بەشێكی تر لەدەقی   سەرم خەریكە چەقۆ دەگرێت 

0

بەشێكی تر لەدەقی  

سەرم خەریكە چەقۆ دەگرێت 

 

سەرم  خەریكە  چەقۆ دەگرێت

من  ماتترین  پیاوی  ئەم  زەمەنەم

گێلترین  شاعیری 

ئەم  سەدەیەم

وێنە لەگەڵ  هەركەسێكا  دەگرم

دوای  چەند ڕۆژێك

تەواو دەبێت

 

نازانم  ئەم  ڕەشەبایە

خویی  منی  گرتووە

یان  لەئەزەلەوە  من  بەسەر  شكاوی

لەدایك  بووم

قاچم  ێشێت  چاوم  ڕێگاكان  نابینێت

ئەمەندە  كاسم  

ئەدرێسەكەی  خۆم  لەبیر چۆتەوەو

 

سەرم  خەریكە  چەقۆ دەگرێت 

نەهەورێك  دڵخۆشیەكم  دەداتەوە

نەئاوێك  جەستەم  پڕدەكات لەخۆی

خودایە ئەم  غەڵبە  غەڵبە  ڕاگرە

بەگەورەیی  خۆت پڕمانكەرەوە

لەگۆرانیە سەوزەكانی  ئەوساوو

وورتە  ورتەكانی  ئەو نیوەشەوانەی

كەلەبەر  چرایەكی  كزدا  دادەنیشتین و

حیكایەتی  كوڕە ئازاكەمان بۆیەكتری  دەگێڕایەوە

 

سەرم  خەریكە چەقۆ دەگرێت 

ئەمەندە پڕم  

لەئێوارانی  گۆڕستان و  بەیانیانی

ئەم  مەزاتخانەیە

خەریكە  ئەدرێسەكەم  لەبیر دەچێتەوەو

وەك  جاران  لەئاوێنەدا  سور  هەڵناگەڕێم

 

ڕایگرە  خودایە  ڕایگرە

ئەم دەنگە  دەنگە  كەبەدرزی  پەنجەرەكەمدا  دێتە  ژوورێ

لەپیاوێكی  سەرخۆش  دەچێت

نەمن  دەتوانم  باوەشێكی  پیاكەم و

نەئەویش  ئەتوانێ  پێمبڵێت  سەرم  دێشێت

ئەم  دەنگە  دەنگە  كوشتومی و

سەرم  وەك عەرەبانەیەكی  بەتاڵ  بەتاڵ

بەدوای  خۆیدا  ڕادەكێشێت

 

دایكم  بیرمدەكات و

منیش دەستم  گرتووە  بەهەردووچاومەوەو

بەدەم  خەوەوە  لەگەڵ  خۆمدا  قسەدەكەم

ڕایگرە  خودایە  ڕایگرە 

لەدەنگە دەنگی 

ئەم  فێڵستانەم  جیاكەرەوەو

بارانێكم  بەسەردا  ببارێنە

 

نازانم  بۆئەوەندە  ئولفەتم

بەگۆڕستانەوە  گرتووەو  خەریكە  بەتەواوی

فێری  زمانی  مردوەكان  دەبم

بەلای  هەرمردویەكدا  دەڕۆم 

دەستم  بۆبەرز دەكاتەوەو

بەئیشارەت  پێمدەڵێت

وەرە  با  پێكەوە   وەك  ئێوارە  نارنجیەكانی

ئەوسا  بارانێك  بنوسینەوە

چرایەك  بۆ كۆترە  تەرەكان  هەڵكەین

ڕایگرە  خودایە ڕایگرە 

سەرم  خەریكە چەقۆ دەگرێت 

…………..

 

میرزا

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.