بەشێك لەدەقی… سەرم خەریكە چەقۆ دەگرێت
بەشێك لەدەقی
سەرم خەریكە چەقۆ دەگرێت
لەسەر من ڕامەوەستە
ئەمەندە لەدرزی دیوارەكانەوە
تەماشای ڕێگاكان مەكە
دەستت لەگیرفانت بێنە دەرەوەو
داڵغەیەك بەبۆنو بەرامەی بارانەوە لێدە
چاوەڕوانی من مەكە
من خۆمم دابەش كردووە بەسەر چەند
كەسێكا
دەستی چەپم بەخشیوەتە باوكم
چاوی ڕاستم خستۆتە گیرفانی هێلەكەكەی دایكمەوە
نیوەی خوێنم جەستەم
پۆست كردووە بۆمردوەكان
لەسەر من ڕامەوەستە
من كەبەڕێگادا دەڕۆم بیر لە ئاو دەكەمەوە
حەزدەكەم دەستەكانم پڕبێت
لەئاگر لەسەرمەوە چەقۆ بكەوێتە خوارەوە
ئەوەندە باسی گۆڕەو شارم بۆمەكە
من دەمێكە بەسەر قەراغی شمشێرەكاندا
بەپێخاوسی ڕۆشتوم و نەش كەوتومەتە خوارەوە
من خەو بەپێچەوانەوە دەبینم
بەبێ چاو وێنەی چاوە شینەكانی مریەم
لەسەر كەمەری دار بەڕوەكان هەڵدەكۆڵم
گریانی چۆلەكە ژیردەكەمەوە
حوزنی قەلەباچكە لەئاو هەڵدەكێشم
زەردەخەنەی
ئاسكێكی عاشق بەدەرگای ماڵەكەماندا
شۆڕ دەكەمەوە
ئەوەندە بیرلەمن مەكەرەوە
من لەبەر خاتری خوا وێنە لەگەڵ
تابوتا دەگرم
بەسەر قوائانەكانا بەپێخاوسی
ڕادەكەم
من ئێستا لەدەرەوەی خۆمدام و
ئەمەوێت نیوەی جەستەم فێری چەقۆ بازی بكەم
نازانم بۆئەوەندە پڕم لەگۆرانی
گۆڕستان
بۆئەوەندە بیر لەپردی سیڕات دەكەمەوە
حەزدەكەم ئەدرێسەكەم بگۆڕم
ژمارەی پۆستەكەم
پێنج پەنجەی چاوی مناڵێكی. سواڵكەربێت
سەرم مەێشێنە
بائەوەندە بەدرزی شەقامەكانی
ئەم زەمەنە سیلاویەدا
شۆڕنەبمەوەو
بەڕوتی بەمەزاتخانەكاندا نەگەڕێم
تكایە لەسەر من ڕامەوەستە
كە لەگۆڕستان گەڕامەوە
بۆنی ئارەقەی
لاملی مردویەكی زۆرزانت
لەگەڵ خۆمدا بۆدەهێنم
بەكچێكی تازە كوژراو دەڵێم ئەها ئێرەت
پڕكرد لەتاوانی سورهەڵگەڕاو
لەفرمێسكی سوتاو
ئێرە چۆڵكە
ئەم زەمەنە گوناهی كچە ئەتكراوەكانی پیادەچۆڕێتەوەو
گوێچكەی ئێمەشیان بەحرفە نەیاوەكان
قان قانداوە
نازانم بۆئەوەندە لەپردی سیڕات دەترسم
حەزدەكەم لەئێستاوە خۆم فێری
فێڵی شمشێرەكانی خوابكەم و
لەسەر دیوارەكانی جەهەنەم
بەخەتێكی گەورە بنوسم
مردن لێرە قەدەغەكراوە
بەئەمری خوا
ئەوەندە چاوەڕوانی من مەكە
من لەوێستگەیەكدا گیرم خواردوە
خۆشم نازانم كوێیە
سەرم مەێشێنە
بۆگەنی خەڵكی ناو ئەم مەزاتخانە
هەراسانیان كردوم
سەرم خەریكە چەقۆ دەگرێت و
تۆش داوای قسیدەیەكی سێكسیم
لێدەكەیت
…………..
میرزا
٢٨/ ٣/ ٢٠٢٠