د. گۆران عەبدوڵا: کاردانەوەی و هەنگاوەکانی حکومەت لە باشوری کوردستان، ئەوەندەی بەرنامەیەکی ئەمنی و سەربازی بوو، هێندە پلان و بەرنامەیەکی تەندروستی و مرۆڤانە نەبوو…

0
د. گۆران عەبدوڵا: کاردانەوەی و هەنگاوەکانی حکومەت لە باشوری کوردستان، ئەوەندەی بەرنامەیەکی ئەمنی و سەربازی بوو، هێندە پلان و بەرنامەیەکی تەندروستی و مرۆڤانە نەبوو…
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز د. گۆران عەبدوڵا سەبارەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس…
 
 
بۆپێشەوە: لەزوربەی وڵاتانی دنیادا، باری نائاسایی ڕاگەیەنراوە، خەڵک لەیەک دابڕێنراون، یان کەرەنتینە کراون، پەیوەندی کۆمەڵایەتی فیزیکی هەڵپەسێردراوە، ئەم دۆخە چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی ئینسان دەبێت؟
د.گۆران عەبدوڵا: دابڕانی خەڵک لەیەکتر کاریگەریەکی گەورەی دەروونی دەبێ بۆ سەر مرۆڤەکان. ئاشکرایە ئینسان بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و بەبێ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر، تووشی دەیان کێشەی دەروونی و جەستەیی دەبێ. بۆیە ناکرێ ئەم دۆخە بەردەوام بێ. دڵنیام مرۆڤایەتی ڕێگای تەندروست دەدۆزێتەوە بۆ بەردەوامی لە پەیوەندیکردن بە یەکترەوە.
بەڵام مەترسی گەورەی ئێمەومانان ئەوەیە کە ڕژێمە سەرکوتکەرەکان ئەم دۆخە بەکاربهێنن بۆ سنوردارکردنی ئازادییەکان. ڕژێمە دیکتاتۆریەکان بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێدەچێ دۆخی درم و پەتا بەکاربهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە کۆبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری. لە کوردستانیش لە ماوەی ڕابوردوودا بینیمان کە دەیان ڕووداو هەبوون کە پێویستی بە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەری هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە نەکرا. بۆیە هیوادارم پەتاکە بە زوویی کۆتایی پێبێ بۆ ئەوەی ئەوەندی تر کێشەکان کەڵەکەن نەبن.
بۆپێشەوە: کەرەنتینە کردنی شار و شارۆچکەکان و هاوڵاتیان، بە بێ زامنکردنی ژیان و گوزەرانیان، چۆن لێک دەدەنەوە؟
د.گۆران عەبدوڵا: کاردانەوەی و هەنگاوەکانی حکومەت لە باشوری کوردستان، ئەوەندەی بەرنامەیەکی ئەمنی و سەربازی بوو، هێندە پلان و بەرنامەیەکی تەندروستی و مرۆڤانە نەبوو. بینیمان چۆن وەزارەتی ناوخۆ لەناکاو باری نائاسایی و قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند، بەبێ ڕەچاوکردنی بارو گوزەرانی خەڵک و باری دەروونی هاوڵاتیان. بینیشمان چۆن ئەمە وایکرد کە قەڕەباڵغیەکی زۆر دروست ببێ بۆ کڕینی خواردن و شت و مەک. ئەم قەڕەباڵغیەش بۆ خۆی هۆکارێک بوو بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشیەکە. هاوکات قەدەغەی هاتووچۆ هۆکارێک بۆ برسیکردنی خەڵک و نەدانی مووچە. لە کاتێکدا دەسەڵات دەیتوانی میکانیزمی شیاو دابنێ بۆ ئەوەی ڕێگری بکا لە برسیبوونی خەڵک.
بۆپێشەوە: هاوڵاتیان و خەڵکی بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت پاریزگاری لە تەندروستی و ژیانیان بکەن، لەبەرامبەردا بەشی زۆری دەوڵەتەکان دەیانەوێت پارێزگاری لەسەرمایە و کۆمپانیاکانیان بکەن، چۆن دەڕواىنە ئەم جیاوازییە؟
د.گۆران عەبدوڵا: بەڵێ، ڕژێمە سەرمایەدارەکان ئەوەندەی لە خەمی زەرەرنەکرنی ئابوری و نەکەوتنی بازاڕەکانن، هێندە لە خەمی خەڵک نەبوون. لە کوردستانا بینیمان خەڵک چوونە دەرەوەی لە خۆی حەرام کرد، بە ئارەزووی خۆی بازاڕ ناکا، سەیران ناکا، ئاهەنگ ناگێڕێ، پرسە دانانێ، منداڵەکانی نانێرێ بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەریشدا دەبینین، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانا بەردەوامە لە ناردنی نەوتی خاو بەجۆرێک کەس نازانێ داهاتەکانی چی لێدێ. بۆیە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتی ئاسایی زۆر بە توندی جێبەجێکرا بەڵام بۆ جووڵە بازرگانیەکانی ئەوان هیچ کێشەیەکیان نەبوو.
ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە ڕوونی دیارە. وڵاتێکی سەرمایەداری وەکو ئەمریکا لە سەرەتاوە بە جیددیەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ پەتاکە نەکرد. هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو ئیدارەکەی دۆناڵەد ترەمپ نەیدویست زەرەر بە ئابوری ئەمریکا بگەینێ. بۆیە ڕێگاکانی خۆپاراستنی وەکو قەدەغەی هاتوچۆ دواکەوت. ئەوەبو دەبینین بەچی جۆرێکی سەخت نەخۆشیەکە لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.