جەلیلی رەزایی: مەلا بەشیر دوێنێ بە ڕیش و پەشم و عەمامەوە فتوای دەدا، ئەمڕۆ بە قات و بۆێباخ و ڕیشی دروێنە کراوەوە پۆستی باڵای هەیە لە حکومەتی عێراق. ئەگەر ڕۆژێک یاسای ئینسانی سەروەر بێت، زۆربەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتن ڕاپێچی دادگا دەکرێن.

0
جەلیلی رەزایی: مەلا بەشیر دوێنێ بە ڕیش و پەشم و عەمامەوە فتوای دەدا، ئەمڕۆ بە قات و بۆێباخ و ڕیشی دروێنە کراوەوە پۆستی باڵای هەیە لە حکومەتی عێراق. ئەگەر ڕۆژێک یاسای ئینسانی سەروەر بێت، زۆربەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتن ڕاپێچی دادگا دەکرێن.
دیمانە لەگەڵ جەلیلی رەزایی بە بۆنەی ٢٢ هەمین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دا
 
 
بۆپێشەوە: شاپور و قابیل، لەلایەن باندێکی ئیسلامیەوە تیرۆکران، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و ژینگەیەک کە پارتی سازی کرد بوو، لاتان وانییە کە پارتیش بەشدارە لەو کردەوە تیرۆریستیەدا؟
جەلیل ڕەزایی: یەکەم، دەسەڵاتدارانی هەولێر هەرگیز خۆشحاڵ نەبوون لە وجودی حزبی کۆمونیستی کرێکای لە هەولێر بە بەردەوامی هەوڵیان دەدا بەناوی یاساوە سەرێشەیان دروست دەکرد بۆ حزب و جەریدەکان حزب و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، مەیدانی هەڵسوڕانی هاوڕێیان شاپور و قابیل لە هەولێر و لە ژێر دەسەڵاتداری پارتی بوو، نوکی ڕمی خەباتی ئەوان دەمێک بوو لە دڵی بەرپرسانی هەولێر چەقیبوو، ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەوان، کۆبونەوە و کەڕنەڤاڵی یەکی ئایار و هەشتی مارس و ڕیکخستنی کرێکاران و بێکاران و لەشکری چەوساوە و خەلکی برسی هەموو ڕۆژێک ئاسایش و ئارامشی لە کورسی دەسەڵاتی هەولێر بزواندبوو. بەربەرکانێ و شەڕی شاپور و قابیل لەگەڵ دەسەڵاتداران بە شێوەی ئاشکراو دەستەویەخە بوو. هێزە ئەمنیەکانی هەولێر بە چڕی چاودیری هەڵسوڕانی ئەوانیان دەکرد.
دووەم، ئەوان لە سنوری دەسەڵاتداری پارتی و لە جەرگە شاری هەولێر و لە دوای فتوای مەلابەشیر بۆ کوشتن کۆمۆنیستەکان، تیرۆر کران. بەرای من ئەگەر دەست و پەیوەندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق خۆشیان ڕاستەوخۆ دەستیان نەبوبێت، ئەوا بانگەشەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان لە سەر فتواکەی مەلابەشیر و کەمتەرخەمی هێزە ئەمنیەکان ڕێ خۆشکەر بوون بۆ ئەو کارە تیرۆریستیە.
سێهەم، لە دوای کارەساتەکەش سیستەمی ئەمنی و ڕاگەیاندن و خەسەخانەش وەکو پێویست هەنگاویان نەنا و بە پشتگوێخستن هەنگاویان نا، بۆیە ئەوکارەساتە هێندە قوڵ و هەتا ئێستاش زۆر بە ناڕونی ماوەتەوە.
بۆپێشەوە: چ بیرەوەریەکی تایبەتیان لەگەڵ هاوڕێیان شاپور یان قابیل هەیە؟ جەلیل ڕەزایی: لەو ماوە کورتەی کە هاوڕێ شاپور لە نزیکەوە لەگەڵ ئێمە بوو، من زۆر شتی لێوە فێر بووم، مێتۆدی خەباتی شاپور تایبەتی و سەرنجڕاکێش بوو بۆ من، ڕۆژێکیان پێموت شاپور ئەگەر بەم نەفەسە بەردەوام بێت لە خەبات و کاری حزبی، کۆنگرەی داهاتو دەبی بە سکرتێری گشتی حزب، لە وڵامدا وتی: “سکرتێری گشتی حزب چییە؟ من هاتوم شۆڕشی کرێکاری بەڕێخەم” .
بە زمانێکی سادە و ڕەوان و بە تیشک خستنەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکحش جیاوازی چینایەتی و خەباتی چینایەتی رون دەکردەوە بۆ هاوڕیانی بەشی چەکداری حزب، بە هەڵسوکەوتی سادە و ساکار فێری جۆرێکی تر لە داب و نەریتی دەکردین کە زۆر جیاواز بو لەوەی کۆمەڵگە.
بۆپێشەوە: لاتان وایە چۆن دەکرێت تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە و نەخشە داڕێژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟
جەلیل ڕەزایی: لە چوارچێوەی ئەم نیزام و دەسەڵاتە عەشیرەتی و نادادپەروەرانەی پارتی و یەکیەتی ئەستەمە حەقانیەت کەیسێکی لەم چەشنە بسەلمێنیت. ئەم شەراکەتە مافیایەی کە دەستی بەسەر کوردستاندا گرتوە بە شێوازێک ئاراستەکراوە کە سکاڵا کردن لە مەحکەمە وەک ئەوە وایە کە شەکوا لە کوڕ بکەێت لە لای باوک، کەس ناتوانێت هێچ کەیسێک بجوڵێنێت ئەگەر لەبەرژەوەند خۆیان نەبێت.
مەلا بەشیر باشترین مەحەکە بۆ هەڵسەنگاندن پێکهاتەی دەسەڵات لە کوردستان و عێراق، تیرۆریستێکی دڕندە و بێ هەوسار ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پلەو پایەی بەرز دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ وەستانێک لەسەر کارنامەی ئێستا و ڕابردوی بکرێت، مەلا بەشیر دوێنێ بە ڕیش و پەشم و عەمامەوە فتوای دەدا، ئەمڕۆ بە قات و بۆێباخ و ڕیشی دروێنە کراوەوە پۆستی باڵای هەیە لە حکومەتی عێراق. ئەگەر ڕۆژێک یاسای ئینسانی سەروەر بێت، زۆربەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتن ڕاپێچی دادگا دەکرێن.
باشترین چارە ئەوەیە خەبات بکەین بۆ ڕاماڵینی ئەمانە و دامەزراندنی ئەو شۆڕشە سۆسیالیستیەی کە شاپور لە پێناویا گیانی بەختکرد. شاپور و قابیل دوو ڕێبواری ئەو بەرەنگاریەن، کە پێیوایە بە درێژایی مێژوو سیستەمی کۆمەڵگەی چینایەتی نامۆ بووە بە ناخی مرۆڤ و لەسەر چەوساندنەوەی ئینسانەکان و دەستدرێژی بۆ سەر سروشت و سەرجەم بونەوەرەکانی تر دامەزواوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم نیزامە ناڕەزایەتی و ورەی شۆڕشگێڕانە هەبووە و هەزاران کەس لەم پێناوەدا گیانیان بەختکردووە، قابێل و شاپور دوان لەوانەنن. هیچ دادپەروەریەکی ناو ئەم سیستەمە ناتوانێت خەسارەتی گیان لەدستدانی ئەوان پڕکاتەوە، تەنها بە شۆڕشی کۆمۆنیستی دڵی ئێمە ئەسرەوێت، ئەوکاتەش یادی قابیل و شاپور و سەرجەم گیانبەختکردوان بەرز ڕادەگرین.
Leave A Reply

Your email address will not be published.