دەستەکانتم وێدە
دەستەکانتم وێدە
دەستەکانتم وێدە
من لەنێو تارمایەکانی خامۆشیدا چاوەڕێتم
لەبەردەم ئەسرینی گوڵ فرۆشێ وەستاوم
بەدوای چرا دزراوەکەی باخچەدا دەگەڕێم
کلیلی هەموو دەرگاکانم بۆ هێناوی
دەستەکانتم وێدە
سپێدەیەک لەو دیو ماڵی تاریکیەوە
چاوەڕێتە،
لە پشتی دیوارە پیرەکان سەردەربێنە
لە نێو دەستەکانتدا پەنجەکانت کۆکەرەوە
کەزی قاچەکانت بکەرەوە
من بۆ نیگایەک چاوەڕێتم
دروشمی چاوانتم وێدە
لەکۆڵانەکانی شاروچکەی شیعری مندا
هەرچی ئەسپی ئاشقە تەراتێنێ دەکات
هەرچی گوڵە سەما بۆ کەمانجەدەکات
گەروی وشەی کوکوختی کێویم
لەسەربەرزترین پەنجەی دارچناری
ئەم تاریکیە
گمەگم بۆ ڕوناکی دەکات
تا درەنگ نەکەوتوە و
دەستەکانمان پڕ نەبوون لە پیری
دەستەکانتم وێدە
لەو دیو خەرەندی زەمین لەرزەوە
لەژێر چادرێکی تاریک تاریک
لەبەردەم شاخێکی داروخاودا
دەستێک چاوەڕێتە
ڕێگایەک لە پێشوازیتدا
بڵندگۆیەک تینوی چرپتە
هەنگاوەکانت گورچکەوە
لەوێستگەدا دەرگا لەسەر پشت
شەمەندەفەرێک،چاوی لێتە
لەسەر ڕایەخی بەردین
لە بناری ماڵێکی داروخاو
لەوێ مناڵێک
ئێشکگری میهرەبانیتە
دەسا تۆش باوەشی میهرەبانی وێدە
دەستەکانتم بۆ نوسینەوەی داستانە دزراوەکان وێدە
بۆ تێکەڵ بوونی ئەو کانیاوەی
بەگەروی وشکی شمشاڵ دا تێدەپەڕین
بۆ ئەوپەنجە لەرزۆکانەی
بەهێواشی ئەستێرەی لەکراسی شەودا دەنەخشاد
دەستەکانتم بۆ ژەنینی دڵۆپەی باران و
سەمای گوڵە گەنم وێدە
من ئێستا لاسارم لاسار
ژیلەمۆی باوەگوڕ گوڕم
من ئێستا نێوچەوانێکی چورچو لۆچم
پڕاوپڕم لەژیلەمۆ
وەک کورەی بەردین
مشتم پڕە لەبەرد
چاوەکانم تژین لەچرا و
گەروم وەک سەدای هەورە و
ئاسمانم پەلکەزێرینە
ئەرێ تۆش
دەستەکانتم بۆ نوسینەوی
سرودێکی تازە وێدە
دەستەکانتم وێدە
هەتا تەراویلکە نەبوە بە شۆڕەبی و
ڕوبار نەبوە بەشمشێرو
خیزی نەبوە بە تەزبیحی دەستی وشەو
گوڵە گەنم نەبوە بە خورما و
تارای بوکێنی نەبوە بەکفنی پاکیزە
هەتا و هەتا
چرا نەوتیەکەی ئەم شارە تاریکە
نەبۆتە گڕی جەستەی ژن
ژن نەبۆتە فرمێسکی ئەوین و
ئەوین نەبۆتە خەونی کۆچ و
کۆچ نەبۆتە مەرگی ونبون
دەسا تۆش
دەستکانتم بۆ نوسینەوەی
شیعرێکی تازە وێدە
فوئادعزیز 2018