ کەنار خستنی ئەو حزبانەو لە پێشیانەوە بۆ راماڵینی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان ئامادەبکەن… ئایندەی باش و ژیانی ئازاد و خۆشگوزەرانی و گێرانەوەی شکۆ و شکۆفایی ئینسانی کورد، لە گرەوی کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتەو حزبەکانی تری بۆرژوزی کورد دایە…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥ ی بەرواری ١/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net