حەسەن مارف: ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بەرەو ئەوە دەچوو خەڵک بێتەخاوەنی ڕاستەقینەی خۆی و شۆرش، ئەمە ترسی لای بەرەی کوردوستانی و بەعس و وڵاتانی ناوچەکە و بگرە ئەمریکا دروست کرد…

0
حەسەن مارف: ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بەرەو ئەوە دەچوو خەڵک بێتەخاوەنی ڕاستەقینەی خۆی و شۆرش، ئەمە ترسی لای بەرەی کوردوستانی و بەعس و وڵاتانی ناوچەکە و بگرە ئەمریکا دروست کرد…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ حەسەن مارف هەڵسوڕاوی چەپ و چالاکی ناوەندی تەندروستی و مەدەنی لە کوردستان، سەبارەت بە ٢٩ هەمین ساڵیادی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان و بەرگری بزوتنەوەی شورایی …
 
بۆپێشەوە: دوای ٢٩ ساڵ بە سەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستان، چۆن دەڕواننە ئەو کارەساتە سیاسی و ئینسانییە؟
حەسەن مارف: بەتێپەربوونی ۲۹ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتە پر تراژیدیایە من وا هەست دەکەم بۆ هەمیشە وتایبەت کە ساڵان وەرز وەردەچەرخێتەوە ساتە وەختی کارەساتەکە لەنێو کارەساتەکەدام. هەرچەندە ئەوەندەی لەوساڵانەی تەمەن بیرەوەریم کارەساتی مرۆیی و سیاسی سەریان هەڵداوە و ئاوارەی ملێونی خەڵکی کوردستان نەیەکەم کارەسات بوو نە دواین کارەسات بووە، هەرلەشەری ساڵی ١٩٧٤ و دواتر ئاشبەتاڵ وکیمیا بارانکردنی هەڵەبجە و شێخ وەسانان و ۰۰۰۰ هتد. پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال تا بە ئاوارەیی ملیونی خەڵک، بۆ هەمیشەیش لە دڵە راوکێداین چاوەڕوانی کارەساتی مرۆیی و سیاسی هاوشێوە دەکەین، لەبەرئەوەی حیزبەکانی باشوری کوردستان بەشێوەیەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ڕەوشەکان کردووە هەموو شتێکیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەکانیان. جا بۆیە بەکارەساتبارترین ڕووداوی سیاسی و مرویی دەبینین.
بۆپێشەوە: ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا، یەکێک لە کارەساتەکانی ترە کە بەسەر خەڵکی کوردستان هات، هۆکاری ئەم کۆڕەوە ملیۆنییە چی بوو؟
حەسەن مارف: هۆکاری ئەم ئاوارەییە بۆ چەند هۆکار دەگێڕمەوە: ۱- دوای ڕاپەرین و بەدەرنان و تۆڵەسەندنەوەی خەڵکی داخ لەدڵی کوردوستان و باشورو ناوەراستی عێراقیش لەدەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعس، وای لە خەڵک کرد ترسێکی گەورەیان لە گەڕانەوەی ئەم دام ودەزگایانە هەبێت، ئەگەر بەنیوە گیانیش بووبیت. ۲- ڕابردووی بەعس و دەزگا جاسوسی و سەرکوتگەرەکانی بەرامبەر خەڵک، ئەم ترسەی زیاتر کرد. ۳- ویستی حیزبە کوردیەکان و بەدیاریکراوی ئەوکاتە بەرەی کوردستانی کە هیچ سەنگ و قورساییەکیان نەلای ڕژێمی بەعس و نە لەناو خەڵکدا نەمابوو! بەم کارەساتە هەم سۆزی خەڵکیان بۆخۆیان ڕاکێشا، و خۆیان کردە نوێنەر و دەمڕاستی خەڵکی کوردستان، هەم لای بەعس و هەم لە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکاندا. ٤- ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بەرەو ئەوە دەچوو خەڵک بێتەخاوەنی ڕاستەقینەی خۆی و شۆرش، ئەمە ترسی لای بەرەی کوردوستانی و بەعس و وڵاتانی ناوچەکە و بگرە ئەمریکا دروست کرد.
بۆپێشەوە: نزیک مانگێک دوای ڕاپەرین و خرۆشانی خەڵکی کوردستان و وەدەرنانی هێزو دەزگاکانی ڕژێمی بەعس، چ خەڵکی کوردستان چ حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی نەیانتوانی لەبەرامبەر بە گەڕانەوەی سوپای تێکشکا و قەسابی کراوی بەعس بەرگری لەخۆیان بکەن، بە بۆچوونی ئێوە، بۆ خەڵکی کوردستان و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرگرییان نەکرد؟
حەسەن مارف: سەبارەت بەگەرانەوەی ڕژێمی بەعس بەدیاریکراوی مانگی نەبرد، ئەگەر کۆتا پڕۆسەی ڕزگارکردن بێنینە هەژمار، ئەوا لە ۲۱ی مارت کەرکوک ڕزگار کرا، وە ئەگەر دەستپێکی ڕاپەرینیش بێت ئەوا لە ٥ ی مارت لە ڕانیەوە سەری هەڵدا. من ئەمەوێت زۆر لەسەر ئەمە قسەبکەم دەمەوێت بچمەسەر ناوەڕۆکی پرسیارەکەت. دیسان بەرای من چەند هوکارێ هەبوون بۆ تێکشکانی بەرگری خەڵک و بەرەی کوردستانی لەبەرامبەر گەڕانەوەی سوپای بەعس و قەسابیکردنی خەڵکی کوردستان. بۆ هۆکار گەلێک دەگێڕمەوە: ۱-هێزی خەڵک نە هێزیکی ڕێکخراو بوو، نە پڕ چەک بوو، بگرە چەکە قورس و مام ناوەندەکان بەرەی کوردستانی دەستی بەسەرداگرت، و لەدەستی خەڵکیان دەرهێنا، و خۆیشیان وەک پێویست بەکاریان نەهێنا بۆ بەرگریکردن لە جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان.۲- بەرەی کوردستانی کە خۆی بەهێز و لەشکر و پێشمەرگەی خەڵکی کوردستان دەناساند! هێزیکی کەمی پەرتەوازەی بێ ئیرادە بوون و نە لەڕووی زهنی و نە لەڕووی سەربازیەوە ڕێک نەخرابوون ۳- بەرەی کوردستانی نەیتوانی دەستبەرداری دانوستان(مفاوەزە) ببێت لەگەڵ ڕژێمی بەعس. تەنانەت لە کاتی گەڕانەوەی سوپاکەی بەعس و لە خوێن هەڵکێشانی خەڵک ٤ –بنبڕنەکردنی تەواوی دەزگاجاسوسی و ئیستخباراتیەکانی وەک جاش و ئەمن لە کوردستان، هەروەها پەیوەستبوونی دووبارەی جاش و ئەمن و بەعسیەکان کۆمەکێکی گەورە بوو بە هێزی بەعس بۆ گەڕانەوە. ۵- بەهۆی دەزگا جاسوسی و ئیستخباراتیەکان ترسێکی گەورەیان لای خەڵک دروست کردبوو ٦ -پشتکردنە هێزی جەماوەری و لە هەندێک شوێن فێڵ کردن و خستنە تەڵەی ئەم هێزانە لەلایەن بەرەی کوردستانی! بە نموونە: قەساب خانەی چیمەن لەسەر ڕێگای کەرکوک و تاسلوجە لە بازیان.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.