نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان!

0

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان!

بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان بەشێکی بەرچاو لە کرێکارانی کوردستان پێكدەهێنین. سەرچاوەی ژیانی خۆمان و خێزانەکانمان تەنها ئەو رۆژانەیەیە کە لەرێگەی فرۆشتنی هێزی بازووی خۆمانەوە پەیدای دەکەین. ئێستا بەبۆنەی ئەم هەلومەرجە سەختەوە کە بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناوە روبەڕووی کۆمەڵگاکەمان بوەتەوەو قەدەغەی هاتوچۆ وەکو رێکارێکی کۆمەڵایەتی- تەندروستی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە گیراوەتەبەر، ئێمە سەرچاوەی ژیانمان لەدەستداوەو روبەروی بارودۆخێکی سەختی ژیان و گوزەران بووینەتەوە. نەك هەر توانای کڕینی کەلوپەلی خۆپاراستنمان نییە، بەڵکو توانای بەڕێچوونی ژیانی رۆژانەی خۆمان و خێزانەکانمان نەماوە!
لە هەر کۆمەڵگایەکی هاوچەرخدا، دەوڵەت بەرپرسە کە لەحاڵەتی کارەساتدا بڕێك بودجە بۆ روبەروبونەوەی دابنێ و بەشێك لەو بودجەیە بۆ ئەو کەس و خێزانانەیە کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە تووشی زیان دەبنەوە. لەم پرسی کۆرۆنایەدا، هەموو وڵاتەکان و حکومەتەکان بڕێك بودجەیان تەرخانکردوە، کە بەشێکی بۆ هاوکاری خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکانە. بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم، لەوبارەوە هەنگاوی جدی و بەرپرسیارانەی نەناوە، بێجگە لەوەی دوا لە کۆمەڵێك دەوڵەمەند بکات و خێرو سەدەقە بە خەڵك بکەن.
بەڕیزان، ئێمە داوای خێر ناکەین، داوای ماف دەکەین. ئێمە کاتێك بە کارەکانمان ژیانی خۆمان و هاوسەرو مناڵەکانمان دابین کردوە، ئێستا کارەکانمان لەدەستداوە بەهۆی کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی گشتیەوە، بۆیە ئەرکی حکومەتە کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیانمان نیشان بدات.
لەم سۆنگەیەوە داواکارین لە بەڕێزتان کە بە ئەرکی سەرشانی خۆتان هەستن بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆتان و بڕێكی شایستەی دارایی بۆ هەموو ئەو کەسو خێزانانە دەستەبەر بکەن کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە کارەکانیان و سەرچاوەی ژیانیان لەدەستداوە، کە بێجگە لە کرێکارانی بیناسازی، سەدان دەستفرۆش و کاسبکاری بچووک دەگرێتەوە. هاوکات داواکارین کە موچەی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەت بە زوترین کات خەرج بکەن، چونکە بەشێكی بەرچاوی ئەوانیش بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیانەوە تووشی سەختی ژیان بوونەتەوە!

 

دەستەی کارگێری
رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان
٢٤مارس٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.