شاخەوان شۆڕش: مەلا بەشیر ڕۆڵی گرنگی لەناوزەدکردنی ئازادیخوازاندا هەبوو و کوشتنیانی بەجیهادێکی ڕەوا دادەنان لەژێر چەتری پارتی پارێزگاری لێکرا و پشتگیری لێکرا…

0
شاخەوان شۆڕش: مەلا بەشیر ڕۆڵی گرنگی لەناوزەدکردنی ئازادیخوازاندا هەبوو و کوشتنیانی بەجیهادێکی ڕەوا دادەنان لەژێر چەتری پارتی پارێزگاری لێکرا و پشتگیری لێکرا…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز شاخەوان شۆڕش؛ نووسەر و لێکۆڵەر لەبواری مافەکانی مرۆڤ و ژینۆساید لەیادی ٢٢ ساڵەی تیرۆری هاوڕێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دا
 
 
بۆپێشەوە: شاپور و قابیل لەلایەن باندێکی ئیسلامیەوە تیرۆرکران، بەڵام لەژێرسایەی دەسەڵاتی پارتی و ژینگەیەک کە پارتی سازیکردبوو. لاتان وانییە کە پارتیش بەشدارە لەو کردەوە تیرۆریستیەدا؟
شاخەوان شۆڕش: گیانبەختکردووان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دوو مرۆڤی ماندونەناس بوون خەباتیان بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئازاد و یەکسان دەکرد، ئەوان خەباتیان بۆ مافی کرێکار و نەداران دەکرد و بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان تێدەکۆشین، خەباتیان بۆ مسۆگەرکردنی بژێوی ڕۆژانەی ئاوارە لێقەوماوەکانی کەرکوک و ناوچە بەعەرەبکراوەکان دەکرد. چالاکیەکانی ئەوان لە ٩٠ەکانی سەدەی ڕابڕدوودا، لەسەردەمێکدا بوو کە شەڕی ناوخۆ پێگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕامیاریەکانی کۆمەڵگەی ئێفلیج کردبوو و هەربەرەیە جگەلە دەنگ و ڕەنگ و هێزی داپلۆسێنەری خێڵەکیانەی خۆی چیدیکەی قبووڵ نەبوو، لەسەردەمێکدا کە ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگە داڕمابوو، بێکاری قوڕگی کرێکار و جوتیار و خەڵکی کەمدەرامەتی گرتبوو، لەسەردەمێکدا کە کۆنەپارێزی ئیسلامی لە بۆشایی ڕامیاری کۆمەڵگەی کوردستاندا گەشەی دەکرد و تەڕ و وشکی پێکەوە دەسوتاند، ئارایشگە و شوێنەکانی کۆبوونەوەی ژنانی ئاوردەدا، دژی کەمترین کرانەوەی ژن، کاری تیرۆریان ئەنجام دەدا، مافەکانی ژنانیان ژێرپێی ڕەوتی کۆنەپارێز و پیاوساری ئیسلامی دەکرد و کۆمەڵگەیان بەرەو داخراوی ڕادەکێشا، مەلا کۆنەپەرست و تووندڕەوەکانی لەنمونەی مەلا بەشیر لە مزگەوتەکاندا لەدژی کرانەوە و ئازادی ژناندا ئاگریان دەکردەوە و کوشتنی مافخوازانیان حەڵال دەکرد. ئەوسا چالاکیەکانی ئەوان خەباتێک بوو لە زەمینەیەکی ئەستەمدا کە بە ناحەز و دوژمنانی سەرسەختی ئازادی و یەکسانی و دادوەری تەندرابوو. لەڕاستیدا هەوڵ و تێکۆشانی ئەوان لەو ئیپۆکەدا بوێری و ئازایەتیەکی لەڕادەبەدەری پێویست بوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆن و ئێستاشدا هێزێکی کۆنەپارێزی پاوانچی و خۆسەپێنەرە، هەروەها هەڵپەرستە و ژیرانە بەمیتۆدە دژە نانیشتیمانی و دیموکراسیەکان کار بۆ بەهێزبوونی خۆی دەکات، وەکو لەسەر بەدەستهێنانی دەسەڵات بەسەدان و هەزاران ڕۆڵەی کوردستانی لەدژی پارتی ڕکابەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کردە سووتەمەنی. وەکو مێژوویان دەریدەخەن پارتی هەرگیز نایەوێ و ناهێڵی هێزێکی چەپی کرێکاری سەربەخۆ لەژێر دەسەڵاتیدا گەشەبکات و پێبگات، نەک هەرئەوە پارتی ڕێگەی هیچ هێزێکی چەپی کوردستانی یا هەر بزوتنەوەیکی ئازادیخوازیتر کە سەربەخۆبێ و بتوانێ بنکەیەکی خەڵکی بەرفراوان بەدەستبهێنێ و توانای دەسەڵات پەیداکردنی هەبێت. بێگومان پارتی لەو سەردەمەدا کە هێزێکی خاوەن میلیشیای پشووتەنگ بوو، بەوردی چاودێری چالاکی و جموجۆڵی گیانبەختکردووان شاپور و قابیلی کردووە، هەوڵیداوە گەمارۆیان دات، بۆنموونە چەندین جار لەسەر چالاکیەکانیان دەستگیری کردوون و خراونەتەژێر ئازاری دەرونی و هەڕەشە. ئەوسا پارتی ئەو هێزەبوو لەبەرەی زەردا دەسەڵاتی ڕەهای دیسپۆتیانەی هەبوو، سەبارەت بە خەڵکی بێپشتیوان چی پێخۆشبا دەیتوانی بیکات. بێگومان پارتی ئاگاداری جموجۆڵی ئیسلامیەکان بووە کە لەبەرئەوەی سەربە ئێران و وڵاتە ئیسلامیەکان بوون نەیانوێراوەتێ، بەڵام هەوڵیداوە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی بەکاریانبهێنێ. لەلایەکیتر ئیسلامیەکان بەئاشکرا دژی هەموو ئەوانە بوون کە داوای کرانەوە و ئازادی تاکیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد. ئەوان بەرلەتیرۆرکردنی شاپور و قابیل لە هۆڵی میدیا هەوڵی تیرۆری هەندێ چالاکوانی ژن دەدەن، کە گیانبەختکردوو شاپور بەرەنگاریان دەبێتەوە و کارەتیرۆریستیەکەیان هەڵدەوەشێنێتەوە. بێگومان پارتی و ئیسلامیەکان لەوە ئاگاداربوون. دەسەڵاتی پارتی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی دژی تیرۆری ئیسلامیەکان نەبوو. گیانبەختکردوان شاپور و قابیل دوو سەرکردەی دیاری چالاک بوون، ئەوان دوو نەیاری بەهێزیان هەبوو، یەکەم پارتی کە هەوڵی لاوازکردن و کەمۆکردنی ئەوان و بزوتنەوەکەیانی دەدا، دووەم ئیسلامیەکان کە داواکاری و بانگەشەی ئەوانی پێ لادان و کوفر بوو، بەمجۆرە لەناوبردنیان بەپێی شەرعی ئەوان ڕەواکرابوو. هەروەها گرنگە ئاماژە بەوەبکەین، کەوا پارتی دژی کرانەوە و ئازادی تاکەکانە، چونکە ئازادی و پرەنسپە دیموکراسیەکان دژی بوونی دەسەڵاتی نادیموکراسیانەی ئەوانە، بۆیە لەو ڕوانگەیەشەوە پارتی سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی لەلا گرنگ بووە.
بەداخەوە تیرۆرکردنی مافخوازان شاپور و قابیل لە ١٨ی ئەپریلی ١٩٩٨ دا ڕوویدا، لەو ژینگەیە ڕوویدا کە گوزارشتمانکرد. بەپێی دانپێنانی یەکێ لە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، دان بەوەدا دەنێ کەوا سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی بەناوی( بیلال سلێمان )سەرپەرشتی چالاکی تیرۆرکردنەکە دەکات، چوار چەکداری ئیسلامی بۆ تاوانەکە دەنێرێ کە تاوانەکە ئەنجام دەدەن. واپێدەچێ بزووتنەوەی ئیسلامی بەپلانی دیاریکراو و ڕێکخراو بڕیاری تیرۆرکردنەکەی داوە، چونکە گینابەختکردووان بەپێی بڕوای شەریعەی ئەوان دژی ئیسلام بوون و لەناوبردنیان جیهادبووە، بۆیە ئەو پلانە بەئەگەری زۆر لەبازنەیەکی فراوانتری سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوە ئیسلامیە گوتنی لەسەرکراوە.
تیرۆرکردنەکە بۆ پارتی سوودی خۆی گەیاند، چونکە ئەو بزوتنەوەچالاکەی ئەوانی شەلکرد و ئیدی پارتی لەو لایەنە پشتی لێکردەوە. ئەوسا دەسەڵاتی پارتی رێگەی پرسەی هاوڕێیانی شاپور و قابیلی نەدا، کە لەسلێمانی بۆیان کرا، هەروەها ڕێگەی بە لایەنگرانی ئەوان نەدا بۆنە سازکەن و پرۆتستۆی تاوانەکە بکەن. بۆئەوەی گومانەکان لەسەرخۆی لابەرێ پارتی بەیانێکی ڕووزەردی دەرکرد.
بێگومان لەبەرئەوەی پارتی دەسەڵاتی هەولێری بەدەستەوە بووە لە ئاسایشی خەڵکی ئەو دەڤەرەی ژێردەستی بەرپرسیاربوو. لەبەر ئەوەی پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی بەرژەوەندی تایبەتیان لە نەمانی ئەو چالاکوانە نەترسانە هەبوو، بەئەگەری زۆر دەسەڵاتدارانی پارتی چاوپۆشیان لە جووڵەی تیرۆریستە ئیسلامیەکان کردووە، ئەگەر هاوکاریشیان نەکردبن. مەلا بەشیر ڕۆڵی گرنگی لەناوزەدکردنی ئازادیخوازاندا هەبوو و کوشتنیانی بەجیهادێکی ڕەوا دادەنان لەژێر چەتری پارتی پارێزگاری لێکرا و پشتگیری لێکرا. بۆیە هەڵسوکەوتی پارتی دوای تیرۆکردنەکە و کاردانەوەی لاوازی لە گرتن و سزادانی تاوانباران ئاماژە بەوە دەکەن.
بۆپێشەوە: لاتان وایە چۆن دەکرێت، تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆرستیە و نەخشەداڕیژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟
شاخەوان شۆڕش: دوو مرۆڤی خەباتگێڕی بەرگریکار لەمافی ئاوارە و بێکار و کرێکاران بەڕۆژی ڕووناک لە شاردا لە ١٨ی ئەپریلی ١٩٩٨ دا تیرۆر دەکرێن. کاردانەوە و لێپێچانەوەی پارتی کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوابوو چیبوو؟ دەگوترێت دوو کەسی ئیسلامی دەستگیرکراون، وە دەگوترێت ئەوانە لەسەر تاوانی دیکە سزادراون. واتە پارتی وەکو دەسەڵاتی ئەوێ هەر چوار کەسە بکەرەکەی نەگرتووە، سەرکردەی ئەوسای بزووتنەوە (بیلال سلێمان)ی نەگرتووە کە یەکێک لە تاوانبارەکان ئاماژەی بۆدەکات. لێکۆڵینەوەی لەسەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ ساغکردنەوەی ڕاستیەکان نەکردووە. دەسەڵات نە ئەوسا و نەئێستا ئامادە نییە گرنگی بەو لایەنە بدات. لەوەگەڕێ کە بەرپرسانی پارتی خۆیان دەستیان ڕاستەوخۆ لە کارە تیرۆریەکە هەبووە یا نا بڤەیە. ئەوانە هەمووی گومان دەخەنە سەر مامەڵەی پارتی لەگەڵ تاوانەکەدا. لەلایەکیتر لەکۆمەڵگەیەکدا کە یاسای دادوەرانە سەروەر نەبێ، دادگا دەسەڵاتی نەبێت و سەربەخۆ نەبێت، میلیشیا حوکم بکات، لێکۆڵینەوەی یاساییانە و دادوەرانە بەداخەوە هەرگیز ڕوونادەن. ئاشکرایە گرتن و دادگاییەکەی ئەوسای دەسەڵاتی پارتی بە بەرژەوەندی حزبی دەورە درابوو، پارتیانە و گوماناوی بوو، بۆیە هەرگیز ڕەوا و دادوەرانە نەبوو و ناشتوانی لەکەشێکی ئەوهادا دادوەرانەبێت. لەو ژینگەیەدا کە لەجەنگەڵێکی کۆنەپارێزدا نقوومبوو ئارەزووناکرێ راستیەکان ئاشکرابکرێن و تاوانباران بدرێنە دادگا. بەکورتی لەسایەی دەسەڵاتی دیسپۆتی میلیشیادا دادوەری نییە، ئەگەر دادگا هەشبێت بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵاتی میلیشیا دەجووڵێ.
٢٢ ساڵ دوای تاوانەکە باشوری کوردستان تائێستا خاوەنی حکومەتێکی بەکردەوە یەکگرتوو و نیشتیمانی نییە، خاوەنی دەستورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو نییە، دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەوز هەریەکەی لە ئاشێک لێدەکەن، وەکو پێشوو بنەماڵە و حزبی خاوەن میلیشیا فەرمانڕەواییان بەدەستە، پەرلەمان لاوازە و کارتۆنیە، دەسەڵاتی دادوەری ناسەربەخۆیە و داواکاری گشتی ناوێرێ توخنی ئەو کێشانە بکەوێ کەبە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانەوە بەندن. دیارە سەرانی پارتی بانگەشەی سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەیی دەکەن، بەڵام بۆ لەئاست تاوانبارانی راستەقینەی تاوانەکە تائێستا بێدەنگە؟ بۆ درێژە بە داپۆشینی چۆنیەتی تێوەگڵانی خۆی لەتاوانەکەدا دەدا؟ چاوپۆشین و پەراوێزکردنی کەیسە مافخوراوەکان، وە چاوپۆشی لە تاوانباران پەیوەندیان بە نکۆڵیکردن لە دادوەری هەیە کە تایبەتمەندیەکی دیاری دەسەڵاتی دیسپۆتی خێلگەرایە. بێگومان ئەگەر دەسەڵاتێکی دیموکراسی و دادوەر و مافپەروەر هەبوایە، دەبوایە ئەو کەیسە زیندووبکرێتەوە، لێکۆڵینەوەی بەرفراوان و چڕ بکرێن، راستیەکان ساغ بکرێنەوە و تاوانباران بگیرێن و بدرێنە دادگا. بەداخەوە ئەو بنەما گرنگەی بێلایەنی و دادوەری بوونی نییە، بۆیە ناڕیالیستانەیە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بکەین لەسایەی دەسەڵاتێکی ناڕەوای نادیموکراسیدا کەیسەکە زیندووبکرێتەوە و تاوانباران سزای دادوەرانە وەرگرن.
بۆپیشەوە: یەکێک لەکارە هەرە بەرجەستەکانی هاوڕێیان شاپوور و قابیل بەدەستهێنانی کۆمەکی پێداویستی ژیان بوو بۆ ئاوارەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس، ئەمڕۆ بەجۆرێک لە قەیرانی پەتای کۆڕۆنۆدا لە کوردستان ئەم کۆمەککردنە پێویستی هەیە، دوای ئەوەی خەڵک لەماڵەوە کەرەنتینە کراون و حکومەتی هەرێمیش بێدەربەستە لە وەڵامدانەوە بەدابینکردنی گوزەرانی خەڵک بەتایبەت هەژاران. چۆن ئەم بەراوردە دەکەن.
شاخەوان شۆرش: گیانبەختکردووان شاپور و قابیل لەنزیکەوە لەگەڵ ئازارەکانی نەدار و لێقەوماوان دەژیان، وەکو دوو مرۆڤی خاوەن بەرپرسیاری بەپێویستیان زانی لەنەبوونی و بارودۆخی نالەباری ئاوارەکان بێدەنگ نەبن، گرنگی بە کێشەکانیان بدەن و داخوازیەکانیان بگەیەننە دەسەڵاتی شەقوشڕی کوردی کە دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی داهاتی کوردستاندا گرتبوو و لەئاست بژێوی خەڵکیدا بەرپرسیاربوون. ئەوسا باشوری کوردستان خاوەنی دەیان کۆنتراکتی نەوتیش نەبوو و سەرمایەدارەکان بازاڕیان کز بوو. ئێستا چینی کەمدەرامەت و نەدار بەگشتی ژمارەیەکی زۆر پێکدەهێنن، جگەلە دانیشتوانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ئاوارەش هەن. لە باشوری کوردستاندا دەیان هەزار ئاوارەی ئێزدی هەن کە لە تاوانی گەلکوژی شەنگال و دەوروبەری ڕزگاریان بوو و ئێستا دوور لە زێدی خۆیان ئاوارەن و لە تراومای دوای گەلکوژیدا دەژین. هەروەها دەیان هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان هەن کە لە هێرشی پاکتاوی تورکیای فاشیست ڕزگاریان بووە و پەنایان هێناوەتەبەر باشوری کوردستان، هەروەها بەهەزاران ئاوارەی باکوری کوردستان هەن کە لەکەمپی مەخمور لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە لەژێرچاودێریدان. پێویستە بیریبخەینەوە کەوا ئێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانی رۆژئاواوە بۆ ئاوارەکان هاوکاری دەکرێن. جگەلەوانە بەشێکی زۆر و دیاری کۆمەڵگە کەمدەرامەتە، لەبەر بێکاری و وەستانی کارگە و شوێنەکانی کارکردن بەهۆی کەرەنتینی پەتای کۆرۆنا. ئەوانە هەموو ئەو چینە کەمدەرامەت و نەدار و هەژارە پێکدەهێنن کە پێویستیان بە خۆراکی ڕۆژانە و باشترکردنی گوزەران و باری تەندروستی و کۆمەلایەتی هەیە. دیارە بژێوی ژیانی ئەو خەڵکە هەمووی لە ئەستۆی حکومەتی ئێراق و هەرێمدایە.
گرنگە بیری بخەینەوە باشوری کوردستان وڵاتێکی بەپیتوفەڕە و لەسەر دەریای سامانی سروشتی و نەوتدایە، ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت لە سامانی سروشتی گەل دەردەهێندرێت و دەفرۆشرێت، بۆیە باشوری کوردستان و حکومەتی ئێراقیش هەژارنین لەراستیدا، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەربردنی سامانی گەل لەلایەن چەند بنەماڵە و حزبێکی کۆنەپارێزی دینی و ناسیونالیستیەوە وڵاتەکە خراوەتە ژێر قەرز و داڕزێندراوە. پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە کەوا بەرزکردنەوەی داواکارییە سەرەتایەکانی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان لەئەستۆی هەر پارت و ڕێکخراوێکە کە خۆی بەپارێزەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاران و کەمدەرامەت و هەژاران و ئاوارەکان دەزانێت. لەساتوکاتێکی ئەوهادا بێگومان ئەو بۆشاییە گەورەیەمان دەکەوێتەبەرچاو کە بەنەمانی کەسانی چالاکی وەکو گیانبەختکردووان شاپور و قابیل دروستبووە.
دیارە لەگەڵ بوونی ئەو ڕاستیەی کەوا کرێکاران و کەمدەرامەتان بەبێ بوونی کار ناتوانن گوزەران بکەن، وە پێویستی ناچارییان بە هاوکاری دەسەڵاتداران هەیە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم هیچ بەرنامەیەکی هاوکاری بۆ ئەو خەڵکە پی نییە! سەرانی دەسەڵاتی هەردوو بەرەی زەرد و سەوز خاوەنی ملیارەها دۆلارن کە لەداهاتی دزراوی گەل بەیەکەوەیان ناوە، مانگانە بەدەیان و ڕەنگە سەدان ملیۆن دۆلار دەدەنە کۆمپانیا بێگانەکانی دەرهێنانی نەوت، بەڵام بۆ چینەهەژارەکەی کوردستان دەستیان بەتاڵە و هیچیان پێ نییە! گەل سامانە سروشتیەکەی لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە دەدزرێت، بەلام دەبێ لەبرسان و بەزەقی چاویان چاوەڕوان بن، بەڵکو ئەوە دونیایە دەزگا ساختە خێرخوازەکانی دەسەڵاتی خێڵگەرا بێن یارمەتیان پێبگەیەنن.
ئەو کیشەیە نەتەنها کیشەی چینی کرێکاران و کەمدەرامەتی کوردستانە، ئەوە کێشەی هەموو کۆمەڵگەی کوردستانە، کە پێویستە دامەزاراوانە و لە ئاستی دەوڵەتدا چارەسەر بکرێت، پەرلەمان بودجەی تایبەت تەرخان بکات و پەسندکات، وە هاوکاری ناکایی بگەیەندرێتەخەڵک. کە ئەوە ڕوونادان بەڵگەی ئەوەیە ئەو بنەما دامەزراوەیی و دەوڵەتیە نییە و بزرە. هاوکاری بێکار و کەمدەرامەتان خێرنییە بەخەڵکی بکەن، چونکە لەداهاتێکەوە دێت کە هی خەڵک خۆیەتی. ئەگەر پارتە بەناوچەپەکان لەترسی مووچەکانیان ناوێرن داخوازیەکانی خەڵکی کەمدەرامەت و ئاوارەکان بەرزکەنەوە، بێگومان پێویستە ڕەگەڕێکخراو و ڕێکخراوە کرێکاریەکان و پیشەیەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگی لێنەکەن و داواکانی ئەو چینە پەراوێزخراوەی باشوری کوردستان بەرزکەنەوە و وەکو گیانبەختکردووان شاپور و قابیل خەباتیان بۆ بکەن.
 
 
ڕێککەوت: ١٣/٤/٢٠٢٠
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.