دەمەتەقێی ئەحەو چەکدارێکی دەمامکدار

0

دەمەتەقێی ئەحەو چەکدارێکی دەمامکدار

شوێن: هەولێر/شاری قەڵاو منارە/پایتەختی هەرێمی کوردوستان

 

 

دیمەنەکە: چەند چەکدارێکی دەمامکدار، بە فەرمانی سەرووی خۆیان دەنێردرێنە سەر ئەحەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس. تاوانی ئەحە هەر ئەوەندە بووە کە  بینیویەتی حکومەت موچەی خەڵکی بڕیوەو تەنانەت دەستی چووەتە موچەی مچەو فەلە شەلیش. ئیتر ئەمەی پێ قەبوڵ نەکراوەو ویستوویەتی شەقامی بۆ بجوڵێنێ. مچەو فەلە شەل هەردووکیان کەم ئەندامن. مچە هەر بە زگماک چاوێکی نەبووە. مچە خاوەنی ٣ منداڵ بووەو ڕۆژێکی سەرەتای بەهار وەختی کنگران چووە بۆ ئەوەی هەندێک کنگر هەڵکەنێ و بیان فرۆشێ و بە پارەکەی شیر بۆ منداڵە شیرە خۆرەکەی بکرێت لەبەرئەوەی فاتەی خێزانی شیری نەبووە لەبەر ئەوەی ئەویش تووشی بەدخۆراکی بووە. لەو ڕۆژەدا مچە یەکەمین پیشکی دادەگرێت بۆ ئەوەی کنگرێک هەڵکەنێ، بەڵام لە باتی کنگر یەک مینی سەردەمی بەعس لەوێدا دەبێ و دەتەقێتەوە و مچە هەردووک قاچی لەدەست دەدا. واتە مچە ئێستا  چاوێک و دوو قاچی نییە.

فەلە شەلیش وەختی خۆی لە دیوی ئێرانەوە بۆ بژێوی ژیانی کەل و پەلی هێناوە بە قاچاخ. بەڵام ڕۆژێکیان دەکەوێتە ناو کەمینی “جاشەکان” ی سەردەمی بەعس و تەقەی لێ دەکەن و دەست بەسەر بارەکەی دا دەگرن و ئێسترەکەشی دەبەن. “جاشەکان”  وا دەزانن فەلە تەواو مردووەو لە خوێندا جووڵەی لێبڕاوە. بەڵام لە ڕاستیدا گوللەکان هەمووی لە دەست و شانی درابوون. ئەویش دوای چەندین واسیتەو هەوڵدانی زۆر تا بە نەشتەرگەری چاکیان کردەوەو بەڵام ئەویش هەردووک دەستی لەدەست داون.

جا کاتێ کە ئەحە ئەمە دەبێنی حکومەت بەناوی پاشەکەوتەوە موچەی هەموو ئەو مچەو فەلانەی بڕیوە، ئیتر ویژدانی تەحەمول ناکاو شەو و ڕۆژ خەوی لێ ناکەوێت. ئیتر دەست دەداتە بانگەواز بۆ ئەوەی خەڵک بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی و مووچەخۆرانی کەم ئەندام بە شێوەیەکی تایبەتی تر بڕژێنە سەرشەقامەکان و ئیتر قبوڵ نەکەن ئەو حکومەتە ئەو هەنگاوە نا مرۆڤایەتیانە بنێ..

بۆیە دەزگاکانی ئاسایشی نەتەوەیی حکومەت!! ئەم شێوە بانگەوازانە بە هەڕەشە دەبینن لەسەر ئاسایشی هەرێم و حکومەت. هەر بۆیەش چەند چەکدارێکی دەمامکدار لە ئێوارەیەکی درەنگاندا دەنێرنە سەر ئەحەو لەکاتی نان خواردنی ئێوارەدا لەسەر سفرە ی نان خواردن بە بیجامەکەیەوە دەیبەن.

ئەم دەمەتەقەیەی خوارەوە لە نێوانی چەکدارە دەمامکدارەکەو ئەحەو دایکی ئەحەدا درووست دەبێت:

چەکدارە دەمامکدارەکە:

فەرمانم پێیە، ئەحەی زۆڵەوەڕ

ئەمشەو دەتبەمە، ناو کونجی گەوەڕ

هەستە خێراکە، بە بیجامەوە

وەک تانجی ڕاکە، دەی بە دوامەوە

ئەحە:

دایە گیان وەرە، زووبە شاهید بە

بڵێ فەقیرەو،  ئەو کوڕەم مەبە

ئاخر نازانم، لەگەڵ کێ برۆم

نە ڕوخسار نە ناو، مەعلوم نییە بۆم

دایک:

ڕۆڵە گیان مەیبەن، کوڕ بێتاوانە

دیفاعکەرێکی، لێقەوماوانە

دەڵێ با مووچەی، خەڵکی ڕانەگرن

لەسەر شتی حەق، بۆڕیی لێدەگرن؟

چەکدارە دەمامکدارەکە:

فەرمانە فەرمان، هەقی چی دایە!

بۆ دەم داناخاو؟ بۆ دژ یاسایە؟

ئاخر گەر مووچەی، فەلە شەل بدرێ

ئەدی حکومەت، چی بۆخۆی هەڵگرێ

ئەگەر ئەحەی تۆ، دەمی دانەخا

ئەدی بندیوار، لە کوێ جێ ڕاخا

بۆ مچەی سێ سەر، ئەحە وا دەکا

دەوە من دەی بەم، با ئەو دیفاعکا

ئەحە: لێرەدا ئەحە ناچار ڕووی خۆی دەکاتە مچەو فەلەو هەموو ئەوانەی وەک و ئەوان کەمئەندامن و موچەیان بڕاوە:

مچە و فەلە شەل! بۆ ئێوەم واکرد

بۆ ئێوەومانان، خۆم خەتاوار کرد

دەردم لێنەبوو، عەیبم نەبوو من

وە خاتری خەڵکی، وابوومە دوژمن

ویژدانم ڕەحەت، شەو نەدەخەوت

کە حوکمەت موچەی، فەلەی کرد زەوت

دە حەقە ئێوەش، هەموو فەلەکان

لەحوکمەت بگرن، جادەو گەڕەکان

بێژن هەر کەسێ، وەک و ئەحە بێ

گەر ئێوە بیگرن، کەس قایل نابێ

هەڕەشەی توندو، کرداری بکەن

یان ئەحە یاخود، تەختیان وێرانکەن

 

تێبینی: ناوەکان ناوی خوازراون

شوان عەزیز

Leave A Reply

Your email address will not be published.