مەحمود دەرویش و نهێنی یەکی شاراوە ..؟!
مەحمود دەرویش و نهێنی یەکی شاراوە ..؟!
جەمال نوری
پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ کچیکی جووی ئیسرائیلی، دیارترین چیرۆکی ژیانی مەحموود دەروێشە، کە لە شیعرەکانیدا بە(ریتا) ناوی هێناوە. دەروێش سێ شیعری زۆر جوانی بۆ(ریتا)هەیە، بەناونیشانەکانی “(ریتا و تفەنگ)” و (“زستانی درێژی ریتا”) و (“ریتا خۆشتبوێم”.) بەڵام هەمیشە (ریتا )پرسیاریک بوو کە تا دوای مردنی (دەروێش) ئاشکرا نەبوو. کەس نەیدەزانی( ریتا) کێیە، خەڵکی کوێیە، بوونی هەیە یان کارەکتەرێکە شاعیر دایهێناوە.
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە، (مەحموود دەروێش) ئەندامی حزبی کۆمیونیستی ئیسرائیلی (راکاح) بوو، گەنجێکی بیست ساڵان بوو، لە ئاهەنگێکی ئەو حیزبەدا چاوی بە (ریتای) تەمەن ١٦ ساڵ دەکەوێت کە سەماکار بوو، لەوێوە خۆشەویستییان دەستپێدەکات.
ریتا لە باوکێکی پۆڵەندی و دایکێکی رووسییە، لە ئیسرائیل دەژیان. بەڵام لە جەنگی حوزەەیرانی ١٩٦٧ ریتا پەیوەندی بە سوپای ئیسرائیلەوە دەکات لە دژی عەرەب و فەلەستینییەکان، کە ئەمە پێچەوانەی رێچکە نیشتمانیی و ش
ۆڕشگێرییەکەی( دەرویشە)، ئەو جەنگە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی (ریتا و مەحموود دەروێش)، هەر لەو ساڵەدا دەروێش (یەکەم شیعر بۆ ریتا )دەنووسێت، بە ناونیشانی “(ریتا و تفەنگ”،) کە لە خوارەوە دەقی کوردی شیعرەکەم داناوە.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٥ مەحموود دەرویش لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکی جووی ئیسرائیلیدا هەبووە، بەڵام نەیوت کە( ریتایە). لە چەندین چاوپێکەوتنیش پرسیار لەبارەی ریتاوە پرسیار لە دەروێش کراوە، بەڵام هیچی لەسەر ئاشکرا نەکردووە.
ساڵی ٢٠٠٨ (دەروێش) کۆچی دوایی کرد و ئەو چیرۆکە بە شاراوەیی ماوەیەوە، تا لە ٢٠١٤ وێنەگر و دەرهێنەری ئیسرائیلی-عەرەب( ئیبتیسام مەراعینە) لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریدا لەبارەی چیرۆکی ژیانی( مەحموود دەروێش،) کەسایەتی (ریتای )ئاشکراکرد و خودی( ریتای) دۆزییەوە، کە ناوی راستەقینەی (تەمار بن عامییە )و لە (بەرلین )نیشتەجێیە. فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی تەلئەبیب خەڵاتی جەماوەری پێبەخشرا.
ریتا، چیرۆکی خۆشەویستییەکە کە جەنگ بەسەریدا زاڵ بووە و بەزاندوویەتی، من لێرە ئەو شیعرەم وەرگێڕاوە کە لەپاش پەیوەندی ریتا بە سوپای ئیسرائیلەوە مەحموود دەروێش دەینووسێت، بە ناوی “ریتا و تفەنگ”:
لەنێوان ریتا و چاوەکانم.. تفەنگێک
ئەوەشی ریتا دەناسێ، دەنوشتێتەوە و
نزا دەکات
بۆ خواوەندێک لە چاوە هەنگوینییەکاندا
من ریتام ماچ کرد
ئەو کاتەی بچووک بوو
من لەیادیشمە چۆن پێمەوە لکا و
جوانترین قژی لوول باسکمی داپۆشی
من ریتام لەیادە..
وەک چۆن چۆلەکەیەک جۆگەکەی لەیادە..
ئاه .. ریتا
ملیۆنێک چۆلەکە و وێنە و
جێژوانی زۆر لەنێوانمان هەیە
فیشەکێکی پێوەنا تفەنگێک..
ناوی ریتا جەژنێک بوو لە زارم
جەستەی ریتا زەماوەندێک بوو لە خوێنم
منیش ونبووم لە ریتادا، دوو ساڵ
ئەویش لەسەر دەستم نوست، دوو ساڵ..
لەسەر جوانترین پەرداخ بەڵێنماندا و
سووتاین لە شەرابی دوولێوان
دوو جاریش لەدایک بووین..
ئاه.. ریتا
چ شتیک چاوەکانمی لەئاست چاوەکانت داخست
جگە لە دوو سەرخەو و
پەڵە هەوری هەنگوینیی
پێش ئەم تفەنگە..
هەبوو نەبوو
ئەی بێدەنگی ئێوارە
ماهم لە بەربەیاندا دوور هیجرەتی کرد
لە چاوە هەنگوینییەکاندا
شاریش، هەموو گۆرانیبێژەکان و ریتاشی راماڵی..
لەنێوان ریتا و چاوکانم.. تفەنگێک..!
———————————–سەرچاوە/
مجلە المرصاد عدد 279 بقلم
د، محمد غسان