عوسمان محەمەد: گومان ئەکرێ ئەم ڤایرۆسە دەستکرد بێت، بۆ مەبەستی ئابووری و سیاسی نێوان زلهێزەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و ملدان و ملکەچکردنی یەکتر لەبەرامبەر سیاسەتەکانیاندا …

0
عوسمان محەمەد: گومان ئەکرێ ئەم ڤایرۆسە دەستکرد بێت، بۆ مەبەستی ئابووری و سیاسی نێوان زلهێزەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و ملدان و ملکەچکردنی یەکتر لەبەرامبەر سیاسەتەکانیاندا …
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و کۆمۆنیست عوسمان محەمەد سەبارەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس…
 
بۆپێشەوە: ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوە دەرچووە هەر ئەزمەیەکی تەندروستی بێت، بەڵکو بۆتە قەیرانێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟
عوسمان محمد: بەڵێ وایە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ئەوەندە لە هەوڵی مەسەلە کۆمەڵایەتیەکەیەیە زۆر گوێی بە ڤایرۆسەکە نەداوە. ئەوەندەی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی بۆ دروست بووە ناپەڕژێتە سەر ئەوەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بکات. سەدەها خێزان ئێستا تەنها نانیشیان دەستناکەوێت، نەک گشت پێویستیە ڕۆژانەکان کە زەرورەتێکی گرنگە بۆ گەشەی فەسلەجی و مرۆڤ. ئەم هەلومەرجە گەلێ لە دەورانی چارەکە مووچە خراپترە، ئەوکات بە ٣٠ بۆ ٤٠ ڕۆژ شتێ پارەت هەردەست ئەکەوت بۆ ئەوەی درێژە بەژیانت بدەیت، بەڵام ئێستا ئەوەش نییە، بەتایبەت بۆ ئەو کرێکارانەی لە هیچ جێگایەک مووچەیان نییەو ئەگەر ڕۆژێ کار نەکەن ئەوە هیچیان نییە بیخۆن. ئەم بارە ناهەموارە ئابووریە دەیان کێشە و شەڕ و گرفت لەگەڵ خۆی دێنێ. ئەوە کێشەی خێزانی ڕۆژانە بەردەوامە هەموو ڕۆژێ، چەندەها جار منداڵەکان داواکاریان هەیە، تۆش دانیشتووی دەستەپاچەی خۆت هەڵئەسەنگێنی. پڕۆسەی ئەم کێشەیە ئەگات بەوەی هەست و سۆزی ئینسانی ڕۆژی چەندەها جار پێشێل بکرێت. ئەو پەیوەندیەی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە یان لەنێوان منداڵ و دایک و باوکدا هەیە ئەگاتە بنبەست. لەلایەکی ترەوە زۆرێک لەو کرێکار و زەحمەتکێشانەی کرێنشنین، خاوەن خانووش داوای کرێی خۆی ئەکات، ئا لێرەشەوە ئاژاوەی گەورە دروست ئەبێت، چونکە دەسەڵاتداران تا ئێستا هیچ یاسایەکی ڕوونیان دەرنەکردووە بۆ ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە، بەڵام داواکارن لە خاوەن موڵکەکان کە بەزەییان بێتەوە بە کرێنشینەکانیان و کرێکەیان بۆ کەم بکەنەوە. ئەم کێشانە و چەندەها کێشەی کۆمەڵایەتی تر چەندین شەڕ و ئاژاوەی لێئەکەوێتەوە کە پێشتر بوونی نەبووە. ڕۆژبەڕۆژ بێکاری لە جیهاندا زۆرتر ئەبێت بەجۆرێک کە پەیوەندی بە وەڵامدانەوە و جۆری ڕێکخراوبوون و ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشەوە هەیە لە بەرامبەر ئەگەری ئەو هێرشەی سەرمایەداریدا بەجۆرێک کە ژیان لەپێش و پاش ڤایرۆسی کرۆنا جیاوازی ئەبێت. لە زلهێزترین وڵاتانی سەرمایەداری جیهانی کە ئەمەریکایە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بێکاری بگاتە ٣٥٪.
بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە رێکاری وڵاتەکان بۆ ڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا؟
عوسمان محمد: لەباری سیاسیەوە کەئەم ڤایرۆسە هات و گەشەی کرد، هیچ وڵاتێ لەجیهاندا پێشبینی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نەدەکرد، بۆیە گومان ئەکرێ ئەم ڤایرۆسە دەستکرد بێت و بۆمەبەستی ئابووری و سیاسی نێوان زلهێزەکان بێت بۆیەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و ملدان و ملکەچکردنی یەکتر لەبەرامبەر سیاسەتەکانیاندا. ئەگەر سەیری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بکەن لەلایەن وڵاتانی جیهانیەوە ئەبینی کەمتەرخەمیەکی یەکجار زۆر لە ئەمەریکا و ئەوروپادا بەدیدەکرێت. هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین و دەرمانی چارەسەر لە ئاستی زۆر نزمدایە. هەموو کەسێ ئەم کەمتەرخەمیەی دەسەڵاتداران ئەبینێ و ئەبیستێ، زۆرێک لە وڵاتان بیمەیان بۆکرێکارانی بێکار بڕیوەتەوە وەک فەرەنسا و ئەمەریکا و چین و ئوستورالیاو …تاد. بەشێک لە خەرجی بێکارانیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان.
بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان گوێی خۆیان کەڕکردووە لەئاست ئەم گرفتە، بەمەرجێ چەندین کەناڵ و دەزگای هەواڵ ژیان و گوزەرانی ئەو خێزانانە ڕووماڵ ئەکەن، بەڵام دەسەڵاتداران ئەڵیی نەبایان بینیوە و نەباران. بەمەرجێ دەسەڵاتدارانی کوردستان لەهەموو حزبە بۆژوازیەکان کەمیان لە ملیۆنێر و ملیاردێر نییە؟ ئەگەر خەزێنەی حکومەتتان هەمووی هەڵڵوشی خۆ پارەیەکی زۆرتان لە ئەمەریکا و ئەوروپا هەیە، ئەتوانن چەندین ساڵ خەڵکی کوردستان بژێنن. ئەی بۆ ئەم ئەرکە ناگرنە ئەستۆ بیمەیەک بۆ کرێکاران ببڕنەوە؟ چونکە فشاری ڕێکخراو نییە لە سەریان! بۆیە ئەیانەوێ بەخێر و سەدەقەی خێرخوازان ئەم دەورەیە تێپەڕێنن. دوایین سەدەقە پارەی پەرلەمانتارانی پارتییە کە ئەیبەخشن بەبێکاران، ئەمەش ڕێچکەیەکی سیاسیە کە ئەیانەوێ خەڵکی کوردستان پەنا بۆ پاڕانەوە بەرن و کەرامەتیان بشکێنن و دایانتەکێنن لە گیانی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ. …وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەر لەسەرەتاوە وتی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەنیازی یارمەتی ئەمەریکا نەبن، چونکە پارەی زۆر و گەورەی سەرکردەکانیان لەگەڵ سەرمایەی ئەمەریکا ململانێ ئەکات. لەکەم وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکادا هەیە کە سەرمایەکانیان لە کارا نەبێت.
تەنانەت بەرنامەی (من سیربح الملیون) پرسیاری ئەوە کرا کە حزبی دیموکراتی ئەمەریکا دەوڵەمەندترە یان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق؟ کابرای میوان حەپەسا و وتی بەدڵنیاییەوە حزبی دیمکوکراتی ئەمەریکا. جۆرج قەرداحی پێکەنی و وتی وەڵامەکەت هەڵەیە پارتی دیموکراتی کوردستان دەوڵەمەندترە. کابرای میوان هەر زۆر سەیری پێهات کە ئەم هەموو پارەیە لای حزبێکی کوردی هەبێ کە چەند ساڵێکە ئەو هەرێمە پێکهاتووە. کەچی هەر ئەو حزبانە ئەپاڕێنەوە لە خەڵکی سەرمایەدار کە خێر و سەدەقەو بەهەژاران بکەن و فێرە سواڵیان بکەن. بەڵام کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخواز نابێ ئەم هەلومەرجە قبوڵ بکەن، وەڵامی گرنگ ئەوەیە کە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن لە گەڕەک و ئەو شوێنانەی تاوەکو ئێستا کاریان تێدا نەوەستاوە.
بۆپێشەوە: لەبەرامبەر بە بێدەرەبەستی یان نەبوونی ڕیکاری کاراو پیویست لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی هاوڵاتیان و بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان؟
عوسمان محمد: دیارە سیستەمی سەرمایەداری لەو قەیرانانەی دێت بەسەریدا چی قەیرانی ئابووری یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان سروشتی بێت، پێش ئەوەی بیر لەچارەسەرێکی ئینسانی ئەو قەیرانە بکاتەوە، یەکسەر بیر لەوە ئەکاتەوە کە چ سیاسەتێک گونجاوە بۆ شکاندنەوەی ئەو قەیرانە بەسەر خەڵک و چینی کرێکاردا، ئیتر چەندی خەڵک تیا ئەچی و چەندی ئەمرێ و چەندی بێکار ئەبێت. پرۆسەی ئەم قەیرانەش چەندی گیروگرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک ئەهێنێ، گرنگ ئەوەیە لای سەرمایەداران بەکەمترین زەرەر بێنە دەرەوە لێێ. ئەوەتا ئەبینین لە پێشکەوتووترین وڵاتانی ئەوروپادا ناتوانن چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزنەوە، هەرکەسێ کە توشی ئەبێت لەماڵەوە ئەیهێڵنەوە تا ئەگات بەوەی پێویستی بە ئامێری هەناسەدان ئەبێت ئنجا ئەیبەن بۆ نەخۆشخانە، ئنجا ئەویش ئەگەر شانسی هەبێ ئەو ئامێرەی بەرکەوێ. هەوڵ و تەقەلایان بۆ چاکبوونی ئینسانەکان ڕێکارەکان کە گرتوویانەتە بەر بۆ پاراستنیان گەلێ لاواز و کەمتەرخەمە. بەگوێرەی ئەو مامەڵانەی کە دەیبینین و دەیبیستین کە بەئەنقەست ئەیانەوێ ئەو هەلومەرجە ناهەموارە درێژەی هەبێ، چونکە ئەیانەوێ ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی ٦٠ ساڵەوەیە بەڕێژەیەکی باش کۆتاییان پێبێت، لەبەرئەوەی پارەیەکی زۆریان بۆ خەرج ئەکەن ساڵانە و هیچ سوودێکیشیان بۆ دەسەڵات نەماوە. ئەم یاسا و ڕێسایە بەتەنها لە باخچەی ئاژەڵان بوونی هەبووە! ئەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش هێنایە ناو مرۆڤایەتیەوە. ئەمانە بۆزیاتر قازانجکردنی خۆیان ئامادەن تەنانەت ئۆکسجینیش ئەگەر پێویست بکات لەمرۆڤی ببڕن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا.
لەبەرامبەر ئەم دڕندەیی و بیروبۆچوونە ئاژەڵییەی سەرمایەداریدا، بەتەنها یەکگرتووکردن و یەکڕیزی چینی کریکار و جەماوەری ناڕازییە لە ڕێکخراوی جۆراوجۆردا، وە لە ڕشتە جیاجیاکان و ناوەندی کرێکاری و جەماوەریەکاندا. ئەم ڕەشەبایە کە هەڵیکردووە هەموومان ئەگرێتەوە، کەس ناتوانێ بڵێ من دەست بەکڵاوەکەی خۆمەوە ئەگرم نەیبا، چونکە کڵاوێک نامێنێتەوە ئەم ڕەشەبایە نەیفڕێنێ. بۆیە یان بێکار ئەبیت یان کرێ کەت دێننە خوارەوە، یان پێداویستیە ڕۆژانەکانت ئەوەندە گران ئەبێت کە لە ١٠٪ ی کۆمەڵگە توانای کڕینی نەبێت یان باج لەسەرت زیاد ئەکەن یان کرێی خزمەتگوزارییەکان لەسەرت زیاد ئەکەن. ئیتر بەهەر جۆرێک پریشکی ئەم ئاگرەت بەرئەکەوێ شوێنێک لە جەستەت ئەسووتێنێ.
دیارە ئەحزابە کۆمۆنیست و چەپ و ڕادیکاڵەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ڕابەر چالاکەکانیان ئەبێ لەم نێوەدا دەوری کارگەر و بەرجەستەیان هەبێت بۆ ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردنی ناڕەزایەتیەکان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.